ژووری بازرگانی سلێمانی 125 تۆن پەتاتەی جوتیاران دەکڕێتەوە

.

K24 - سلێمانی

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ پشتیوانیكردن لە بەرھەمی ناوخۆ و جوتیاران بڕیاریانداوە 125 تۆن پەتاتەی جوتیاران بكڕنەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە کوردستان24 رایگەیاند: "لە کۆبونەوەماندا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای کشتوکاڵی سلێمانی، بڕیارماندا وەک پشتیوانییەک لە بەرھەمی ناوخۆی جوتیاران ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی 125 تۆن بەرھەمی پەتاتە ناوخۆ بكڕێتەوە".

راشیگەیاند: "داوا لە تەواوی بازرگانان و سەرمایەداران دەکەین ھەرکەسە و لای خۆیەوە ھەستێت بە کڕینەوەی جۆرێکی بەرھەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی".

سەرۆکی ژووری بازرگانی، ئاماژەی بەوەشدا: "کڕینەوەی ئەو بەرھەمانە دوو ئامانجی ھەیە، یەکەمیان پشتیوانیەکی گەورەی جوتیارانە، دووەم ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت سوودی لێوەردەگرن و دابەش دەکرێتەوە بەسەر ئەو خێزانانەی توانای کڕینی يئەو بەروبوومانەیان نییە".

ئەم پێشنیارەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پاش ئەوەدێت کە جوتیاران نیگەرانی خۆیان پیشاندا بە ساغ نەبوونەوەی بەرھەمەکانیان و نەبوونی پشتیوانی پێویست لە بەروبوومەکانیان.