هاوردهكردنی كاڵا به قاچاغ و نایاسایی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بهردهوامه
K24 – سلێمانی:
رۆژانە لە بەشێک لە دەروازە سنووریەکانی پارێزگای سلێمانی، بەشێوەیەکی نایاسایی کەلوپەلی بازرگانی دەھێنرێتە ناو ھەرێمی کوردستان. ئەم کارەش ناڕەزایەتی بەشێك لە بازرگانەكانی لێکەوتوەتەوە. لەبەر ئەوەی کاڵای نایاسایی بە بێ وەرگرتنی باج دەھێنرێتە کوردستان. ئەمەش نا یەکسانی لە نرخەکاندا درووست دەکات. جگە لەمەش بەشێک لەو بەرھەمانەی دەھێنرێنە ھەرێمی کوردستان کەلوپەلی بەسەرچوو و بێ کوالیتین ئەمەش متمانەی ھاووڵاتیانی بۆ تەواوی بەرھەمە ھاوردەکان کەمکردووهتەوە.
شێخ مستەفا شێخ عهبدولڕهحمان، سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان گوتی: ھێنانی کەلوپەلی بازرگانی نایاسایی لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی بووهتە دیاردە و کێشەی بۆ بازرگانان درووست کردووە.
بەشێکی زۆری ئەو کەلوپەلانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەھێنرێن، بەرھەمی خۆراکی و کەرەستەی پزیشکی و دەرمان.
زیاد رەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: بۆ بنبڕكردنی ئەم دیاردەیە یاداشتێكی ناڕەزایەتیمان داوەتە حكومەت و پێویستە رێگری لەم كارانە بكرێت.
ھەرچەندە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بەردەوامی کاری بۆ رێکخستنەوەو بە یاساییکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکان کردووە، بەڵام بەپێ ئەو زانیاریانەی دەست "کوردستان24" کەوتووە، بەشێوەکی نایاسایی لە کاتژمێر 12 شەو تاکو 6 بەرەبەیان کەلوپەلی بازرگانی بەبێ پشکنین و کوالێتی کۆنترۆڵ لە ناو دەروازە سنوورییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەھێنرێنە ناو ھەرێمی کوردستان.