بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی دانووستانه‌كانی ڤیه‌ننا به‌رپرسانی ئیسرائیل سه‌ردانی واشنتن ده‌كه‌ن

ناتنیاھۆ: ئێسرائیل نە لایەنێكی رێككەوتنی ئەتۆمییە و نە پابەندیشی دەبێت، بەڵكو پابەندی بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی خۆیەتی و تەنھا بەپێی ئەوەش كار دەكات
باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریكا
باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "كان" رایگەیاند، "ئیدارەی سیاسی راسپاردەكانی خۆی داوەتە ئەو بەرپرسە ئەمنییانەی سەردانی واشنتن دەكەن بە مەبەستی گەیاندنی رەتكردنەوەی ئیسرائیل بۆ گەڵاڵەبوونی رێككەوتن لەگەڵ ئێران".  

سەرچاوەیەكی سیاسی گوتی: سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ لە میانی دانیشتنێكدا كە دوێنێ ئەنجامدرا، جەختیكردەوە، لەوەی وڵاتەكەی لایەنێك نییە لە رێككەوتنی ئەتۆمی و بە ھیچ شێوەیەكیش پابەندی نییە، بەڵكو پابەندی بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی خۆیەتی و تەنھا بەپێی ئەوەش كار دەكات و پارێزگاری لە ئازادی كارەكەی خۆی دەكات.

بڕیارە سەرۆك ئەركانی ئیسرائیل و سەرۆكی مۆساد و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ھەفتەی داھاتوو ھاوتاكانیان لە واشنتن ببینن بۆ باسكردنی گفتوگۆكانی ڤییەننا سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانی.

لەم بوارەدا، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، جلعاد ئەردان گوتی: ئیسرائیل دژی رێككەوتنی مەزندەكراوی نێوان ئێران و دەوڵەتە زلھێزەكان كار ناكات و ھاوتەریبیش پێی پابەند نابێت و بەردەوام دەبێت لە بەرگریكردن لە ئاسایشی ھاووڵاتیانی خۆی.

ئەردان روونیكردەوە، ئیدارە ئەمەریكا رێز لەو پره‌نسیپەی پەیوەست بە مافی ئیسرائیل لە پاراستنی ئاسایشی خۆی دەگرێت، بەڵام ئامانج لێی گەیشتنە بە بەرفراوانترین ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو دەوڵەتدا لەم بابەتەدا.

جەختیشیكردەوە ئیسرائیل رەتی داواكەی ئێران دەكاتەوە لە ھەڵگرتنی سزاكان بەر لەگەڕانەوەی بۆ رێككەوتنەكە، گوتیشی: ئەم رێككەوتنە رێگا بە ئێران دەدات لە ماوەیەكی كەمدا دەستەبەری بۆمبی ئەتۆمی بكات.