رۆژنامەیەكی ئەمەریكایی: زیاتر لە 50 بەكرێگیراوی سووریایی لە شەڕەكانی قەرەباخ كوژراون

خزمی كوژراوان: ئەو چەكدارانەی سەر بەتوركیا بەڵێنیان پێدرابوو مووچەی مانگانەیان پێبدرێت

K24 – ھەولێر:

رۆژنامەی واشنتن پۆست رایگەیاند، بە لای كەمەوە 52 كەس لە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی سووریایی لە شەڕی قەرەباخ كوژراون.

رۆژنامە ئەمەریكاییەكە گوتی: تەرمی ئەو چەكدارە سووریاییانە پێش ماوەیەك لەم مانگەدا لە سەر سنووری سووریا- توركیا رادەستی خزمەكانیان كراون.

رۆژنامەكە لەو خزمانەی چەكدارە كوژراوەكانی گواستووەتەوە "كوژراوەكان لەو بەكرێگیراوانە بوون، كە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە سووریا ناردوویانە بۆ ئەوەی لە تەك ئازەربایجان بەشداری شەڕی دژ بە ئەرمینیا بكەن".

ئەو خزمانەیان گەواھیان دا، لەوەی ئەو چەكدارانەی سەر بەتوركیا بەڵێنیان پێدرابوو مووچەی مانگانەیان پێبدرێت و لە باشووری توركیاوە بەرەو ئازەربایجان رۆیشتوونە.

رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"یش پێشتر گوتارێكی بڵاوكردبووە وتێیدا رایگەیاندبوو بە سەدان چەكداری سەر بە توركیا لە سووریاوە بەرەو ناوچەی ململانێ لە قەرەباخ گواستراونەتەوە.

لە بەرامبەردا، سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژی چوارشەممە، رەتیكردەوە وڵاتەكەی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریای ناردبێت بۆ ئازەربایجان.

سەرۆكی فەرەنسا "ئیمانوێل ماكرۆن" لە 2ی ئۆكتۆبەر، لە پەراوێزی لوتكەی یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسل رایگەیاند، زیاتر لە 300 ئیسلامیی سووریایی لە "غازی عەنتاب"ەوە بەرەو ناوچەی ململانێ لە قەرەباخ گواستراونەتەوە، بەڵام سەرۆكی ئازەربایجان، ئیلھام عەلییف، ئەو زانیارییانەی رەتكردەوە و داوای لە پاریسیش كرد داوای لێبوردن بكات.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی بەرگری رووسیا، رۆژی سیشەممە نیگەرانی خۆی دەربڕی لە مەڕ گواستنەوەی ئەو چەكدارە تیرۆریستانەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ناوچەی ململانی لە قەره‌باخ. ئاماژەشیكرد، وەزیری بەرگری رووسیا، سێرگی شویگۆ، لە رۆژی دووشەممە، لەمیانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا نیگەرانی رووسیای لەو بارەوە گەیاندووەتە ھاوتا توركییەكەی خەلوسی ئاكار.

سەرچاوە: تاس