دوای نزیکەی 70 ساڵ.. حکومەتی ئەمەریکا سزای کوشتنی بەسەر ژنێکدا جێبەجێ کرد

بەتاوانی خنکاندنی ژنێکی دووگیان و هەڵدڕینی سکی و دەرهێنانی منداڵەکە لە رەحمی
لیسا لە تەمەنی 52 ساڵیدا فەرمانی کوشتنی بەسەردا جێبەجێ کرا
لیسا لە تەمەنی 52 ساڵیدا فەرمانی کوشتنی بەسەردا جێبەجێ کرا

K24 - هەولێر

ژنێکی ئەمەریکی بەتاوانی خنکاندنی ژنێکی دووگیان و دەرهێنانی منداڵەکە لە رەحمی، ئەمڕۆ سزای کوشتنی بەسەردا جێبەجێکرا و، بووە یەکەم ژن لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە ئەو سزایەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت، لەدوای نزیکەی 70 ساڵ.

لیسا مۆنتگەمەریی تەمەن 52 ساڵ، کاتژمێر 01:31ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی ئەمەریکا لە گرتووخانەیەکی فیدراڵی، دەرزی ژەهراوی لێدرا و گیانی لەدەستدا.

لیسا بووە یازدەیەمین زیندانی کە لەو گرتووخانەیە سزای کوشتنی بەسەردا جێبەجێ بکرێت لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هاتووەتە سەر حوکم و واژۆی لەسەر بڕیارەکانی لەسێدارەدان کردووە، لەکاتێکدا پێش حوکمی ترەمپ بە ماوەی 17 ساڵ کەس لێی لەسێدارەنەدرابوو.

بەپێی میدیاکانی ئەمەریکا، پێش ئەوەی دەرزییە ژەهراوییەکەی لێبدرێت، پرسیار لە لیسا کراوە "ئایا هیچ قسەیەکت هەیە بیکەی؟"، ئەویش لەسەرخۆ گوتوویەتی "نەخێر".

کێڵی هێنری، پارێزەری لیسا لەدوای جێبەجێکردنی سزاکە گوتی، "حکومەت نەوەستا تاوەکو ئەو ژنە زیانپێگەیشتووە نەخۆشەی نەکوشت. هەموو ئەوانەی بەشداربوون لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، دەبێت شەرم لەخۆیان بکەن".

لە ساڵی 2004، لیسا ژنێکی تەمەن 23 ساڵی بەناوی بۆبی جۆ ستینێت بە پەت خنکاند. لیسا دوای خنکاندنی بۆبی کە لە مانگی هەشتەمی دووگیانیدا بوو، بە چەقۆ منداڵەکەی لە سکی دەرهێنا و هەوڵیدا بیکاتە هی خۆی.

بەگوتەی ئەو تیمەی بەرگرییان لە لیسا دەکرد، ئەو "دەروون نەخۆش بووە" بەهۆی ئەوەی بەمنداڵی ئەشکەنجەی سێکسی دراوە، تەنانەت بە کۆمەڵ دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەری، بەمەش لە ڕووی دەروونی و سۆزەوە ناتەواو بووە و لەدەست خێزانەکەی هەڵاتووە.

بەڵام لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا، لیسا تۆمەتبار کرا بەوەی بە ئەنقەست خۆی وا پیشاندەدات نەخۆشیی دەروونی هەبێت و گوتیان "پیلانی بۆ ئەو تاوانە داناوە،" تەنانەت لەڕێگەی ئینتەرنێت گەڕاوە بەدوای ئەوەی چۆن بە چەقۆ سکی ژنێک هەڵبدرێت و لەڕێگەی "نەشتەرگەریی قەیسەری"، منداڵەکەی دەربهێنێت.

پارێزەرانی باسیان لەوە کردووە؛ هاوسەری پێشووی لیسا زانیویەتی ئەو ژنە بەهۆی بەستنی ملی هێلکەدانی، نەیتوانیوە منداڵی ببێت و پیلانی هەبووە ئاشکرای بکات، بەڵام لیسا کە ماوەیەک بووە لێی دوور بووە، گوتوویەتی لەراستیدا دووگیانە و منداڵەکەشی نیشاندەدات.

لیسا مەبەستی بووە بە نیشاندانی ئەو منداڵە، مافی لەخۆگرتنی دوو لە چوار منداڵەکانی لە هاوسەرەکەی وەربگرێت، بۆیە چووەتە ماڵی بۆبی، کوشتوویەتی و بەوشێوازە منداڵەکەی بەدەستهێنا، دواتر پەیوەندیی بە هاوسەری پێشوویەوە کردووە و نیشانی داوە کە پێشوەختە بوویەتی، کەچی دوای یەک رۆژ لەو رووداوانە، لیسا دەستگیرکرا.

ئەو منداڵەی لیسا لە سکی دایکی دەریهێنا، لە ژیاندا ماوە و ئێستا تەمەنی 16 ساڵە، بەڵام تائێستاش قسەی بۆ میدیاکان نەکردووە.

دوایین ژن کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی ئەمەریکا فەرمانی کوشتنی بەسەردا جێبەجێکراوە، بۆنی براون بوو، کە لە ساڵی 1953 بەهۆی رفاندن و کوشتنی کوڕێکی تەمەن شەش ساڵ لەسێدارەدرا.

دوایین ژنیش کە لەلایەن ویلایەتێکی ئەمەریکاوە فەرمانی کوشتنی بەسەردا جێبەجێ کرابێت، کێڵی جیسێندەر بوو، ئەمیش لە 2015 بە تاوانی پیلانگێڕی بۆ کوشتنی هاوسەرەکەی لە ساڵی 1997، لەسێدارەدرا. کێڵی بە دەستی خۆی هاوسەرەکەی نەکوشت، بەڵام وای لە خۆشەویستەکەی کردبوو بە چەقۆ بیکوژێت، بۆیە ئەو فەرمانەی بەسەردا جێبەجێ کرا.