ته‌رمی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ پیرمام به‌خاك ده‌سپێردرێت

خه‌ڵكی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێم بۆ پێشوازیكردن له‌ ته‌رمی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ئاماده‌ن

K24- هه‌ولێر:

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركووك بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌ پیرمام به‌خاك بسپێردرێت.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان بۆ پیشوازیكردن له‌ ته‌رمی دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ئاماده‌ن.

دوای گه‌یشتنه‌وه‌ی ته‌رمی پارێزگاری كه‌ركووك بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ هاوینه‌هه‌واری پیرمام و رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنه‌كه‌ی به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری به‌رپرسی سیاسی و حكومی و دانانی تاجه‌ گوڵینه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بڕیاریشه‌ كاتژمێر (06:00)ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ كاتی هه‌ولێری پایته‌خت، ته‌رمی "د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم" بگاته‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و به‌ مه‌راسیمێك پێشوازی له‌ كه‌ژاوه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بكرێت.

"د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم" پزیشكی نه‌شته‌رگه‌ریی ده‌ماخ و دڕكه‌په‌تك بوو، وێڕای ژیانی زانستی و خزمه‌ته‌كانی له‌ بواری پزیشكی، له‌ كایه‌ی سیاسیدا، وه‌ك چالاكوانێكی خۆبه‌خش له‌ ئه‌مه‌ریكا چه‌ندین خزمه‌تی پێشكه‌ش به‌ دۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌.

له‌ رووی سیاسیشه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك پارێزگاری كه‌ركووك، خزمه‌تێكی به‌رچاوی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بنیاتنانه‌وه‌ی كه‌ركووكی كرد و بڕیاری دا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كانی كه‌ركووك هه‌ڵبكات.

ئه‌و رۆژی (31ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی "ئۆلنی" ویلایه‌تی "میریلاند" له‌ ته‌مه‌نی (71) ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

شه‌وی رابردوو، (به‌كاتی هه‌ولێر)، ته‌رمه‌كه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌ره‌و هه‌ولێری پایته‌خت به‌ مه‌راسیمێك به‌ڕێخرا.

ده‌یان چالاكوان و ره‌وه‌ندی كورد له‌ ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌ بۆ ماڵئاواییكردن له‌ ته‌رمی "د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم".

H.B