دینداریی بازاڕیانە و بازاڕی دینداریی

Kurd24

دینداریی هەم عەقیدەو تەسلیم و تەزکیەی خۆتە، هەم نەریت و کەلتورو عاداتی قەدیمیە، بەهیچ جۆرێک بازاڕگەریی نیە بۆ پۆست و پارەپەیداکردن، بڕوانن چی دەگوزەرێ بەناوی دینەوە بەبێ ئەوەی دین خۆی ئەمە بخوازێ، ڕیابازیی و کڵێشەبازاڕیی و خۆدەرخستن و نمایشی بێمانا بۆخەڵک بەناوی دینەوە بۆتە ترێندو مانشێت، دینداریی پەرستنی خودایەکی باڵاو بێنیازە بۆ بەدەستهێنانی ئەجر و پاداشت و عاقیبەتی خێر و گەشتن بە قیامەت.

هەرچی کاندیدی سیاسی دژە دینە لەم ئان و ساتەی هەڵبژاردن بۆتە ئیمام و ئیماندار، خەتیب و موتتەقی و واعیزی دینیی و پەروەردەیی، میانڕەو، پەروەرشکار، ڕیزی پێشەوەی نوێژی جەماعەت و تەراویح و عەمرە لەبەر خەڵکی بەناو سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی بازاڕیی بەرناکەوێ، دینداری ڕاستگۆش تیکەی خوانی ئێوارەی نیە بیخوات، دەبێ واز لە شەعیرە دینیەکان و ڕێبازەکانی بهێنن بۆ خەڵکی خۆی، واز لەو ساختەکاریەش بهێنن، لیستی هەڵبژاردنت هەیە بۆخۆت و بەرنامە سیاسیەکەت چیە ئەوەمان پێ بڵێ؟ئیمانت هێناوە بڕۆ بەڕێگەی خۆتداو، حەمدی وتەنی، ویردی مەخسووسی هەیە پیری تەریقەت بۆ مورید نەک ئاخ و ئۆف، بۆیە خۆت نمایش مەکە؛

بێ ڕەواجە هەر لــە بـازاڕی خـوداشا بـۆیە وا
پوولێ ناکا بیبەیە شارێ کە ببارێ ئۆف و ئاخ

وەزیفەی مزگەوت و میحراب و دینداریی پاڵفتە و راست لە بازاڕی مسگەریی و قاڵیفرۆشاندا نییە، ئیشی دڵە و خۆت وەک فەرید و موڕشید و کاریزمای دینی پیشان مەدە، ڕێگای چوونت بۆ پەڕلەمان بەڕێگای بەکارهێنانی مزگەوت و میحراب و سرووتە ئایینییەکان یەکپارچە دووڕوویی و نیفاقە و دیندارییەکی سوقی و بازاڕیانەیە و عەوامفریویەکی کوشندەیە، ڕابەری دینی و ئایینی هەرگیز ئاوا خۆی ناخاتە ئەو بازاڕەوە.

دینداریی بازاڕیانە، ئەوەیە دین جێگایەکی ڕۆحی و باڵای نییە لە هۆشیاری و هەست و نەستی تۆی بازرگان و سیاسی و قاچاخچیدا و دین دەکەیتە کەرەستەی میکیاژ و بۆتۆکس و فیلەر و جلی براند و وەک کەمالیات و جوانکاری سەیری دەکەیت، بۆنە ئایینییەکان و ڕوکن و ئەرکان و فەرزەکانی دەخەیتە خزمەتی بازاڕەکەتەوە، دەی ئەوە دینداریی بازاڕیانەیە و عەلامەتی نیفاقەو گەر ڕاستگۆیت، سەفی یەکەمی نوێژی بەیانیانی مزگەوت پڕبکەرەوە و ئاوا خۆت و سەدەقە و نوێژەکانت، پیشانی خەڵکی مەدە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ؟ گەر ڕاستگۆیت زەکاتی ماڵ و سەروەت و سەرمایە کۆکراوەکەت بدە، دڵنیام دەزانی چۆنت پەیداکردووە بەس نازانی چۆن خەرجی بکەیت و فریات ناکەوێ.

سەرمایەی مرۆڤی ساغ و موتتەقی پارەو سامانەکەی و نمایشە درۆینەکای نییە، دڵیەتی، دڵ، ساغ  بوو جەستە ئارامە و کەوتۆتە فەزای ڕۆحانیەتی خۆی و دەتوانێ وەعز و دانایی پێبکات، دڵێکی خاشیع و ساف و خاکی و بێ نیاز لە دونیاو، بێنەزیر لە پەرستشەکان مرۆڤ دەبات بۆ دونیایەکی فەرید و پاک کە هەرگیز ئەو دنیایە دنیای خۆدەرخستن و میکیاژ نییە، دڵێک ملکەچ و دامەزراوبێت، (فتُخْبِتَ لَهُ قُلُوبُهُمْ)، یان دڵی مونیب و یەکلاکەرەوە بۆ خودا هیچ ڕیابازی و نمایشێکی ناوێت و ئەوە دڵی ڕاستەقینەیە نەک دڵێک بۆ پەڕلەمان و وەزیری و ڕاوێژکاریی لێبدات، ئەوە دڵی مزگەوت و تەقیە و تەجەللای خودایی نییە و دڵی لەکارکەوتووی بێئاگایە، ئەها ئەو دڵەی ژانی نییە بۆ گوزەرانی هەژاران، ئەودڵەی ئاگای لە پێکەنینەکانی دەم و زاری نییە، ئاگای لە سوژدەکانی نییە و هەر ڕاکەڕاک و قاڵەقاڵیەتی بۆ دەستخستنی وەلائی بازاڕەکە و بەس، ئەو دڵەی کەوتۆتە بەحری خەمی سیاسییانە و مەکری دونیاوە، (لاهِيَةً قُلُوبُهُم)، خەریکی دونیای بێسوود و بەبازاڕکردنی دینداریی و سەوداکانی خۆیەتی.

عاریفی پاک، باکی بەژیان نییە و هەمیشە تێرە، عاریفێک نابینی لەناو ئاپۆرای خەڵدا دەرکەوێ بۆ دەنگ کۆکردنەوە و نیشاندانی عەزەمەتی خۆی، هەمیشە عاریفی راستەقینە ئەوانەن پەردەپۆشن دیار نین دڵیان قوڵپ ئەدا نەک جەستەیان سەما بکا، چونکە سەما ئیشی هونەر و جەستەیە و ئاگایی دڵیش ئیشی دین و عیرفان و سروتە، ئیشی باتین و دیوەکەی تری مرۆڤ دەکەن.

عاریفێک گەر لە خەڵوەتیشدابێت و چل ڕۆژ نانی نەخواردبێ هەرگیز باسی خواردن ناکا، دەڵێ برسیم نییە ناڵێ نانم نەخواردوە چونکە دڵی تێرە، بەڵام لە دینداریی بازاڕیانەدا چونکە تەماحبازی و شەهوەتگەراییە، خەریکی ئەوەیە پۆست وەرگرێ و مووچەکەی زیادبکات و ئیمتیازی زۆرتر بباتەوە لەسەر حسابی هەژاری دیندار و سێجاری تر بچێتە پەڕلەمان و خۆی بکاتە حاجی ساختە، دواتریش بڵێ دینی ئێمە ڕەسەنایەتی زیاترە و دینی کوردانە و پەیڕەوکارانی وەک مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیسە و هی ئێوەش قوڕەیشی و شافیعی و ئەشعەرییە.

بازاڕی دینداریی مەشێوێنن.