ئەمیتاب باچان تووشی کۆرۆنا بوو
K24 – هەولێر
ئەستێرەی نێوداری بۆڵیوود و جیهان، ئەمیتاب باچان تووشبوونی خۆی بە کۆرۆنا راگەیاند.
لە توویتێکدا ئەمیتاب ئەمڕۆ (شەممە، 11-7-2020) ئاشکرای کرد، تووشی کۆرۆنا بووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.
ئەمیتاب لەنێو خێزانەکەی خۆی بەتەنیا تووشی کۆرۆنا نەبووە، بەڵکو ئەبیشیک باچانی کوڕیشی دوای ماوەیەک لە توویتەکەی باوکی، ئاشکرای کرد ئەویش لەگەڵ باوکی پشکنینی کۆرۆنای کردووە و ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ دەرچووە.
ئەبیشیک دەڵێ خۆی و باوکی نیشانەی سووکیان هەیە. هەردوو ئەستێرەی دیاری بۆڵیوود دەڵێن پشکنین بۆ کەسوکار و ئەوکەسانەش دەکرێت کە کاریان لەگەڵدا کردوون.
راستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، زۆربەی هونەرمەندان و سیاسییەکانی هیندستان هاوسۆزیی خۆیان بۆ هەردوو ئەستێرەی بۆڵیوود دەربڕی.
ئەمیتاب باچان تەمەنی 77 ساڵە و لە حەفتایەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، یەکێکە لە نێودارترین ئەستێرەکانی بۆڵیوود و خاوەنی چەندین خەڵاتی سینەماییە.