لە هەولێر ژنێک لە ماڵی باوکی بەدەستی هاوژینەکەی دەکوژرێت

K24 - هەولێر
لە هەولێر، ژنێک لە ماڵی باوکی بە گوللـە کوژرا و پۆلیس هاوژینەکەی بەتۆمەتی کوشتنی دەستگیرکرد.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24 راگەیاند: "دوای ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە بوونی رووداوێکی کوشتن لە قەزای دەشتی هەولێر لە بنەسڵاوە، دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا و گەیشتنە شوێنی رووداوەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ناوی ئەو ژنەی ئاشکرا کرد کە کوژراوە و، دەڵێ"هەنا حەمید لەتیف، لەلایەن مێردەکەی بەناوی (ک.ح.ج) کوژراوە و ھێزەکانی پۆلیس توانیان لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر تۆمەتبار دەستگیربکەن، بە پێی ماددەی (٤۰٥) لە یاسای سزادانی عێراقی".
کوردستان24 زانیویەتی رووداوەکە کاتژمێر 02:30ـی دوانیوەڕۆی دوێنێ (سێشەممە، 21-7-2020) روویداوە و پاڵنەری کوشتنەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە، بەهۆی ئەوەی ژنەکە داوای جیابوونەوەی کردووە لە هاوژینەکەی و ماوەیەک بووە بەو هۆیەوە کێشەیان هەبووە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 پیاوەکە حەوت گوللـەی بەڕووی ژنەکەیدا تەقاندووە.
ژن و پیاوەکە خاوەن سێ منداڵن، ژنەکە داوای جیاوبوونەوەی کردووە و زیاتر لە دوو مانگیشە دۆسیەکەیان لە دادگای باری کەسییە لە کەسنەزان، بۆیە ماڵی بەجێهێشتووە و لە ماڵی باوکی بووە، رووداوەکەش هەر لە ماڵی باوکی روویداوە.
