"لوبنان هاوشێوەی کەشتی تایتانیک نوقم دەبێت"

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: ئێستا لوبنانییەکان لە دۆخی نوقم بووندان
دیمەنێكی بەیروت - ئەرشیف
دیمەنێكی بەیروت - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

جان ئیف لۆدەریا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، داڕمانی ئابووری و سیاسی لوبنان بە نوقم بوونی کەشتی تایتانیک دەچووێنێت.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی لۆفیگارۆ ئاشکرای دەکات، دۆخی ئێستای لوبنان هاوشێوەی دۆخی کەشتی تایتانیکە کە لە ساڵی 1912 لە زەریای ئەتڵەسی نوقم بوو، بەڵام ئۆرکێسترای کەشتییەکە تاوەکو کۆتایی نوقم بوونی لە ژەنینی میوزیک بەردەوام بوون.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا راشیگەیاند، ئێستا لوبنانییەکان لە دۆخی نوقم بووندان، بەڵام بەشێوەیەک دەژین کە ئەو دۆخەی تێیکەوتوون بە تەواوی رەتدەکەنەوە.

لە دوای تەقینەوەکەی سایلۆی بەیرووت لە مانگی ئابی رابردوو، سەرۆکی فەرەنسا دووجار سەردانی وڵاتەکەی کرد، و بە مەبەستی رزگارکردن لە قەیرانی سیاسی و ئابووری دەستی هاوکاری بۆ درێژکردن. بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی ماکرۆن، بەهۆی دابەشبوونی سیاسی سەرجەم هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.