CIA: رووسیا و ئێران هەوڵدەدەن دەست لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا وەربدەن

FBI: رووی هەموو دەستتێوەردانێک دەبینەوە

K24 - هەولێر

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا ئاشکرای دەکەن، هەریەک لە ئێران و رووسیا هەوڵدەدەن، دڵەڕاوکێ بخەنە ناو دەنگدەران و زانیاری هەڵە ده‌ربارەی لیستی تۆماری دەنگدەران بڵاودەکەنەوە.

بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانیی ئەمەریکا (CIA) ئاشکرایکرد، رووسیا و ئێران هەوڵی پشێوینانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەدەن.

جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانیی ئەمەریکا گوتی "به‌رامبه‌ر ئێران و رووسیا، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر، بەڵام هەوڵدەدەن کاریگەریان بەسەر هەڵبژاردنەکانمانەوە هەبێت. هەندێک لە زانیارییەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران بە دەست ئێران و هەندێکی دیکەش بەدەست رووسیا گەیشتوون، دەتوانرێت ئەو زانیارییانە بۆ هەوڵێک بێت لەپێناو گەیاندنی زانیاری هەڵە ده‌ربارەی تۆماری دەنگدەرانەوە، کە ئامانجیان ترساندنی دەنگدەران و نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی و زیانگەیاندنە بەسەرۆک ترەمپ".

هاوکات، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) دووپاتیدەکاتەوە، رووبەرووی هەر دەستتێوەردانێک دەبنەوە و به‌ وردیش لێکۆڵینەوە ده‌كه‌ن.

کریستۆڤەر رای، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی گوتی "کاتێک ئاماژەی دەستتێوەردانی دەرەکی یان تاوانکاری لەبارەی هەڵبژاردن دەبینین، لێکۆڵینەوەی ورد دەکەین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێکاری پێویست دەگرینەبەر، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت دەکەین، لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کۆمپانیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە بەکارنەهێنانی پڕۆگرامەکانیان لەلایەن ناحەزانەوە، بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکار".

لە چوار ویلایەتی ئەمریکا، بە تایبەتی فلۆریدا و په‌نسلڤانیا، ژمارەیەک خەڵک ئیمێڵی هەڕەشەئامێزیان بۆ چووە، کە هەڕەشەیان لێدەکرێت بۆ ئەوەی دەنگ بە دۆناڵ ترەمپ بدەن.

پێشتریش بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشدارییان بە لایەنە پەیوەندیدارە خۆجێیی و فیدراڵییەکان داوە، کە ئێران دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ ناردنی ئیمەیڵی هەڕەشەئامێز بۆ دەنگدەرە دیموکراتەکان، لەکاتێکدا خۆیان وەکو گرووپی "پراود بۆیزی راستڕەو" ناساندووە.

لە بەرامبەریشدا عەلی رەزا میریوسفی، گوتەبێژی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئێران تۆمەتەكانی ئەمەریكا لەبارەی دەستێوەردان لە ھەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە رەتدەكاتەوە و، بەپێچەوانەوە ئەوە ئەمەریكایە كە بەردەوام دەستتێوەردان لە ھەڵبژاردنی وڵاتانی دیكەدا دەكات.

 

هـ.ر.