ئه‌رمینیا كه‌تیبه‌یه‌كی ژنانی بۆ شه‌ڕی ئازه‌ربیجان پێكهێنا

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا رایگه‌یاند، ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌ربازیان بۆ ژنانی ئه‌رمینیا دامه‌زراندووه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ریزی سوپاوه بكه‌ن و به‌رگری له وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن له دژی هێرشه‌كانی سوپای ئازه‌ربیجان.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا، "ئارتسرۆن هۆفهانیسیان" رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌تیبه سه‌ربازییه‌ی پێكهێنراوه، راهێنانیان پێده‌كرێت و ئه‌وانیش خواستی خۆیان پیشانداوه بۆ ئه‌وه‌ی ببرێنه ریزی به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ به مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوپای ئازه‌ربیجان.
ئه‌و گوته‌بێژه روونیكردووه‌ته‌وه، هه‌ریه‌ك له چالاكوانانی ژن "ناری سونی، ناری خلغاتیان" ئه‌و كهتیبهیهیان دامه‌زراندووه و تا ئێستا (100) ژنی ئه‌رمه‌نی په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردووه.
ئه‌رمه‌نییه‌كان پێداگرن له‌سه‌ر نه‌كشانه‌وه‌یان له هه‌رێمی ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ و ئه‌و هه‌رێمه به به‌شێك له وڵاته‌كه‌یان ده‌زانن. هاوكات له‌و هه‌رێمه كۆمارێكی سه‌ربه‌خۆ خواز راگه‌یه‌ندراوه، كه تا ئێستا هیچ وڵاتێكی جیهان دانی به سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یدا نه‌ناوه.
له به‌رامبه‌ردا ئازه‌ربیجان، داوا ده‌كات، وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سنووری ئه‌رمینیا و ئازه‌ربیجان، ده‌بێت سوپای ئه‌رمینیا له هه‌رێمی ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ بكشێته‌وه و ناوچه‌كه راده‌ستی ئازه‌ربیجان بكاته‌وه، به‌و پێیه‌ی له سه‌ره‌تای ساڵی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، ئه‌رمینیا له‌شكركێشی كردووه‌ته سه‌ری و داگیری كردووه و پێشتر سه‌ر به ئازه‌ربیجان بووه.