هێزێکی تایبەت لە سویدەوە هاتوونەتە بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی "ژنە داعشێک"

ژنەکە ئێستا لە سوید لەژێر لێکۆڵینەوەدایە
وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژنێک لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان. وێنە: Maya Alleruzzo/AP
وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژنێک لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان. وێنە: Maya Alleruzzo/AP

 K24 - هەولێر

ژمارەیەک پۆلیسی هێزێکی تایبەتی سویدی رۆژی دووشەممە لە سویدەوە هاتوونەتە بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی ژنێک کە تۆمەتبارە بە ئەندامبوون لە رێکخراو داعش.

ئەو هێزەی ژنەکەیان گەڕاندووەتەوە، هێزی تایبەتی نیشتمانیی پۆلیسی سویدن، ئەمانە گرووپێکن راهێنانی تایبەتیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی کاری پڕ لە ئاستەنگی و ترسناک. بەپێی راپۆرتێکی رادیۆ سویدن، ئەرکی ئەمجارەیان ئەوە بووە: ژنێک لە بەغداوە بگەڕێننەوە سوید.

ژنەکە دوای گەڕاندنەوەی، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش دەستبەسەرکراوە، ئێستاش لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

رادیۆ سویدییەکە دەڵێ: هەتاوەکو ئێستا رووننەبووەتەوە، ئایا ئەم ژنە یەکێک بووە لەو چەند هاووڵاتییە سویدییەی لە کەمپی هۆل لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) دەستبەسەر بووە یان نا.

لە ساڵی رابردووە ژمارەیەک ژن کە ئەندامی داعش بوون، گەڕێندراونەتەوە سوێد و دادگایی کراون.

بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، کە بەشێکیان داوا دەکەن ئەو هاووڵاتییانەیان کە بوونەتە چەکداری داعش نەگەڕێنەوە، سوید پرۆگرامێکی پێشنیاز کردبوو بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چەکدارانەوە و دووبارە راهێنانیان بۆ تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە.

بەپێی رۆژنامەی ئیندیپێندەنت، نزیکەی 300 کەسی خاوەن ناسنامەی سویدی روویانکردووەتە عێراق و سووریا و بوونەتە ئەندام و چەکداری رێکخراوی داعش، لەو ژمارەیەش تاوەکو ساڵی 2016، نزیکەی 150 کەسیان گەڕاونەتەوە.