توركیا داوا لە رووسیا دەكات خۆی دوورخات لە خزمەت بە ئەجێندای پەكەكە و یەپەگە

توركیا ھەست بەنیگەرانی دەكات لە پێشوازیكردنی شاندەكە

K24 - ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، داوای لە رووسیا كرد، خۆی بەدووربگرێت لە ھەر ھەنگاوێك خزمەت بە لایەنەكانی پەیوەست بە پارتی كرێكارانی كوردستان لە سووریا بكات، لەوانەش یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، كە توركیا بە تیرۆریستی دەناسێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەك وه‌ڵامێك بۆ سەردانەكەی شاندی "ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات" بۆ مۆسكۆی پایتەختی رووسیا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا گوتی: توركیا ھەست بەنیگەرانی دەكات لە پێشوازیكردنی شاندەكە "لە سەر ئاستێكی باڵا" لە لایەن رووسیاوە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا جەختیكردەوە، لەوەی "ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات" پارتی كرێكارانی كوردستان و " یەكینەكانی پاراستنی گەل" سەركردایەتیی دەكات، كە توركیا بە لقێكی ئەوی دادەنێت لە سووریا.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئەو لایەنانەی تومەتباركرد بە چەوساندنەوەی خەڵكی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان، پەیڕەوكردنی رێبازێكی جوداخوازی، ھەڕەشەكردن لە یەكێتی خاكی سووریا و ئاسایشی وڵاتانی ھاوسێی بە تایبەتی توركیا، ئەو لایەنانەشی بە تیرۆریست ناوبرد.

راشیگەیاند: قەڵاچۆكردنی تیرۆر بە ھەموو شێوە و دیاردەكانییەوە و بەره‌نگاربوونەوەی ئەجێنداكانی جوداخوازی كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی وڵاتانی ھاوسێ دەگەیەنێت و ھەڕەشە لە یەكێتی خاكی سووریا دەكات، ئەركێكی گشتییە و لە ھەموو بڕیارە ھاوبەشەكانی كۆبوونەوەكانی "ئەستانا"دا تۆماركراون.

ھەروەھا گووتی: مەزندە دەكەین رووسیا بەپێی گیانی دانووستانەكانی ئەستانا و پابەندییەكانی رەفتار بكات و رێگا لەبەردەم ھەر ھەنگاوێك بگرێت، كە خزمەت بە ئەجیندای ئەو لایەنانەی پەیوەستن بە "پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل"ی تیرۆست".

لە كۆتایشدا وەزارەتی دەرەوەی توركیا گوتیشی: وه‌ڵامی ئێمە لەم بارەوە بەرێگای شاندەكەمانەوە بەسەرۆكایەتی جێگری وەزیری دەرەوە، باڵیۆز سیدات ئۆنال، كە ئێستا لە روسیایە، دەگەیەنرێتە لایەنی رووسی.

سەرچاوە:  RT