توندوتیژی دژی پیاوان زیاد دەكات

ھاوسەرەكەم خیانەتی لێكردوم و توندوتیژی بەرامبەر كردوم
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی پیاوان زیادیکردووە، بەجۆرێک لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا سەرەتای ئەم مانگە، لە ھەرێمی کوردستان 486 حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە، کوردستان24 چیرۆکی پیاوێک دەگێڕێتەوە كە توندوتیژی بەرامبەر کراوە و سکاڵای  تۆمار کردووە.

یەكێكە لەو پیاوانەی توندوتیژی بەرامبەر كراوە، وەك خۆی دەڵێ قورسترین توندوتیژی بەرامبەر كراوە. بەھۆی خیانەتی ھاوسەری ھانای بردووەتە بەر یەکێتی پیاوان، بۆ یەکلاكردنەوەی کێشەکەی.

ئەو پیاوە بە كوردستان24ی گوت: "ھاوسەرەكەم خیانەتی لێكردم، بەڵگەی تەواوم ھەیە و سەردانی یەكێتی پیاوانم كرد، بەڵام تائێستا لە دادگا سكاڵام تۆمار نەكردووە".

ئەو ھێشتا چاوەڕێی ئەوەیە لەگەڵ ھاوسەرەكەی بسازێ و دەڵێ: "دوو مانگی تر دەرفەتی پێدەدەم، چونكە ئێمە شەش منداڵمان ھەیە".

بەگوێرەی ئاماری یەكێتی پیاوان، لە ماوەی ھەشت مانگی ئەمساڵدا 47 حاڵەتی خۆكوشتنی پیاوان تۆمار كراوە، 5 حاڵەتی كوشتنی پیاوانیش لەلایەن ژنەكانیان بە ھاوكاری كەسانی دیكە تۆمار كراوە، ھاوكات 486 پیاو كە توندوتیژیان بەرامبەر كراوە سكاڵایان تۆمار كردووە.

بورھان عەلی، سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھۆكارەكانی توندوتیژی زۆرن وەك ناھۆشیاری لەناو خێزان، ھەروەھا سۆشیال میدیا ھۆكارێكی دیكەیە بەداخەوە سۆشیال میدیا لە ناو كۆمەڵگەی ئێمە زۆر بە خراپ بەكاردەھێندرێت".