یەك ملیۆن كەس لە ئوسترالیا بێ كار دەبن

بازاڕی كار لەو وڵاتە پەكی دەكەوێت

K24 - ھەولێر

بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بازاڕی كار لە ئوستڕالیا پەكی دەكەوێت و نزیكەی ملیۆنێك كەس بێكاردەبن.

بەگوێرەی نووسینگەی داتاكان لە ئوستڕالیا، لە چوارچێوەی ھەوڵەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بێكاری لە ئوستراڵیا بۆ بەرزترین ئاستی 20 ساڵی رابردووی بەرزبووەتەوە و ژمارەیان گەیشتووەتە 992.3 ھەزار بێكار، ئەوەش كاریگەرییە نەێنییەكانی ئەو ڤایرۆسە لەسەر تێكڕای دامەزراندن بە روونی دەردەخات.

ھەربەپێی داتا فەرمییەكان، لە ماوەی مانگی حوزەیراندا، تێكڕای بێكاری لە وڵاتەكە بەراورد بە مانگی پێشووتری بۆ 7.4% بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەرزترین تێكڕایە لەوەتەی تشرینی دووەمی 1998ـەوە تا ئێستا و بۆ ئەو مەبەستەش سكۆت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوستڕالیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئەو دۆخەی كە ئێستا تێیدان بەھۆی كۆرۆناوە، زۆر خراپترە لە پێشبینییەكان و ئابووری ئوستڕالیا ھەموو ھەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی لێكەوتە نەرێنیەكانی كۆرۆنا ببێتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە، ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر ئابووری جیھان بەگشتی جێھێشت و بێكاری و قەرزی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزكردەوە.