په‌رله‌مانتارێكی كوردستان: لە ئیبراھیم خەلیل مامەڵە بازرگانییەكان فەرمین، بەڵام لە باشماخ وانییە

هه‌وڵی نه‌هێشتنی جیاوازی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ده‌درێت
kurdistan24.net

K24 – سلێمانی:

لەربارەی جیاوازییە گومرگییەكانی نێوان دەروازی سنووری نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل و دەروازەی سنووری پاشماخ، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، لە لیژنەی دارایی یاداشتێكی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد. بە گوێرەی راپۆرتی ئەو ئەندامەی پەرلەمان، لە گومرگی ئیبراھیم خەلیل كارەكان و مامەڵە بازرگانییەكان فەرمین و بە گوێرەی رێكارە یاسایی و گومرگییەكان بەڕێوەدەچن و داھاتیش دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەت، بەڵام لە دەروازی باشماخ جگە لەوەی بەشێك لە مامەڵە بازرگانییەكان فەرمی نین؛ ئەو داھاتەی وەردەگیرێت كەس نازانێت دەچێتە گیرفانی كێ و ناچێتەوە ناو داھاتی گشتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: ئامادەكاریان کردووە لە ماوەیەکی نزیكدا سەردانی مەرزە نێودەوڵەتییەکان بکەن و بەدواداچوون بۆ ئەو كێشانە بكەن، كە بەھۆی دەستوەردانی ھەندێك بەرپرس و كەسی نێو حزبەكان لە دەروازەی سنووری باشماخ داھاتێكی زۆر دیار نامێنێت.

کامی کەمال، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل گوتی: ئێمە بەگوێرەی رێکارەکانی گومرگی کار دەکەین و باج و گومرگیش لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل بەگوێرەی یاسای گومرگی رێکخراوە. رێکارەکانیش لێرە بە توندی جێبەجێدەکرێن. مانگانەش داھاتی گومرگی دەروازە دیارە و دەگەڕێتەوە خەزێنە حکوومەت.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی کاری گومرگەکان و چارەسەرکردنی ئەو بێسەوبەرییەی لە گومرگەکان ھەیە، بڕیاری دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی چاودێری گومرگی داوە. لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە، حكومەت سەرقاڵی درووستکردنی ھەیکەلییەتی ئەم بەڕێوبەراییەتیەیە. وەزاتی دارایی و ناوخۆ بەرپرس دەبن لە درووستکردنی بەڕێوبەرایەتییەکە و راستەوخۆ ئەم بەڕێوبەرایەتییە چاودێری داھاتی گومرگەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات.