سێوی خۆماڵی بێ كڕیارە

سێوی بیانی ھەرزانترە
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

ئەمساڵ بڕێکی زۆری سێو لە پارێزگای دهۆک بەرهەمهێندراوە، بەڵام باخەوانان دەڵێن بەهۆی کەمی نرخەکەی ناتوانن لە عەلوەکان ساغی بکەنەوە و سێوی هاوردە زیانی بە بازاڕی سێوی ناوخۆی گەیاندووە.

ساغكردنەوەی بەرھەم، یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكانی جوتیارانی كوردستان، ھەرچەندە وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیاری ھاوردەكردنی زۆربەی بەرھەمە بیانییەكانی داوە، بەڵام جوتیارانی دھۆك دەڵێن "بەھۆی سێوی وڵاتانی دیكە، سێوی ئێمە نافرۆشرێن".

جوتیارێكی سنووری پارێزگای دھۆك بە كوردستان24ی گوت: "داھاتی سێوەكانمان بەشی ماندوبوون ناكات، چونكە ئێستا كاتی پێگەیشتنی سێوەكانمانە و سێوی بیانیش لە بازاڕەكان ھەیە، بەوپێیەی بەھای پارەی وڵاتانی دراوسێ دابەزیوە، ئەو نرخەی كە سێوی ئەوانی پێ ھاوردە دەكرێت كەمترە لە سێوی خۆماڵی كوردستان، بۆیە نرخی سێوی بیانی ھەرزانترە".