له‌ سلێمانی باندێكی چه‌كدار ده‌ستگیركران

سه‌رانه‌یان له‌ خه‌ڵك ئه‌ستاندووه‌

K24 – هه‌ولێر:

هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی  گروپێكی چه‌كداریان دەستگیركرد، كە لە 10 تۆمەتبار  پێكهاتوون و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بیكەیسیەك، 4 كڵاشینكۆف، ئێم فۆڕێك، 5 ده‌مانچەو لەگەڵ چەند تەقەمەنیەك و 2 بێ تەل و4 ئۆتۆمبێل كە لەناویاندا دووانیان تابلۆی ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەسەرە.

موقەدەم ئەكرەم قادر، بەڕێوبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پێكهێنرا،  دوای چاودێریەكی ورد، توانرا ئەمشەو كاتژمێر 02:30 خولەك سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە لەكاتی روبەڕوبوونەوەدا دەستگیربكەن كە باج و سەرانەیان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە .

بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی گوتیشی: لەكاتی دەستگیركرنیاندا چەند چەكێك لە جۆرەكانی (بیكەیسیەك و چوار كڵاشنكۆف و ئێم فۆڕێك و پێنج دەمانچە)  لەگەڵ چەند تەقەمەنیەك و دوو بێ تەل و چوار ئۆتۆمبێل دەستیانبەسەرداگیراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم رووداوە لەسەر شەقامی بازنەی مەلیك مەحمود بووە، توانرا سەرجەمیان كە 10 تۆمەتبارن دەستگیربكرێن، بۆیە داواكارین لەهاووڵاتیان لەهەر گللەیی و گازندەو كەسێكی گوماناوی دەرگای پۆلیسی سلێمانی كراوەیە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كەیسەكانیان بكرێت.

ئەوەشی گوت: لەناو ئۆتۆمبێلە گیراوەكاندا دووانیان تابلۆی ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەسەرەو گوماندەكرێت ساختەبن و هێشتا لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.