ئەوانەی بەسەختی تووشی کۆرۆنا بوون شاهێدی بۆ دڵسۆزیی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەدەن

دایە گێلاس: من وەکو پەڕۆم لێهاتبوو، بە هەفتەیەک چارەسەریان کردم
kurdistan24.net


K24 - سلێمانی

پزیشك و پەرستاران لەگەڵ ئەوەی تەواوی کاتەکانیان بەخشیوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چارەسەرکردنی تووشبووان، لەھەمان کاتدا بەردەوام چاودێریی تەندروستی ئەو کەسانەش دەکەن کە لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە، ھەر ئەمەش وایکردووە لە ئاستی جیھانیدا ستایشی کەرتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت.

پزیشک و پەرستارانی نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ، کە تایبەتە بە تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی، لە ھەفتەیەکدا سێ تاوەکو چوار جار سەردانی ماڵی ئەو کەسانە دەکەن، کە نەخۆشی بەتەمەنیان ھەبووە و توانیویانە بە سەرکەوتوویی چارەسەریان بکەن.

سامان فەیلی، پزیشکی نەخۆشییە گواستراوەکانە لە نەخۆشخانەکە و، دەڵێ "چوار بۆ پێنج نەخۆشمان هەبوون، کە بەتەمەن بوون و تەمەنیان لەنێوان 55 بۆ 70 ساڵ بوو، رەوشیان زۆر خراپ بوو و بە سەختی تووشی کۆرۆنا ببوون، ئەگەری مردنیان لەسەدا 90 زیاتریش بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا چارەسەری باشمان کردن، هەندێکیان پلازمامان بۆ بەکارهێنان و هەندێکیشیان بەپێی پرۆتۆکۆلە تازەکە، پرۆتۆکۆلی نیویۆرک کە بۆمان بەکارهێنان، رزگاریان بوو".

دایە گێلاس، تەمەنی 72 ساڵە و چەند نەخۆشییەکی درێژخایەنی ھەیە، لەو نەخۆشخانەیە چارەسەری بۆ کراوە و ئێستاش لەڕێگەی کوردستان24ـەوە باسی قۆناخەکانی تووشبوون و تیپەڕاندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دڵسۆزیی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەکات.

دایە گێلاس دەڵێ: "من کە بردرام بۆ ئەو نەخۆشخانەیە، پەڕۆیەک بووم، بەهەموو جۆرێک هەوڵیان لەگەڵدام. شەو تاوەکو کاتژمێر 02:00 بۆ 03:00ـی شەو من پزیشکم بە دیارەوە بووە، دەڕشامەوە و هیچم بۆ نەدەخورا، کەسیشم نەدەناسی، بڕوا بکەن ئەوەندە هیلاک بووم... کە بردیانم بۆ نەخۆشخانە دوای هەفتەیەک بەرەو باشبوون چووم".

 

هـ.ر.