ھونەرمەندێك بە پڕۆژە رەخنە لە كارە ھونەرییەكانی كوردستان دەگرێت

ساکار سلێمان: پێویستە لە نمایش لە چالاکییەوە بگۆڕێت بۆ قۆناغی بە کولتوورکردن و بە بازاڕکردنی ھونەرییانە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

هونەرمەند ساکار سلێمان، بەشێوەى ئۆنلایەن تازەترین  پڕۆژەى هونەرى خۆى بە ناوى "جوین" نمایشکرد. بیرۆکەى کارەکەى باس لە دووبارە بوونەوەی كارە ھونەرییەكان لە کوردستان دەکات .

ساکار سلێمان،  لەبارەى پڕۆژەکەى بە کوردستان 24 راگەیاند: "سەرەتا ئەم پڕۆژەیە لەپلانم دابوو لەنێوان مانگی شوبات بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ لە ھۆڵێکدا پێشکەشی بکەم، بەڵام بەھۆی بارودۆخی کۆرۆنا پڕۆەژەكەم راگرتبوو. بیرۆکەی ئیشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى  2017، کە ھونەر چ کاریگەرییەکی جدی ھەیە لە ئەوروپا. بەڵام لە کوردستان تاڕادەیەکی زۆر وەک جوینەوەیەک دەبینرێت، تەنھا چالاکییەکە و دەکرێت و کاریگەرییەکی کەمی جێھێشتوە".

دەشڵێ: "بۆ بەرەوەپێشەوەچوونی هونەر لە کوردستان، پێویستە چالاکییە ھونەرییەكان لە چالاكییەوە بگۆڕێت بۆ قۆناغی بە کولتوورکردن و بە بازاڕکردنی ھونەرییانە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە ئەوروپا و ئەمەریکا کە کاری ھونەری ئەفرۆشرێت و دەبێتە ھۆکاری ناسینی ھونەرمەند و دروستبوونی پەیوەندی ھونەری دیکە و نمایشی تر بە دوای خۆیدا دێنێ، بەڵام لای خۆمان تووشی سستی ھونەری دەبمەوە".

لەبارەی گرنگی پڕۆژەكەی ساكار سلێمان، روونیكردەوە: "گرنگی ئەم پێشەنگایە بۆ کوردستان لەوەدایە بە ئاگابین بەرامبەر خاڵی بەیەک نەگەیشتنی ھونەر و کولتوور و کۆمەڵگە، و دیاریکردنی  ئەو ھۆکار و قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە لە رۆژانی پێشەنگاکە  لێرەوە، دەکرێ ھەنگاوێک بنێین بۆ دروسستکردنی کاریگەری ھونەر لەسەر کۆمەڵگە".