ھیومان رایتس وۆچ: رووسیا و سووریا له‌ ئیدلب به‌ مه‌به‌ست مافی مرۆڤیان پێشێلكردووه‌

لەوانەیە ھەردوو وڵات تاوانبار بن بە ئەنجامدانی تاوانی شەڕ لە ئیدلب

K24 – ھەولێر:

رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ (ھیومان رایتس وۆچ)، دوێنێ پێنجشەممە، حكومەتی سووریا و رووسیای تۆمەتباركرد، كه‌ به‌ مه‌به‌ست خه‌ڵكی مه‌ده‌نییان له‌ ئیدلب كردووه‌ته‌ ئامانج.

رێكخراوەكە لە راپۆرتێكیدا لە 15 تشرینی یەكەمی 2020 رایگەیاندووە، "بە سەدان كەسی سیڤیل لە ناوچەكەدا كوژران كاتێك قوتابخانەكان، نەخۆشخانەكان و بازاڕەكان لە نیسانی ساڵی 2019 و تا ئاداری ئەم ساڵ لە ھێرشەكانیاندا كراونەتە ئامانج".

راشیگەیاند: چەند بارەبوونەوەی بۆردومانەكان پێدەچێ بە مەبەست بێت و ھەردوو حكومەتی بە گوێنەدانێكی بێ باكانە بۆ ژیان تۆمەتباركرد.

گوتیشی: لەوانەیە ھەردوو وڵات تاوانبار بن بە ئەنجامدانی تاوانی شەڕ لە ئیدلب، كە دوا گەورە پێگەی بەرھەڵستكارانە لە سووریا.

رێكخراوەكە، بارەگای لە ئەمەریكایە و پێنجشەممە ئەو راپۆرتەی بڵاوكردەوە و دووپاتیكردووەتەوە "بۆردومانی ھێزە چەكدارەكانی سووریا و رووسیا لە میانی دوا ھەڵمەتیاندا بۆ سەر پێگەكانی به‌رهه‌ڵستكاران لە باكووری رۆژئاوای سووریا لەوانەیە بە تاوانی جەنگ ھەژمار بكرێن".

روونیشیكردەوە، "بەدەیان بۆردومانی ئاسمانی و وشكایی بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەكانی لە دەوروبەری شاری ئیدلب لە نێوان نیسانی ساڵی 2019 تا وەكو ئاداری 2020 بە سەدان كەسی مه‌ده‌نییان كوشتووە و زیاتر لە ملیۆنێك و 400 ھەزار كەس دەربەدەر بوونە".

رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ گوتی: راپۆرتەكە لە 167 لاپەڕە پێكھاتووە و لە ژێر ناوونیشانی "بەئامانجكردنی ژیان لە ئیدلب" بەسەدان وێنە و وێنەی مانگە دەستكردەكانی بەكارھێناوە، جگە لە تۆماری چاودێریكردنی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ پشكنینی 46 رووداوی تەقینەوە، ئەمەش بەشێكی بچووكە لەو ھێرشە ئاسمانییانە و ئەو بۆردومانانەی روویانداوە".

لە راپۆرتەكەدا ھاتووە، ھێرشەكان پێشلكردنی چەند بارەكراوی تێدایە "وەك بەدیار دەكەوێ تاوانی جەنگن و لەوانەشە بگاتە ئاستی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی".

راپۆرتەكە دەشڵێت: "بۆردومانی نەخۆشخانە، قوتابخانە، بازاڕ و ناوچەی دانیشتوانی مه‌ده‌نی شاره‌كه‌ كراوه‌، نەك تەنھا بە بێ مەبەست، بەڵكو لەمیانی بە ئامانجكردنی ئەوانەی بە تیرۆریست ناوەزەدیان دەكرد، بەڵام بە مەبەست".

مۆسكۆ و دیمەشق ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە، كەوا بۆردومانی ھەڕەمەكیی مه‌ده‌نییه‌كانیان كردبێت لەو ناوچەیەدا، كە سێ ملیۆن كەس وەك پەناگەیان بۆ خۆ بینی بوو لە میانی ئەو ململانێ بەردەوامەی نزیكەی 10 ساڵە بەردەوامە.

ئەو دوو دەوڵەتە ھاوپەیمانە دەڵێن: ئەوان تەنھا توندڕەوەكانی ھەژموونیان ھەیە لە ناوچەكەدا دەكەنە ئامانج.

رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: ھیچ وەڵامێكیان پێنەگەیشتووە لە سەر پوختەی ئەو ئەنجامەی پێی گەیشتوون و لە سەر ئەو پرسیارانەی ئاراستەی ھەردوو حكومەتی سووریا و رووسیا كراون.