بێكاری له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا.. ژنان لهبێكارییدا دوو جار قوربانیین

K24 - هه‌ولێر:
رێژه‌ی بێكاری له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا، به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كار و ده‌ستبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌وه‌زاره‌تی كاریش هۆشداری له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و رێژه‌یه ده‌دات، به‌دیاریكراویش له‌ناو ژناندا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان، ئاماژه به‌وه ده‌كات، بێكاری و هه‌ژاری ئێستا مه‌ترسی یه‌كه‌من، له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزانه‌كان و دروستبوونی كێشه‌و گرفت.
ئابووریناسێكیش ئاشكرای ده‌كات: قه‌یرانی دارایی و په‌تای كۆرۆنا له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه، گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی سیستمی حكومڕانی هۆكارێكی تره بۆ زیادبوونی رێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری.
سیروان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی دوایین رووپێو بۆ رێژه‌ی بێكاری له‌هه‌رێم، كه له‌ساڵی 2017 ئه‌نجامدراوه، رێژه‌ی بێكاری كه 8.1% به‌ر رەگەزی نێر و 20.1% به‌ر ره‌گه‌زی مێ كه‌وتووه.
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌تویته‌ری فه‌رمی خۆی بڵاویكردۆته‌وه، كه رێژه‌ی بێكاری ناو ژنانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتۆته 69%. هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ش 24% ی پیاوانی هه‌رێم بێكارن.
بەپێی ئەنجامی رووپێوێکی رێکخراوی ئاشتی و ئازادی لەبارەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر رێژەی بێ‌کاری دەرکەوتووە، بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێژەی بێ‌کاری لە هەرێمی کوردستان بۆ 44% بەرزبۆتەوە.
قاره‌مان جه‌وهه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پلاندانان، له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی رووپێویی تازه له‌سه‌ر رێژه‌ی بێكاری ده‌ڵێت: "ئێستا به‌هۆكاری خراپی دۆخی دارایی و هه‌ستیاری دۆخه‌كه به‌رنامه‌ی رووپێویی نوێ له‌سه‌ر بێكاری نییه".
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر ئێستا رووپێوێكی نوێ بكرێت، چاوهڕێدهكریت هه‌ردوو رێژه‌كه به‌ره‌و هه‌ڵشكان بچێت".
د. عارف حیتۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كار‌و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌ڵێت: "بەدڵنیاییەوە ئەرکی سەرەکی رەخساندنی هەلیکاری نوێ لە ئەستۆی حکومەتدایە، بۆیە ئێمه‌ش وه‌كو حکومەت پلانی تۆکمەمان بۆ رەخساندنی هەلیکاری نوێ بەیەکسانی جێندەری بەسەر هەردوو رەگەزەکەدا هه‌یه".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، له‌رێگه‌ی شه‌ش بنكه‌ی جیاوازه و بۆ ساڵی 2019، نزیكه‌ی 3735 كه‌س وه‌ك بێكار تۆماركراوه و كه له‌و رێژه‌یه‌دا 2364 ره‌گه‌زی نێرن و 1371 له‌ره‌گه‌زی مێن. هه‌روه‌ك روونیشی ده‌كاته‌وه، له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌وه، توانراوه هه‌لیكار بۆ 1908 كه‌س دابینكرێت كه تیایدا 1273 له‌ره‌گه‌زی نێرن و 636 یش له‌ره‌گه‌زی مێین.
به‌هۆی بێكاریه‌وه خێزانەکان دووچاری دارمانی کۆمەڵایەتی دەبنەوە
كورده عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی دژ به‌ژنان، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، زۆر ئه‌و كه‌یسانه‌ی له‌مدواییه تۆماركراون له ئه‌نجامی بێكاری و مانه‌وه‌ی ئافره‌ت و خراپی باری دارایی خێزانه‌كان بووه، هه‌ندێ كێشه هه‌یه، ئه‌گه‌ر ژنه‌كه له‌رووی ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆ بێت، هه‌رگیز تووشی ئه‌و جۆره كێشانه نابێت و ده‌توانی له‌و رێگه‌یه‌وه ئیداره‌ی ژیانی خۆی و ماڵه‌وه‌شی بدات.
له‌باره‌ی بێكاری به‌گشتیی و بێكاری ژنان و كچان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان ده‌ڵێت: "بەدڵنیاییەوە کەمبوونەوەی هەلیکار و زیادبوونی بێ‌کاری کاریگەرییەکی زۆری دەبێ چ لەسەر ئاستی تاک چ لەسەر ئاستی خێزانی، بەشێکی زۆری خێزانەکان دووچاری داڕمانی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەبنەوە.
"هەر خاوەن کارێک سەرپێچی ناوەرۆکی گرێبەستەکان بکات لەگەڵ کرێکارەکان سزای(زیندانی، قەرەبووی دارایی) بەسەر دەسەپێنرێت"
به‌پێی ناوەڕۆکی دەستووری هەمیشەیی عێراق لەبەشی ماف و ئازادییەکان مافی کار بەشێوەیەکی یەکسان دەستەبەر کراوە بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و داڕێژراوەتەوە لە چواچێوەی یاساکانی کار و یاساکانی پارێزگاری کردن لە کرێکاران (ناوخۆیی و بیانی) بە لەبەر چاوگرتنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ.
دەشتی سدیق، یاریدەدەری راوێژکاری یاسایی و چالاکوانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ دەڵێت: "بنەما دەستوورییەکان و دەقە یاساییەکان، کە لە عێراق دارێژراون لەنێوانیاندا هەرێمی کوردستانیش، سەرجەم ئەو رێكکەوتننامە و پەیماننامانەی کە لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راگەیێنراون لە ئەسڵدا هەر هەموویان پارێزەر و داکۆکیکارن لەمافەکانی کارکەر بۆ هەردوو رەگەزی نێرینەو مێینە".
پ. ی. د ئه‌یوب سماقه‌یی، ئابووریناس ده‌ڵێت: "لەم سەردەمی کۆرۆنایە هەموو وڵاتانی دیكه بە یاسای و ئاماده‌كاری پێشوه‌خته پێشوازییان لە كۆرۆنا کرد‌و بیمەو داهاتی تایبەتیان بۆ دابینکرد، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی پلانی یه‌ده‌گی سامانی وڵات و به‌رنامه‌ی ئابووری رووداوی چاوه‌ڕوان نه‌كراو، کەچی لەکوردستان خراپترین دۆخ هاتە ئاراوە خۆی لەخۆیدا ئەم دۆخە هۆکاری دروست بوونی فه‌راغێكی زۆری ئابووری و شكانی بازاڕ و دروستبوونی بێكاری زۆر له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا".
"ئێمە بۆکار دەچین یان مۆدێڵی..!؟"
هالە ئەنوەر، ده‌رچووی زانكۆیه و ته‌مه‌نی 28 ساڵه ده‌ڵێت: "حکومەت بە پلەی یەکەم خه‌تاباره، ئاخر لەم بارودۆخەدا خەڵک خەریکە دڵی دەتەقێت، نەبوونی مووچەشی بێتە سەر! هەلیکار لەکوردستان زۆر خراپە ئەوەی هەیە لەکەرتی تایبەتە، ئینجا لەکاتی چاوپێکەوتن دەبێ شیک بیت و جوان بی و کراوەبی..!! نازانم ئێمە بۆکار دەچین یان مۆدێلی؟".
سامیه مه‌عروف، خاوه‌نكاری سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی و له 2017 وه كاریگه‌یه‌كی تایبه‌ت بهدروونی ره‌شماڵ و خێمه‌ی گه‌وره و بچووك داناوه، ئه‌و ده‌ڵێت: "له‌به‌ر كه‌می خواست له‌سه‌ر كاڵاكانمان به‌هۆی قه‌یرانه‌وه ژماره‌یه‌ك له كارمه‌نده‌كان بێكار ماون و كرێی بیناكه‌ش گرانه و بۆم نادرێت".
ئه‌و ده‌ڵێت: "زۆر شت هەیە ئەگەر حکومەت بیکات چەندین کارگەمان هەیە داخراون بفەرموون بیانکەنەوە هەم بەرهەمی خۆماڵیمان دەبێ و هەم ئێمەی گەنجیش بێکارنابین".
"ئەو وڵاتانەی کەوا ئابووری جێگیرییان نییە رێژەی بێکاریان زۆر زیاترە"
هەردەوان نەقشبەندی، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: "بێ‌کاری لەم سەردەمەدا بە بەراورد بەسەردەمەکانیتر زیاتر رووی لە زیادبوون کردووە و رێژەکەی زیاتر بووە، بەتایبەتی لەم وڵاتانەی کەوا ئابووریەکی جێگریان نییە هەر بۆیە رێژەکەی زۆر زیاتر دەبێتەوە بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، چونکە بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکیان روو لە داڕمانن". ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ پێیوایه، بەشێکی زۆر لە سێکتەرەکانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان وابەستەن بە داهاتی خەڵکەوە، ئەگەر خەڵک داهاتی نەبێ کارکردن لەو سێکتەرانەدا روو لە رووخان دەکات.
نه‌قشبه‌ندی، روونیده‌كاته‌وه، کاتێک کە سێکتەرەکان ژمارەی کارمەندەکان کەمدەکەنەوە لێرەدا هەلیکاری نوێ ناڕەخسێت بەهەمان شێوە لە کەرتی گشتیشدا بەهۆی پێنەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا و کەمبوونەوەی دامەزراندن لەوێشدا راوەستاوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک خانەنشین دەکرێن بێئەوەی دامەزراندن هەبێت، ئەوەشی هەیە دەرچووانی کۆلێژی پزیشکین، بەڵام دەرچووانی زانکۆکانی تر دانامەزرێنەوە.
"بێ‌کاری زۆر جار کێشە بۆ ئافرەتانی هاوسەرداریش دروست دەکات"
بانە هێرش، یەکێکی دیكه‌یه لەو ئافرەتانەی دەرچووی کۆلێژەو وەکو ئەوانی دیكه کاری دەستناکەوێ، ئەو دەڵێت: "کۆلێژی پەروەردە، بەشی بایۆلۆژیم تەواوکردووەو دانەمەزراوم، خێزاندارم و دایكی کچێکم زۆر جار بەهۆی خراپی باری داراییم چەندین کێشەم بۆ دروست بووە لەبەر ئەوەی لەگەڵ ماڵی باوکی هاوسەرەکەم نیشتەجێین، سەڕەرای کێشە داراییەکان چەندین کێشەی کۆمەڵایەتیشمان بۆ دروست دەبێ".
" لایەنی دەروونی ناجێگیر کاریگەریی لەسەر کەسە نزیکەکانیش دروست دەکات"
زولێخا یاسین، نزیکەی حەوت ساڵە کۆلێژی تەواو کردووە دەڵێت: "بێكاری كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌روونمان هه‌یه، کاتێک لایەنی دەروونی تاک ناجێگیربوو، کاریگەریی لەسەر کەسە نزیکەکانیشی دروست دەکات، سەرەنجام دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی خێزان و چەندین کێشەی خێزانی لێدەبێتەوە".
"كاری خێرخوازی و خۆبه‌خشی له‌سه‌رده‌می كۆرۆنا"
توێژەری کۆمەڵایەتی ئومێد ئەنوەر، باسی چەند نموونەیەک لەو کارە خێرخوازیانە دەکات کە لەکاتی کەرەنتین و بێکاریدا كردوویانه و دەڵێت: "ئافرەتێک لەکاتی کەرەنتین و بێکاریدا داوای هاوکاری کردووە هەڵساون بەکۆکردنەوەی کۆمەك و یارمەتی بۆی وەکو ئاماژەی پێدا ئەو دایک و باوکێکی پیری هەیە و خۆی مەسرەفیان لێ دەکات، پێشووتر لە کۆمپانیایەك کاری کردووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی کۆرۆنا و کەرەنتین بوونی سەرتاسەری، کارەکەی لەدەست داوە".
ئەم ستۆرییهبەشێکە لە چالاکیەکانی پڕۆژەی (دەنگەکانمان) کە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە پشتیوانی ڕێکخراوی ئینتەرنیوز ئەنجامی دەدات.
راپۆرت: بەهرە گەردی