دایکی 12 منداڵ، 11 رۆژە لە سلێمانی بێسەروشوێنە

K24 - هەولێر
ژنێک 11 رۆژە 12 منداڵی خۆی جێهێشتووە و بێسەروشوێنە، هاوسەرەکەی لەڕێگەی کوردستان24 داوای سۆراخی دەکات و دەڵێ، کچێکمی لەگەڵ خۆی بردووە، کچەکەم پەیوەندی پێوە کردووم و گوتوویەتی "فریامکەوە نەوەک بمفرۆشن".
ئەو ژنە ناوی کوردستان سلێمان خەلەفە، لەدایکبووی 1985ـە، 12 منداڵی هەیە و دانیشتووی ناحیەی کەسنەزانە لە هەولێر، کوڕی گەورەی تەمەنی 19 ساڵە و لە سلێمانی نیشتەجێیە، لەکاتێکیشدا لە ماڵی ئەو بووە، ماڵەکەی جیهێشتووە و تەنیا یەک کچی لەگەڵ خۆی بردووە، هەردووکیشیان 11 رۆژە ونن.
دونیا کەمال، یەکێک لە کچەکانی کوردستان، پەیوەندی بە کوردستان24ـەوە کرد و بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە گوتی دایکم چەند رۆژێکە ون بووە و کەس سۆراخی نازانێت، گوتیشی "هیچ کێشەیەکمان لە ماڵەوە نەبووە، کە هۆکار بێت بۆ رۆیشتنی دایکم".
کەمال مەقدید، هاوسەری ئەو ژنە، بە کوردستان24ـی راگەیاند هەر لەگەڵ ونبوونی هاوسەرەکەی، لە 9-8-2020 پۆلیسی سلێمانیمان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دیار نییە".

هاوسەرەکەی کوردستان باس لەوە دەکات ماوەی 20 ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە و هیچ کێشەیەکیان نەبووە، دەشڵێ "هاوسەرەکم خاوەن پێداویستیی تایبەتە، چونکە کاتی خۆی مینی پێدا تەقیوەتەوە، هەروەها نەخۆشیی دەروونی هەیە".
ئەو ژنە جگە لە کچێکی، بەگوتەی هاوسەرەکەی چوار هەزار و 500 دۆلار و بڕێک لیرەی تورکی لەگەڵ خۆی بردووە.
کەمال مەقدید دەڵێ، دوێنێ دیمای کچم کە لەگەڵ دایکیەتی، لەڕێگەی ڤایبەرەوە پەیوەندی پێوە کردم و گوتی "باوکە فریامکەوە، ئەگەر نەمگەیەی دەمفرۆشن. لەوکاتەشەوە من هەر دەگریم و دەترسم شتێکی بەسەر بێت".
هاوسەرەکەی کەمال گومانی بۆ هیچ سیناریۆیەک ناچێت لە دیارنەمانی هاوسەرەکەی و، تەنیا دەڵێ "مەگەر هەڵخەڵەتێنرابێت".

کوردستان24 چەند جارێک پەیوەندی بە پۆلیسی سلێمانی و کوردستان سلێمانەوە کرد، بەڵام هیچیان وەڵامیان نەدایەوە.
کەمال چەند دەنگێکی ڤایبەریشی بۆ کوردستان24 ناردووە، دەڵێ ئەوانە دەنگی هاوسەرەکینی لەدوای رۆیشتنی، کە دەڵێ "ئیشاڵا ئەوەی ماڵ و منداڵم لەمن دووردەخاتەوە، جەرگی بسووتێ". لە نامەیەکی دیکەشدا دەڵێ "هەتاوەکو یەکشەممە، هەرچۆنێک بێت هەر دێمەوە".
کەمال باسی لەوەش کرد ماڵی دایکی کوردستانیش وەکو ئەوان بەپەرۆشن و لەو رۆژەوە خەریکی گەڕانن، بەڵام "هیچمان دەستنەکەوتووە".