مەسرور بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان: با بەیەکەوە لەژێر ئاڵای کوردستان بەرگری لە دەستکەوتەکانمان بکەین

با بەیەکەوە لەژێر ئاڵای کوردستان بەرگری لە دەستکەوتەکانمان بکەین
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە وتارێکدا لە رێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ئاڵا لە رۆژی ئاڵای کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بەیەکەوە لەژێر ئاڵای کوردستان، بەرگری لە دەستکەوتەکان بکەن.

دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

رۆژی ئاڵا لە ئێوەی بەڕێز، پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت. ئەم ئاڵایە، ئاڵا و هێما و سیمبوولی خەبات و قوربانیدان و پێناسەی نیشتمانیی گەلەکەمانە. ئەم ئاڵایە بووەتە دوابەرگی جەستەی هەزاران شەهید.

ئەم ئاڵایە لەکاتێکدا لەلایەن پێشەوا قازی رادەستی سەرۆکی نەمرمان مستەفا بارزانی کرا، دواتر لەسەر لووتکەی هەموو شاخەکانی کوردستان هەڵکرا و بەرز راگیرا. دواتر لەژێر رابەرایەتی و سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی هەر ئەو ئاڵایە لە کۆشک و تەلار و پایتەختی وڵاتانی دنیا هەڵکرا و رێزی لێگیرا.

ئەم ئاڵایە، هێمای نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموومانە، هێمای پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی هەموو خەڵکی کوردستانە، ئەم ئاڵایە بووەتە هێمایەک بۆ پێناسەکردنی پێکەوەژیانی گەلان لە کوردستان و هێمایەک بۆ هەموو ئەو ئازادیخوازانەی پەنایان هیناوەتە بەر کوردستان، چونکە کوردستان بە خاکی پێکەوەژیان و و ئاشتی و ئازادی ناسراوە.

لەسەر هەموومان ئەرک و پێویستە ئەم ئاڵایە بەرز رابگرین و نەهێڵین بە هیچ شێوەیەک شکۆی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بە هیچ شێوەیەک بشکێ. داوام لە نەوەی داهاتوو و گەنجانی ئێمە ئەوەیە: بزانن لەپێناو ئەو ئاڵایە و شکۆی نەتەوەییمان چ قوربانییەک دراوە. شکۆی نەتەوەییمان شتێکە نە بە پارە دەکڕدرێت و نە دەفرۆشرێت، شکۆیەکە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە دی.

من لێرەوە دەستخۆشی لە هەموو پێشمەرگە قارەمان دەکەم و دەستی دایکی هەموو ئەو شەهیدانە ماچ دەکەم، کە لەپێناو بەرزڕاگرتنی ئەم ئاڵایە خەباتێکی بێوچانیان کردووە و قوربانیی زۆرتان داوە. شانازی بە بوونی خۆمان دەکەین کە لەژێر سایەی ئەم ئاڵایە بتوانین بەردەوام بین لە خزمەتکردنی گەل و نیشتمانمان.

داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و لە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان لە کوردستان دەکەم لە ژێر سایەی ئەم ئاڵایەدا بەیەکەوە بەرگری لە دەستکەوتەکانمان بکەین و خەبات بکەین بۆ بەدیهێنانی بژێویی ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر بۆ هەموو گەل و نەتەوەکانی لە کوردستاندا دەژین.

سوپاسی خۆڕاگریتان دەکەم و دەستخۆشیتان لێدەکەم، ئیشەڵڵا هەر سەرکەوتوو و سەلامت بن و ئاڵای کوردستانیش هەر بەرز و شەکاوە بێت.