خانەنشینێک لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەکەی لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

شاهێدحاڵێک چۆنییەتی گیانلەدەستدانی پیاوەکە بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات


K24 - هەولێر

خانەنشینێک، ئەمڕۆ لە بنکەیەکی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی لە سلێمانی لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەکەی گیانی لەدەستدا.

شاهێدحاڵێک لە شوێنی گیانلەدەستدانی خانەنشینەکە لە بارەی رووداوەکە بۆ کوردستان 24 دوا و چۆنییەتی گیانلەدەستدانی ئەو پیاوەی ئاشکرا کرد.

شاهێدحاڵەکە دەڵێ "بە دوو کەس قۆڵیان گرتبوو و هێنایان لەژێر دارێک دایاننا، کە پرسیمان چی بووە؟ گوتیان ئەو پیاوە گوتوویەتی دڵم ئازاری هەیە، ئیدی رایانکێشا و جامانەیەکیان بەسەر دەموچاویدا دا و، وردە وردە گیانی شین بووەوە و دوای نزیکەی چارەگێک بۆ نیو کاتژمێر گیانی دەرچوو".

لەکاتی رووداوەکە قەرەباڵغییەکی زۆر لەدەوری پیاوەکە دروست بووە، بەگوتەی شاهێدحاڵەکە "پۆلیسی بنکەکە خەڵکەکەیان دوورخستەوە و پەیوەندییان بە ماڵی پیاوەکە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن کرد".

پیاوە خانەنشینەکە ناوی جەبار غەفوورە و تەمەنی 73 ساڵ بوو، شاهێدحاڵان باس لەوە دەکەن کاتێک کەسوکارەکەی هاتوون بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە گوتوویانە، پێشتریش نەخۆش بووە. 

بنکەکانی پێدانی مووچەی خانەنشینی بەردەوام قەرەباڵغ دەبینرێن لەکاتی پێدانی مووچە، ئاکۆ ئەحمەد غەریب، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ "ئەگەر دابەشکردنی مووچە بە سەرە بێت، هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئێمەش باشە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مووچە دوادەکەوێت و ئەوان پێویستیان بە پارەکەیە، رۆژی دابەشکردنی مووچە هەموویان دێن و دەبێتە قەرەباڵغی".

 

هـ.ر.