به‌ ڤیدیۆ.. باوك و دایكێكی به‌ساڵاچوو دوای نزیكه‌ی 40 ساڵ بە كوڕە رفێندراوەكەیان شاد دەبنه‌وه‌

لە نیوە شەوی 12 حوزەیرانی 1982دووچاری ئەو رووداوە بوو

K24 – ھەولێر:

دوای نزیكه‌ی 40 ساڵ لە دابڕانێكی زۆرەملێیانە، پیرە پیاوێكی چینی لەگەڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بە كوڕەكەیان شادبوونەوە، كە لە ماڵەكەی خۆیاندا رفێندرابوو.

رۆژنامەی "دەیلی مەیل" لە راپۆرتێكیدا رایگەیاند، پیرەپیاوە چینینەكە له‌ گوندێكی دوورەپەرێز لە ھەرێمی شنشی لە باكووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە دەژیا پێش ئەوەی خێزانەكەی لە نیوە شەوی 12ـی حوزەیرانی 1982دووچاری ئەو رووداوە ببێت و ژیانی سەراوبن ببێت.

میدیا ناوخۆییەكان رایانگەیاند، "سو بینگدی" باوك ماڵی جێھێشت و سەردانی یەكێك لە خزمەكانی دەكرد، بەڵام لەگەڕانەوە دواكەوت و لەبیری چووبوو دەرگای ماڵەكەی داخات.

دایكه‌كه‌ لە ماڵەوە مابوویەوە بۆ چاودێریكردنی منداڵەكان و ھەردوو منداڵەكەی خستە سەر جێگاكەیان لە ژوری خەوتنیان، دوای ئەوەی لە دەست بەئاو گەیاندن دەگەڕێتەوە لە نەمانی منداڵە بچووكەكەی بە ناوی جین شوی، كە ئەو كات تەمەنی تەنھا دوو ساڵ بووە دەتاسێ.

یەكسەر پەیوەندی بە ھاوسەرەكەی دەكات و بەو شەوە بەھاوكاری خەڵكی گوندەكە دەستدەكەن بەگەڕان بەدوای منداڵەكە؛ بەڵام بێھودە بووە و بەدرێژایی 40 ساڵ دایك و باوكەكە بێ ئومێد نەبوون لە دۆزینەوەی جگەرگۆشەكەیان. 

بەھۆی ھەژارییەوە، باوكە دڵبریندارەكە زۆربەی كاتەكان لە گوند و شارەكان بە پێیان دەسووڕایەوە و بەداوی كوڕە رفێندراوەكەیدا دەگەڕا و چاوی بە ھەر كەسێك دەكەوت پرسیاری لێدەكرد بەڵكو بگاتە سەرەداوێك بۆ دۆزینەوەی كوڕەكەی.

كاتێك پیرە پیاوەكە پارەی پاشەكەوت دەكرد بۆ خەرجیەكانی جەنازەكەی، بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاندبوو تاكە ئومێدی ئەوەیە پێش بەجێھێشتنی ئەم دنیایە، چاوی بە كوڕەكەی بكەوێتەوە.

لە كۆتاییدا لە سایەی ترشی ناوەكی "دی ئێن ئەی" دەرگای لێكرایەوە وبووه‌ یارمه‌تیده‌ر بۆ پۆلیس لە دۆزینەوەی كوڕە ونبووەكەی، دوای پشكنینی ترشی ناوەكی لە بنكەی داتاكانی نیشتیمانی.

لە حەڤدەی ئەم مانگە، جارێكی دیكە خێزانەكە بەیەك گەیشتنەوە لە دیمەنێكی كاریگەردا و باوكەكە بەدەم فرمێسكی خۆشییەوە گوتی: "38 ساڵ چاوەڕێی ئەم رۆژەم كرد. نەمدەزانی نەوەكانیشم دەبینم".