قه‌یرانی دارایی به‌رۆكی عێراق بەرنادات

پارە بۆ دابەشكردنی مووچە نییە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە چه‌ند مانگی رابردوودا، بەشێک لە پەرلەمانتارانى کورد  لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کاریان بۆ ئەوە دەکرد، ئەو ئارامى و ئاسایشەى لە هەرێمى کوردستان هەیە بیشێون و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌شیان ده‌كرد كه‌ مووچەى فه‌رمانبه‌رانی هەرێمى کوردستانيش بخرێتەوە سەر بەغدا، بەڵام ئێستا عێراق خۆى رووبەڕووى قەیرانى گەورەى دارايى  بووەته‌وه‌.

قەیرانێكی قووڵی دارایی و ئابووری بەرۆکى عێراقی گرتووە، كە لێدەرچوونی ئەستەمە، نەمانى  پارە لە بانکەکاندا  حکومەتى  ناچار کردووە  بیر لە قەرزى  ناوخۆیی و دەرەكی  بکاتەوە، ئەگەرنا تواناى دابینکردنى  مووچەى نەماوە.

عێراق لە رووى ئابوورییەوە پشت بە داهاتى نەوت  دەبەستیت، زیاتر لە 80%ی  بوودجەى  كارپێكردنی عێراق  لە رێگەى هەناردەکردنى  نەوتەوە  دابین دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە رێككەوتنی ئۆپێک پلاس رێگە نادات حکومەتى عێراقى بە ویستى  خۆى  هەناردەى نەوت زیاد بکات. ئەمەش رەنگە داڕمانى  ئابوورى  عێراقى  لێبکەوێتەوە.

سەبارەت بە قەیرانەكانی ئێستای عێراق و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ به‌رده‌سته‌ به‌شی مووچه‌ی مانگی 10ی فه‌رمانبه‌ران ناكات و چاره‌سه‌ر ته‌نیا قه‌رزكردنه‌ تا كۆتایی ساڵی 2020.