مۆسكۆ: بەردەوام لەگەڵ ئەنقەرە پرسی بەشداری بەكرێگراوانی سووریایی و لیبیایی لە شەڕی قەرەباخ باس دەكەین

"رووسیا لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ توركیا ھەموو پرسێك باس دەكات"

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، دووشەممە رایگەیاند، مۆسكۆ بەردەوام لە میانی پەیوەندیكردنەكانیدا لەگەڵ ئەنقەرە پرسی بەشداری بەكرێگراوانی لیبیایی و سووریایی لە شەڕی ناوچەی قەرەباخ دەورووژێنێت.

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نێردەی سەرۆكی رووسیا بۆ ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقیا، میخائیل بۆگدانۆڤ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "رووسیا لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ توركیا ھەموو پرسێك باس دەكات".

ئەرمینیا توركیا تۆمەتبار دەكات بەوەی بەكرێگیراوان لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبات بۆ شەڕكردن لە تەك ئازەربایجان لە ناوچەی قەرەباخ. "باكۆ"ش ئەو تۆمەتە رەت دەكاتەوە و جەختدەكاتەوە بەشی خۆی لە ھێزی سەربازی ھەیە بۆ ئەوە شەڕ بكات.

ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ناوچەی قەرەباخ زۆر لە راپۆرتی میدیای باس لە گواستنەوەی بەكرێگیراوانی سووریایی و لیبیایی دەكەن بۆ ئەوەی لە تەك ئازەربایجان بەشداری شەڕی قەرەباخ بكەن. ھەروەھا ھەر یەك لە فەره‌نسا، ئەمەریكا و مۆسكۆ جەختیان كردبووە لەوەی توركیا بەكرێگیراوان لە سووریاوە بەرەو ئازەربایجان دەگوازێتەوە بەرامبەر بە مووچەیەكی مانگانە.