كێ كێ هەڵدەبژێرێت..

Kurd24

"لە رێگەی هەماهەنگیی و نواندنی نەرمی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی؛ توانرا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت.."

                                              محەممەد شییاع سوودانی

خودای گەورە و میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) واتا خوای گەورە و دلۆڤان رێزی لە ئادەمیزاد ناوەو بەرز و بەقەدری كردووە، گەلی كوردی موسڵمان و كوردستانییەكانیش بەگشتی باش ئەو ڕاستییە دەزانن لە ناو ئەم عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە گڕگڕتووەو كە لەهەموو زەمەن و سەردەمێكدا هەر بەشی پڕ لەمەینەتی و كۆمەڵكوژ و ماڵووێران بووە، كێیە ئەوەی كەرامەت و پارێزگاری لێكردووەو شەهید و قوربانی لەم پێناوەدا بەخشیوە، لەبەرامبەریش دا كەم نین ئەوانەی لە پێناو ماڵی دنیا و بەدەستهێنانی دەستكەوتی ماددی و گەیشتن بەدەسەڵات سەرقاڵی فریودانی خەڵكین و خۆڵ دەکەن چاوی خەڵك و لە زەمەنە پڕ لە نەهامەتیی و قەیرانەكاندا دەیانەوێت بەری خۆر بە بێژن بگرن.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەلەكەی لە نەهامەتیی و قەیرانەكاندا بە كەمترین زیان دەرباز كرد، لە كۆرۆنا و شەڕی داعش و پەلاماردانی میلیشیا چەكدارەكان و داشكانی بەهای نەوت و بڕینی بودجە و مووچە و وشكەساڵی و  بێ بازاڕی و كارەساتی سروشتی لافاوو ئاگركەوتنەوە ، هەتا بۆردومانكردنی كوردستان و  بڕینی قووتی خەڵك و مەرام و پیلانگێڕییەكانی دوژمنان و نەیارانی گەلەكەمان.

لەهەموو ئەو وێستگانە و مەینەتییانەی كوردانی ئێزیدی و فەیلی و گەرمیان و كەركووك و بارزان و بادینان لە ئەنفال و كیمیاباران و قەتڵوعامكردنی كورد، ئەمە بارزانییە باڵی واڵاكردووە بۆ فریاكەوتنی گەلەكەی ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە گەرمەی هێرش و پیلانەكانی دوژمنان و  ملكەچبوونی لایەنە سیاسیی و حزبییەكان و بێدەنگی زۆر كەس و لایەن ئامادەی سازش نەبووە و كۆڵی نەداوە ، ئەوەتا دوای سەردانە مێژووییەكەی بۆ ئەمەریكا و گفتوگۆكانی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق ، ئەو گرفتە ئاڵۆزەی چارە كرد كە كاریگەریی خراپی لەسەر بژێوی و قووتی خەڵك كردبوو كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بوو، سەیرە لەسەركەوتنەكاندا زۆرن ئەوانەی باس لە پاڵەوانێتیی و ڕۆڵی خۆیان دەكەن كەچی لە مەترسی و مەینەتییەكانی گەلەكەمان خۆیان دەدزنەوە، میللەتێك خوای گەورەو میهرەبان ڕێزی لێنابێت بەم هەواڵ و پڕوپاگەندانە نەك هەڵناخەڵەتێت، بەڵكو ئەوانەی بەكردەوە لەگەڵیاندا نین و تەنانەت ڕۆڵیان لە برسیكردن و بڕینی بودجە و مووچە هەبوو زیاتر لەبەردەمیاندا قێزەوەن دەبن.

محەمەد شیاع سوودانی لەبەردەم مایكی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی "لە ڕێگەی هەماهەنگی و نواندنی نەرمی لەنێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی؛ توانرا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت دوای ئەوەی لەنێوان دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی كرا، هەروەها وتی دەبێت بوار بدرێت بە ڕێكارەكانی بەبانكیكردنی مووچە"، سەیرە مێژوو لەسەر زمانی بیانییەكان و دۆست و  دوژمن هەر زوو ئیدعاو درۆكانی كەسانێك ئاشكرا دەكات كە نایانەوێت سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فریاكەوتنی گەلەكەی بەكردار كار بكات، ئەوان خوازیارن خەڵكی لەمەینەتیدا بێت بۆ ئەوەی ئیدعاو درۆكانیان بەردەوام بێت كە هەر ئەو خوڕەوشتە ناشرینەیان لەم مانگە پیرۆزەی رەمەزاندا هەیە ، درۆ كردن و فریودانی كادیرەكانیان.

 وا دیارە لە كارەساتەكەی لافاوی دهۆك و زاخۆ پەندو عیبرەتیان وەرنەگرت كە كوڕی كێ و لەسەر چی ڕێبازێكی پیرۆز بەفریای خەڵكی لێقەوماودا چوون بێ گوێدانە ئەوەی سەر بەچی پارت و لایەنگرانی كێن ، هەر لەبەر ئەمەیە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردن ناترسێت چونكە فریادڕەسی گەلەكەیەتی و خەڵكی كوردستان بە هەژارو دەوڵەمەندو بەجیاوازی چین و توێژەكان دەزانن كێ هەڵدەبژێرن و بۆ دوا ڕۆژی خۆیان و منداڵەكانیان دەنگ بە چی لیستێك دەدەن ئەو لیستەی سەرۆك بارزانی ڕابەری نەتەوەی كورد و كوردستانییەكان و سەركردەكانی كە پەروەردەی عەقیدەی بارزانی خزمەتكردنی خەڵكن.