لە محه‌ممه‌دی پێنجەم تا محه‌ممه‌د سوودانی، لە شێخ عه‌بدولسه‌لامه‌وه‌ تا مەسرور بارزانی

Kurd24

وشەی کوردستان سەنگینترین زاراوە و نووسین بووە لە ئەدەبیاتی سەرجەم دەستەڵاتدارەکانی بەغدا، هەر لە قۆناغی پاشایەتی تا دەگاتە فیدڕاڵی ئەمڕۆ، لە ئێستاش دا لە بەهێزی ئەو وشەیە، وشەی (شیمال و هەرێمی پارێزگا) بەکاردێنن.

کاتێک دادگای عوسمانی، لە 14ـی کانونی یەکەمی 1914 دا بڕیاری له‌ سێدارەدانی بۆ شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزانی دەرکرد؛ نەلیستی مووچە و نە نەوتی هەبوو، لە 1943 کاتێک دادگای پاشایەتی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ شێخ ئەحمەد و هاوڕێکانی واژۆ کرد نە حکومەتی هەرێم هەبوو نە خاڵی سنووری، کاتێک دادگای بەغدا لە 1975 سەرژمێری کەرکووکی ژێرپێخست، خەونی هەموو کوردێک چاندنی پەڵەیەک گەنم بوو.

کاتێک دادگای کۆماری لە 1961 دەستوری عێراقی پێشێل کردوو هاوبەشی گەلانی نەهێشت، کوردی ناچارکرد تفەنگ هەڵگرن و شۆڕش بەرپا بکەن؛ تەنها ئەوەی قبوڵیان نەبوو نەتەوەیەکی خاوەن زمان و کلتور و خاک بەناوی کورد هەبێت.

لە ساڵی 1975 رێکەووتنامەی 11 ئازاریان هەڵوەشاندەوە تەمەنی ریزدار(مەسرور بارزانی) تەنها شەش ساڵان بوو. لە 1982 بڕیاری جینۆساید و تەعریبی گەلی کوردیان دا تەمەنی بەڕێز(مەسرور بارزانی) 13 ساڵان بوو، کاتێک لە 2014 بڕیاری بڕینی بودجە و قوتی خەڵکیان دا هیچ بەهانەیەک نەبوو تەنها پێیان ئەرزش بوو بەغدای پایتەختی شارستانیەت لەئاست هەولێری پایتەخت کوێرە دێیەکی رووخاو و بێ ئارام دەهاتە پێش چاو.

لەپاش هەموو دوژمنکاری و سەرجەم جۆرەکانی سزادانی نادەستوری و نا یاسایی و بێ ویژدانی دژی سەرۆکوەزیران، تەنها لەهەمبەر فرۆشتنی نەوت بۆ ماوەی دووساڵ بەشێوەیەکی دروست و دەوڵەت مەدارانە، مووچە و خزمەتگوزاری و هەلی کار و هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی و بەسیستماتیک کردنی دامەزراوە حکومیەکان، هیچ نەما بۆ دادگاکان و سەرانی بەغدا کەووتنە بڕینی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و ئابلۆقەکانیان دەست پێکرد بۆسەر سەرۆک وەزیران بەمەبەستی بە چۆکدا هێنان، هێزی دیبلۆماسی و ئیرادەی پتەو باوەڕ بەخۆبوون و ڕاوەستان دژی دادگای نادەستوری جەنگاوەری تەنگانە وسوارچاکی تاقانەی ڕێگای چاکسازی رێزدار (مەسرور بارزانی) دۆخە سەختەکانی تێپەڕاند.

ئێستا ئێوە بە ویژدانەوە بدوێن دوژمنکاری (کابینەی نۆیەم) دوو ڕەهەندی نیە؟ یەکەمیان بەردەوامیدانە بە عەقڵیەتی شۆڤینی و سڕینەوەی کیانی کوردی و تێکشکاندنی تاکی کوردە، دووەمیان تۆڵەکردنەوە و دژایەتی رێزدار سەرۆک وەزیرانە لەهەمبەر ئەو ئاسایش و ئارامیەیی بۆ ماوەی 15 ساڵە بەرقەراری کردووە لە هەرێمی کوردستان و دژی سەرجەم دەزگا هەواڵگریەکانی جیهانی و ناوچەی و ئیقلیمیە کە دەیانەوێت ئارامی و ئاسایشی هەرێم تێکبدەن؛ بەجۆرێک شکاون کە بەهیچ شێوەیەک ناشاردرێتەوە.

بەڵام مێژوو وەها دەنوسرێت: ئەوەی توانای ئاسایش و ئارامی هەرێم بپارێزێت هەرگیز بۆی ئەستەم نیە دۆخی دارایی و ژیانی هاووڵاتیان نەپارێزێت لەبەرامبەر دادگایەکی سەدساڵ تەمەن دا و پلانە قێزەونە بەردەوامەکانیان.