بورھان خۆشناو بەرھەمێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

بەرھەمەكە لە 12 تراك پێكھاتووە و ھەموو مەقام و گۆرانییەكانی بۆ نیشتمان گوتووە
ھونەرمەند بوڕھان خۆشناو
ھونەرمەند بوڕھان خۆشناو

K24 – ھەولێر

بورھان خۆشناو ھونەرمەند و مەقامبێژی دیاری ھەولێر و ھەرێمی كوردستان، بەرھەمێكی نوێ بەناوی "ناڵەی نیشتمان" بڵاودەكاتەوە.

بورھان خۆشناو، بە كوردستان24ی راگەیاند: "ناڵەی نیشتمان لە 12 تراك پێكھاتووە، شەش تراكی مەقام و شەش تراكی دیكەش گۆرانین ھەموو بەرھەمەكەم تایبەتە بە نیشتمان و گوزارشت لە دۆخی ئێستای كوردستان دەكات".

گوتیشی: "یەكێك لە تراكەكانی بەرھەمەكەم بەناوی (من چیم ئەویست لە نیشتمان) بەشێوەی ڤیدیۆكلیپ بڵاوكردووەتەوە كە لە ھۆنراوەی شاعیری كۆچكردو شێركۆ بێكەسی مەزنە، بە مەقامی حیجاز گوتراوە، ژەنینی میوزیك لەلایەن ئاراس كۆیی و لە ستۆدیۆی خاڵە حەمرین تۆماركراوە".

بورھان خۆشناو، راشیگەیاند: "دوای ماوەیەك بێدەنگی وەك ھونەرمەند بە ئەركی خۆمم زانی كە بەرھەمێك پێشكەش بە نیشتمان بكەم و بێدەنگ نەبم، چونكە ھەموومان ئەركمان لەسەر شانە و پێویستە ئەركی خۆمان جێبەجێ بكەین".

ئاشكراشی كرد: "لە داھاتووێكی نزیكدا تراكی دووەمی بەرھەمەكەم بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاودەكەمەوە".

بورھان خۆشناو، یەكێكە لە ھونەرمەندە دیارەكانی كوردستان، لە ساڵانی رابردوودا چەندین گۆرانی و مەقامی بۆ نیشتمان و ئەڤینداری چڕیوە.