وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا: پێشمەرگە لە عێراق و ھەسەدە لە سوریا رۆڵێکی زۆر کاریگەر و بێوێنەیان گێراوە لە کەمپەینی لەناوبردنی داعشدا

ھاوبەشی دیکەشمان ھەبوون، بەڵام کورد ھێزی سەرەکی لەناوبردنی داعش بوون
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

جۆیل رەیبێرن، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ سووریا لە بەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێسی وڵاتەکەیەدا رایگەیاند: پێشمەرگە لە عێراق و ھەسەدە لە سوریا رۆڵێکی زۆر کاریگەر و بێوێنەیان گێراوە لە کەمپەینی لەناوبردنی داعش.  

رەیبێرن ستایشی ھاوپەیمانی وڵاتەکەی لەگەڵ کورد كرد و گوتی: کورد ھێزی سەرەکی و کاریگەری لەناوبردنی داعش بوون و داواشیكرد، ھاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ کورد بەردەوام بێت.

رەیبێرن گوتی:" بەدڵنیاییەوە ھێزی پێشمەرگە لە عێراق و ھێزەکانی سووریای دیموکرات لە سووریا رۆڵێکی زۆر ناوازە و کاریگەریان بینیوە، ھاوپەیمانێکی زۆر باشمان بوون لە شەری لەناوبردنی داعش. واتە دەتوانم بڵێم: کورد ھێزی سەرەکی لەناوبردنی داعش بوون، بەڵام بەدڵنیاییەوە ھاوبەشی دیکەشمان لەگەڵ بوون، بۆ نمونە عەرەب و ھێزە عێراقییەکان و لە سووریا کریستیانەکان و لە ھەموو جیھانیش ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەبوو، بەڵام لەسەر زەوی، بەڵێ کورد ھێزی سەرەکی بوون. واتە لە ھەردوو کۆتاییەکەی خەلافەتەکەی داعش لە عێراق و لە سووریاوە گوشار خرایە سەر داعش و خەلافەتەکەی لەناوچوو جارێکی دیکە دەیڵێمەوە: کورد رۆڵێکی بێوێنەیان گێراوە".