نرخی نەوت بەرزترین ئاستی تۆمارکرد لە نۆ مانگی رابردوودا

لەبەر دوو هۆکار
بەهای نەوت لە مانگی ئادارەوە ئەوەندە بەرز نەبووەتەوە
بەهای نەوت لە مانگی ئادارەوە ئەوەندە بەرز نەبووەتەوە

K24 - هەولێر

نەوت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرزترین بەهای تۆمارکرد لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا، دوای ئەوەی داتاکانی حکومەتی ئەمەریکا دەریانخست هەفتەی رابردوو عەمباری نەوتی خاو کەمبووەتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-12-2020) نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 51.36 دۆلار، هەروەها نرخی نەوتی تەکساس بۆ هەر بەرمیلێک گەیشتە 48.09 دۆلار، ئەمانەش بەرزترین نرخی هەریەک لەو دوو جۆرە نەوتەن لەوەتەی مانگی ئازاری ئەمساڵەوە.

شارەزایانی سێکتەری نەوت بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، بەرهەمهێنانی نەوت بۆ یەکەمجارە لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەرەوە نزمدەبێتەوە.

هۆکارەکان:

بەڕێوەبەرایەتیی زانیارییەکانی وزە لە ئەمەریکا رایگەیاندبوو، کارکردنی پاڵاوگەکانی نەوتی خاو بەئەندازەی 253 هەزار بەرمیل لە هەر رۆژێکدا کەمبووەتە لە هەفتەی رابردوو.

یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی دیکەی کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

ئەمەریکا هەڵمەتەکانی کوتانی زیاتر کردووە لەدژی پەتای کۆرۆنا، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە یەکەمە لەڕووی زۆری تووشبوون و گیانلەدەستدان بەو پەتا جیهانییە، ئەمەش پشتیوانییەکی بەهێز بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.