پێویسته بۆ مانه‌وه له عێراق بیر له سیستەمێكی دیكه بكرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا، كه له چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی كۆڕبه‌ندی "ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" له زانكۆی كوردستان ئه‌مه‌ریكا له دهۆك رۆژنامه‌نووسی "گاردیان"، مارتن چولۆڤ له‌گه‌ڵی ئه‌نجامدا، روانگه‌ی خۆی بۆ سه‌رخستن و پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و وڵاتانی دراوسێ و چاره‌سه‌ری كێشه هه‌نووكه‌یی و مێژووییه‌كانی ناوچه‌كه خسته‌ڕوو.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند، ئێمه وه‌ك دۆستی باش بۆ هه‌موو دۆسته‌كانمان ده‌مێنینه‌وه و هیواداریشین ئه‌مه‌ریكاییه‌كان به‌و جۆره بمێننه‌وه. روونیشیكرده‌وه، له ناوچه‌كه كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره ململانێ بۆ به‌ده‌ستھێنانی چه‌كیی ناووكیی نییه، به‌ڵكو كێشه‌كه ده‌ستوه‌ردانه له كاروباری ناوخۆی یه‌كدی. ئاشكراشیكرد، سیسته‌مه‌كانی پاشایه‌تی، حوكمی زاتی و فیدراڵی له عێراق شكستیان هێناوه و پێویسته بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بیر له سیستمێكی دیكه بكرێته‌وه، كه هه‌مووان له‌سه‌ری كۆك بن.
له باره‌ی رۆژئاوای كوردستانیشه‌وه سه‌رۆكی حكومه‌ت پێداگیری له سه‌ر پێویستیی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی كوردی – كوردی له نێوان لایه‌نه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی رۆژئاوا ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه و گه‌شه بكات و ئێمه‌ش بتوانین هاوكاری بكه‌ین، پێویسته خۆی له پاشكۆیه‌تی په‌كه‌كه داببڕێت و وابه‌سته‌ی سیاسه‌تی په‌كه‌كه نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه بكرێت، توركیاش هه‌ستیاری به‌رامبه‌ر به ئیداره‌كه كه‌متر ده‌بێته‌وه. به‌و پێیه‌ی توركیا به‌رده‌وام رایگه‌یاندووه، ئه‌وان هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه و گرێدراوه‌كانی په‌كه‌كه ناكه‌ن و ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ كورد مامه‌ڵه بكه‌ن و بیر له چاره‌سه‌ر بكه‌نه‌وه.
ده‌قی گفتوگۆكه
مارتن چولۆڤ: با ئەو گفتوگۆ رۆژنامەوانییە لە شوێنێکی دوورەدەستەوە دەستپێبکەین: ئەویش دارستانەکانی بێلاڕووس و پۆڵاندایە، کە بە هەزاران هاووڵاتی کورد دوور لە نیشتمانی خۆیان لە دۆخێکی نالەبار و ناهەمواردان، هۆکاری ئەم دیاردەیە چۆن دروست بوو، هەروەها چی کراوە بۆ ئەوەی ئەو کۆچبەرانە بگەڕێننەوە؟
مەسرور بارزانی: ئێمە هەموومان قسە لەسەر پرسێک دەکەین، کە زۆر گرنگە و قسه‌كردن له‌سه‌ر بابه‌تی كۆچبه‌رانی بێلاڕووس جێی نیگه‌رانی قوڵی ئێمه‌یه. بەتایبەتیش مایەی نیگەرانی منە، بەڵام سه‌لامه‌تی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی له‌سه‌ر سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس گیریانخواردوود بۆ ئێمه خاڵی له پێشینه‌یه.
ئەو کۆچبەرانەی لەوێن ژمارەیەکی زۆرن، خەڵکی وڵاتانی جیاجیان، هەندێکیشیان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن. به داخەوە زۆرێک لە‌و خه‌ڵكانه له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك گرووپه‌وه، وەک کۆمپانیاكانی گه‌شتی ئاسمانی، یان ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، یاخود لە لایەن هەندێ بازرگانانی سیاسیی و هەندێک کەسیشەوە لە بێلاڕووس بەکارهێنراون.
ئه‌و خه‌ڵكانه ئێرەیان له‌ژێر هیچ فشارێكدا به‌جێنه‌هێشتووه، هیچ کێشەیەکی یاساییان نەبووە، گەشتکردنیان لێ قەدەغە نەکرابوو، به‌ڵكو زۆربەیان به شێوه‌یه‌كی زۆر یاسایی و ئاسایی گەشتیان بۆ بێلاڕووس كردووه. ئه‌وان لەسەر خواستی خۆیان گەشتەکەیان کردووە، بەرێگای یاسایی و هێڵی ئاسمانی فەرمی گەشتیان کردووە. پاش ئەوەی چوونەته بێلاڕووس و مانەوەیان لە هۆتێل بۆ ماوەی چەند رۆژێک، دواتر بەمەبەستی چوونە نێو خاکی یەکێتی ئەوروپاوە بەرەو سنوورەکانی پۆڵاندا بەڕێکراون.
بەداخەوە دۆخەکە و ساردی کەشوهەواکە و ئەو ڤیدیۆ و وێنەنانەی لە تەلەڤزیۆنەکانەوە بینیوومانە، مایەی نیگەرانییەکی زۆرە، لەبەر ئەوەی هەندێک لە‌و کۆچبەرانە منداڵیان پێیە و ئەم منداڵانەش هیچ تاوانێکیان نییە، کە بەداخەوە باجی ئەو گەمە سیاسییە دەدەن.
ئێمه په‌یوه‌ندیمان به هەموو دۆستەکانمانەوە له وڵاتانی ده‌ره‌وه كردووه، هه‌روه‌ها لێره‌ش له‌گه‌ڵ به‌غدا كارده‌كه‌ین، بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەیەک، تاوەکو هەموو ئەوانەی ده‌یانه‌وێت بە سەلامەتی بگه‌ڕێندرێنه‌وە. هەتا ئەوکاتیش ئێمه داوامان له هاوبه‌شه‌كانمان له ئه‌وروپا كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه به‌رێکخراوی خاچی سوور بده‌ن بۆ گه‌یاندنی هاوكاری به‌په‌له بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌وێ گیریان خواردووه.
ئێستاش، ئایا ئەو خەڵکە دەتوانن بچنە ناو خاکی یەکێتی ئەوروپاوە، ئەوە لە ئایندەدا دیار دەبێت لە‌و کاتە بەوردی چاودێری رووداوەکان دەکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە، باسی بکەین ئەوەیە، به داخەوە زۆر زانیاری هەڵە و ناڕاست بڵاوكراونەتەوە، لە بارەی بۆچی ئەو خەڵکە لەوێیە و بۆچی کۆچیان کرد؟، هەروەکو ئاماژەم پێدا، به‌شێكی زۆریان بە ویستی خۆیان گه‌شتیان كردووە، ئەگەریش تەماشای کوردستان بکەیت و لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچه‌كە بەراوودی بکەیت، هه‌رێمی كوردستان شوێنێكی زۆر ئارامه.
ئێمه ئێستا میوانداری زیاتر له یه‌ك ملیۆن ئاواره دەکەین، له بەشەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراسێووە ئاوارەبوون و ئەوان روویان لە کوردستان کردووە، چونکە هەست بە ئارامی و ئاسایش دەکەن، بۆیە هیچ مانایەک نییە کاتێک دەگوترێت کە ئەو خەڵکە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ئێرە بەجێده‌هێڵێت.
مارتن چولۆڤ: به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت خه‌ڵك به‌دوای ده‌رفه‌تی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێت چونكه لێرە ئەو دەرفەتەیان بۆ ناڕەخسێندرێت؟
مەسرور بارزانی: با بگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵە، هەندێکیش دەڵێ لەبەر ئەو دۆخە داراییەی هه‌یه، ره‌نگه ئه‌مه راست بێت، به‌ڵام قه‌یرانی دارایی، خه‌تای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه. هەروەکو دەزانیت لەماوەی ساڵانی رابردوودا، کێشەی زۆرمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ‌دا هەبووە.
له ساڵانی 2020 و 2021 حکومەتی عێراقی بۆ 12 مانگ بەشە بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان نەنارد، هەروەها لەسەرەتاشدا كۆرۆنا زیانێکی زۆری له کابینەکەماندا، هەروەها نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچا دابەزی، بۆیە بێ بودجه و بێ هەلی بازرگانیکردن لاوازبوونی باری ئابووری، بەڵام هێشتا ئێمە توانیمان سەرکەوتوو بین لەرێگای ئەو هەنگاوانە چاکسازی، كه لە حکومەتدا ناومانه، به‌ڵێ ئێمه نه‌مانتوانی هەموو مانگێک تەواوی مووچه بدەین، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستمان بوو، هه‌موو مانگێك توانیمان مووچە دابین بکەین.
لەراستیدا هەلی کار هەیە. لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە هەتا ئێستا، ئێمە توانیوومانە نزیکەی 112 هه‌زار هه‌لی كار بڕەخسێنین، ئەمەش لەرێگای دەستپێکردنەوەی هەندێک لە‌و پرۆژانەی راگیرابوون و هەندێکیش له كه‌رتی تایبه‌ت و هەندێکیش لە کەرتی حکومی یانیش هەندێ پرۆژەی هاوبەش.
له راستیدا ده‌رفه‌ت هه‌یه بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ش كار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، خه‌ڵك له ئاسیاوه، له بەنگلادیش، فلیپین، لوبنان و ئەفریقاوە هاتوون و له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، خەڵک لە توركیا، ئێران و له به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان، بۆیە پرسیارەکە ئەمەیە بۆچی ئەوانە هاتوون لێرە کاریان دەستدەکەوێت و هەندێ خەڵک دەستیان ناکەوێت؟ لەراستیدا پرسه‌كه پەیوەستە به سرووشتی ئه‌و كاره‌ی خه‌ڵك ده‌یه‌وێت. زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێت بچنە ئەوروپا بەدوای دەرفەتێکی جیاوازدا دەگەڕێن، نەک لەبەر بێ هێوایی بوون. هیواداریشم راستییەکان ئاشکرا بکرێن و جیهانیش بزانێت كه هۆكاری ئه‌م كۆچه چییه؟، هەرکاتێکدا ئەو کۆچبەرانە ویستیان بگەڕێنەوە دەتوانن بگەڕێنەوە .
راستییەکەشی ئەوەیە، کە زۆربەی ئەوانەی رۆیشتوون دەیان هەزار دۆلاریان بە کۆمپانیا گەشتیارییەکان یانیش بە کەسانێک داوە، باشە ئەگەر ئەو کۆچبەرانە بە هەزاران دۆلاریان پێبێت بۆ ئەو گەشتە، دڵنیابووم لەوەی ئەگەر لێرە ئەو پارەیەیان بەکاربهێنایە ئەوا کارێکی باشیان بۆ خۆیان دەدۆزییەوە. ئێمه خه‌ڵكمان له سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆك بزنسی بچووكیان بۆ خۆیان دروستكردووه و حکومەتیش هاوکاریکردوون بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکانیان.
مارتن چولۆڤ: ئایا ئێوە هاوکاری ئەوانە دەکەن، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە؟ بەرێگای دابینکردنی فڕۆکە و رێکخستنی رێکارە لۆجستییەکان؟
مەسرور بارزانی: ئێمه ئێستا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵیدا كار ده‌كه‌ین، لەراستیدا هەوڵەوکانمان دەستیانپێکردووە و بۆ هاوکاریکردنی ئه‌و كۆچبه‌رانه بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
مارتن چولۆڤ: تۆ ئاماژەت بە نەبوونی دەرفەت و ئەوانەی دوای کاردا دەگەڕێن و لە‌و بوارەی خۆیاندا دەستیان ناکەوێت، ئێستا ئێمە لە زانکۆیەکین کە زۆر تایبەتە لات و کار دەکات بۆ دۆزینەی درەفەت لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرچووە بەتوانا و بەهرەدارەکان، لە‌و چوارچێوەیەشدا، ئەو بەرنامە چاکسازییەی کە بۆ خۆت بەتایبەتی سەرکردایەتیت کردووە لەوکاتەوەی وەکو سەرۆکی حکومەت دەستبه‌کار بوویت، بەرنامەیەکی فراوان بووە و زیاتر گرنگی بە سیسەتمکردنی دامودەزگا حکومییەکان دەدات و هەروەها بە تایبەتکردنی هەندێ لە‌و دەزگا حکومیانە، بۆ نموونە لە کەرتی کارەبا و بەتایبەت دابەشکردنی کارەبا. هەروەها تۆ هەوڵی زۆرتداوە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە هێشتا خاڵێکی مەترسیدارە نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە بەشەکانی دیکەی عێراق و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەموو ئەو کارانەی کردووتانە ئایا کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک کردووە بەتایبەتی هەندێک لەوانەی بە من و کەسانی دیکە دەڵێن بۆیە لێرە دەڕۆن چونکە هیچیان لێرە نییە؟ و ئایا دەتوانی قایلیان بکەیت، لە ئایندەدا دەتوانرێت هەرێمی کوردستان ببێتە خاکی دەرفەت و هەموو ئەو هەنگاوە چاکسازیانەی ئێوە هاویشتووتانە، ئەنجامی دەبێت؟
مەسرور بارزانی: ده‌مه‌وێت هه‌ندێك شت روونبكه‌مه‌وه، نامه‌وێت بڵێم لێره دۆخەکە زۆر باشه و کامڵە، ئێمه هێشتا كێشه‌مان هه‌یه، کێشەی ئابووری، كێشه‌ی ئه‌منیشمان هه‌یه، ئەو تەحەدییە گه‌ورانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، ئێمەش لێی بێبەری نین و ئێمەش به‌شێكین له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، کە رووبەڕووی كۆمه‌ڵێك تەحەدی بووەتەوە. بەڵام ئەوەی ئێمە لە رووی چاکسازییەوە توانیوومانە ئەنجامی بدەین وه‌كو هه‌رێمی كوردستان هاوکارمان بووە لەوەی لە‌و کاتە قورس و گرانەدا رزگارمان بێت. هەروەکو لەسەرەتاشدا روونمکردەوە، کە دۆخی ئابووری کوردستان چەند خراپ بوو. ئه‌گه‌ریش چاكسازیمان نه‌كردبا، دوورنەبوو کە بڕووخێین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت ئێستا لە رەوشێکداین لێی رازین.
ئێمه هەموو هەوڵێکمان خستەگەڕ بۆ ئه‌وه‌ی کارەکان بخەینەوە سەر رێگای راست و چاویشمان لەوەیە کە ئابوورییه‌كی باشترمان هه‌بێت و ده‌رفه‌تی كاری زیاتر دروستبكه‌ین، كردیشمان و هه‌وڵمانداوه ئه‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ن و چاره‌سه‌ر نه‌كراون، چاره‌سه‌ر بكرێن.
هیوادارین ئەمه قۆناغێکی نوێ بێت بۆ هەموو لایەک و هەمووان بتوانن پێکەوە کار بکەن. لە‌و بڕوایەدام کوردستان دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەستە بۆ ئه‌وه‌ی ببێتە شوێنێکی زۆر باشتر و ئارامتر، ئەمەش لەرووی بووژاندنەوەی ئابووری و بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسییەوە. بۆ ئەمەش ئێمە پێویستمان بەوەیە پێکەوە کار بکەین.
لە راستیدا زۆربەی ئەو خاڵانەی تۆ باست کرد دەربارەی ئابووری و ئاسایش، رەنگە ئەوە کڕۆکی کێشەکە نەبێت، بەڵام گەورەترین کێشەی کە رووبەڕوومان بووەتەوە کێشەی سیاسییە.
هۆکارە ئابووری و ئەمنییەکان قۆستراونەتەوە و کراونەتە ئامرازێکی سیاسی بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، جا ئەمەش لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستانه‌وه‌یه. بۆیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کێشانەدا دەبێ ئێمە رێگەچارەیەک بدۆزینەوە، چۆن سەقامگیریی سیاسی بگەڕێنینەوە بۆ هەرێم و ئەمەش وادەکات دۆخی ئابووری هاووڵاتیان باش بێت.
لێرە دەرفەت دراوە بە خەڵک کار بکات و سەرکەوتووش بووە، حکومەتیش هەموو توانایەکی خستووەتەگەڕ بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان، بەڵام ناشبێت ئەوە لەبیر بکەین، ئێمه لە هەرێمی کوردستان یه‌ك ملیۆن ئاواره‌مان له‌خۆگرتووە، قورسایی ئه‌مانه‌ش له‌سه‌ر شانی ئێمه‌یه، حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌مه‌ی نه‌كردووه، هه‌رچه‌نده حكومه‌تی فیدراڵی پێویست بوو پارەی له‌و كه‌مپانە خه‌رج بكردایە، بەڵام ئەو کارەی نەکردووە، بێجگە لە چەند رێخکراوێکی خێرخوازی، زۆربەی بەرپرسیارێتی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارەکان کەوتووەتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ئه‌و خه‌ڵكانه بكه‌ین، له كه‌مپه‌كانه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان، ده‌بێت شوێنێكی ئارامیان هه‌بێت، پێویسته پرسی ئاسایش یه‌كلایی بكرێته‌وه و سه‌قامگیریان بۆ دابین بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان توانیان بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان، ئه‌وا قورساییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر شانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لادەچێت.
مارتن چولۆڤ: تۆ باست لە‌و بەربەستە سیاسییانە کرد، کە هەن بۆ دەربازبوون لە‌و کەشە نائارامەی هەیە، هەروەها ئەو کێشانەی رووبەڕووی ئابووری کوردستان بوویەوە لەماوەی 18 مانگی رابردوودا، بەڵام یەكێک لە‌و کێشانەی بەردەوام لەگەڵ بەغدا هەتانە، پرسی بودجەی هه‌رێمی کوردستانە، کە نزیکەی 17 ساڵ لەمەوبه‌ر پشکی کورد لە بودجەی عێراق بە لەسەدا 17 دیارییکرا، بەڵام لەراستیدا هیچ کات نەگەیشتووەتە ئەو رێژەیە. ئێستا ئەو پرسە بەکوێ گەیشتووە دەربارەی پشکی هه‌رێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا؟ سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتای ئەمساڵدا لە رێگای بەیاننامەیەکدا ستایشی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانت کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە؟
مەسرور بارزانی: پێشتر چه‌ندینجار قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه، هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیز 17% بودجه‌ی وه‌رنه‌گرتووه، ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ی، بارودۆخی ئابووری زۆر باش بووه و ده‌گوترێت حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌دا 17ی وه‌رگرتووه، هه‌رگیز حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌و رێژه‌یه بودجه‌ی وه‌رنه‌گرتووه. ئەگەر ئێمه سه‌یری بارودۆخه‌كه بكه‌ین، كه له‌نێوانماندا روویداوه، هه‌ر رێژه‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان بووه، له‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بووه، دواتر پشکی هه‌رێمی كوردستان کرایە 13%، دواتر ئەو رێژەیەشی وه‌رنه‌گرت، چه‌ند هۆكارێك بۆ ئه‌مه هه‌یه.
لە راستیدا به‌شێكی زۆر داهاتی عێراق، لە فرۆشتنی نه‌وته، نزیکەی ملیۆنێک به‌رمیل نه‌وت بۆ دابینکردنی پێویستی ناوخۆیی به‌كاردێت، ئه‌مه‌ش ناخرێته سه‌ر بودجه‌ی گشتی عێراق، كه ئه‌مه لە 22%ی بودجه‌ی عێراق پێکدێنێت. پاشان ئەوەی دیکە هەناردەی دەرەوە دەکرێت و دەبێتە داهات، نزیکەی لە 48% بۆ خه‌رجی گشتی به‌كاردێت، كه بۆ نموونە ده‌بێت مووچەی پێشمه‌رگەی پێ دابین بکرێت و وەک بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەژمار بکرێت یانیش دابینکردنی مووچەی خانەنشینی، کە ئەمانە دەبێ لەرێگای خەرجی سیادی بۆ هه‌رێمی کوردستان دابین بکرێت، بەڵام هه‌رێمی کوردستان هیچ سوودمەند نەبووە لێی.
ئێمە لێرەدا تەنیا باسی لەسەدا 52 لە لەسەدا 80ی بودجە ی گشتی عێراق ده‌كه‌ین. هەرێمی کوردستانیش لەسەدا 13ی ئەو رێژەیە وەردەگرێت. ئه‌گه‌ر لێكیبده‌یته‌وه، كه‌متر له 5%ی بودجه‌ی عێراق ده‌كات، بۆیە لە راستیدا هەرێمی کوردستان کەمتر لەسەدا 5ی بودجەی عێراقی بۆ هاتووه. دواتریش بێگومان بابه‌تی بودجەی 2020 و 2021 دێته پێشه‌وه، كه یاسایه‌ك هه‌یه، به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسایه‌ی بودجه به‌شێك له پاره‌كه بۆ هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت.
ئێمه رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی هه‌یه، ئه‌وان تەواوی داهاتی هەرێمی کوردستانیان لەگەڵ داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ لێکداوەتەوە و پێکەوە ژمارەیەکیان بەدەستهێناوە، بێجگە لەمە پشکی کوردیش لە بودجه‌ی عێراق هەیە، کە ئەمەش جیاوازییەکی تێدایە لە نێوان ئەو دوو ژمارەیە، ده‌بێت ئەو جیاوازییەش لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە کاتێک هەندێک كه‌س حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی هه‌رێمی كوردستان بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ ناکات، ئه‌مه راست نییه، چونکە ئێمە هەر لەمێژەوە رازیبووین بەوەی کە بەشێک لە داهاتەکەی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بودجەی عێراق و ئەوەی دیکەش بدرێتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو بڕەش نەدرا و ئەوان لای خۆیانەوە ژمارەیەکیان هێناوە، کە تەنیا 200 ملیار دینارە، کە دەکاتە 137 ملیۆن دۆلار، ئەوەش پێویست بوو هەتا ساڵی 2021 بدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ساڵی 2020 بەوشێوەیە نەبوو، چونکە ئەوان ئەوکات 230 ملیۆن دۆلاریان دەدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و شەش مانگی ساڵی 2020 هیچ بڕێک پارە بە هەرێمی کوردستان نەدرا. هەتا بە گوێرەی یاسای بودجه‌ی عێراقیی، شەش مانگی 2021یش بە هەرێمی کوردستان نەدراوە، کە بە کۆی گشتی 12 مانگ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە، کە ئەگەر هەمووشی کۆبکەیتەوە دەکاتە نزیکەی 3.1 ملیار دۆلار ده‌كات، بۆیە لەگەڵ ئەوەش ئێمە هێشتا رووبەڕووی چەندین کێشەی ئابووری بووینەتەوە.
مارتن چولۆڤ: بەشێکیش لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ئەوەیە، هەوڵتانداوە ئابووری هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بکەن، بۆیە پرۆسەی چاکسازی لە ناو حکومەتدا بەشێکی گرنی ئەو پرسەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بگەیتە ئەو ئامانجە پێویستە کەرتی تایبەتت بەهێز و زیندوو بێت، بەڵام ئەمەش رسکێکی لەگەڵدایە و لەماوەی چەند رۆژی رابردووش لەمیانەی گفتۆگۆکانی ئەم دیدارە، رەنگە کولتووری کۆمەڵگه‌ی هه‌رێمی کوردستان لە‌و ساتەدا ئامادەی ئەو ریسکە نەبێت. هەروەها چۆن دەتوانن پەرلەمانێک بنێاتبنێن کە بتوانێت رۆڵێکی کارای هەبێت لە حوكمڕانی و بڕیاردان لێرە؟
مه‌سرور بارزانی: تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه هەروەکو حكومه‌ت به‌رپرسیارێتیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، چونكه ئه‌مه به‌رپرسیارێتییه‌كی هاوبه‌شه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حکومەت. حكومه‌ت لێره‌یه بەمەبەستی خزمه‌تکردنی خه‌ڵك. پێویسته خه‌ڵكیش رۆڵیان هەبێت لە‌و پرۆسەیەدا.
لە بارەی ئه‌و چاكسازیانه‌ی كردوومانه و ئه‌و زه‌مینه‌سازییه‌ی ره‌خساندوومانه، هه‌موویان هاوكاربوون لە باشتركردنی دۆخی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كو بتوانین له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین. یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه‌ی زۆر گرنگ بوو، بریتییه له كه‌رتی تایبه‌ت، ئێمه له دۆخێكی ناهەمواردا بووین، کارمان کرد بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک له پێناو به‌رده‌وامبوونی جووڵه‌ی ئابووری، هه‌موو ئه‌و بازرگانانه‌ی له كه‌رتی تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵیان كۆبوومه‌وه و پێم راگەیاندن، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م ئێوه رۆڵی خۆتان بگێڕن و پڕۆژه ئه‌نجام بده‌ن، به‌شداری ئه‌وان لە‌و کارە وایکرد ئابوورییەکەمان نەکەوێت و له ساتێكی زۆر قه‌یراناویدا توانی جووڵه بخاتەوە ناو ئابووری هه‌رێمی كوردستان، هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت.
لە بارەی ئەوەی خەڵک دەنگی هەبێت لە پرۆسەی حکومڕانیدا، بێگومان بڕیارده‌ری كۆتایی هه‌ر خه‌ڵكه و ئه‌وه‌ی بڕیاریش ده‌دات كێ حكومه‌ت به‌ڕێوه ببات و كێ له په‌رله‌مان هه‌بێت، هه‌ر خه‌ڵكه، ئه‌ویش له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه. خه‌ڵك ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیار دان و یاسادانه‌ران هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌رپرسیارێتییان له ئه‌ستۆدایه و پێویسته كار بۆ ئه‌وه بكرێت وڵاته‌كه‌یان خۆشبوێت و بیپارێزن و لە پێناویدا كار بکەن، پێشیبخەن. حکومەت بەتەنیا ناتوانێت ئەو کارە بکات. ئەگەر بتوانم نموونەیەکت بدەمێ، ئه‌م حكومه‌ته نزیکەی له 85%ی بودجه‌كه‌ی بۆ مووچه‌ی خه‌ڵك ده‌ڕوات، کە مووچەخۆری حکومەتن و نزیکەی ملیۆنێك و دوو سه‌د هه‌زار هاووڵاتی مووچه‌خۆرن، به‌ڵام كۆی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر لە 6 ملیۆن كه‌سن، واتا نزیكه‌ی 5 ملیۆن هاووڵاتی مووچه خۆر نین، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه، حكومه‌ت به‌رپرسیارێتی ئه‌و 5 ملیۆن كه‌سه‌ی له ئه‌ستۆیه، بۆیه حكومه‌ت به‌رپرسیارێتی ژیان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك ئاو، كاره‌با، په‌روه‌رده‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌ستۆیه، نه‌ك ته‌نیا ئه‌و ملیۆن و 200 هه‌زاره‌ی مووچه خۆرن.
کاتێکیش باسی خانەنشینش دەکەم، حکومەتی فیدڕاڵی جیاوازیان دروستکرد لە نێوان مووچەخۆری کارا و خانەنشین. خانەنشینەکان پێویست بوو لەسەر خەرجی سیادی مووچەکانیان دابین بکات، بەڵام ئەوەشی بۆ هەرێمی کوردستان دابین نەکرد. بۆیە لە‌و ژمارانەی باسی دەکەم باسی ژمارەی مووچە خۆری راستەقینەی حکومەت دەکەم. له‌م حاڵه‌ته‌دا پێویسته هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ین له‌وه‌دا، كه چۆن بتوانین ئابووری هه‌رێمی كوردستان باشتر بكه‌ین، ئێمه ناتوانین به‌رده‌وام بین له‌وه‌ی چاوه‌ڕێ بكه‌ین، كه ته‌نیا به رێژه‌یه‌كی كه‌می بودجه‌ی عێراق هه‌رێمی كوردستان پێشبخه‌ین، ئه‌گه‌ر ته‌نیا پشت به‌و بڕه پاره‌یه ببه‌ستین، كه هه‌مانه، ئه‌وا ئه‌و بڕه ته‌نیا به‌شی مووچه ده‌كات.
كێشه‌یه‌كی دیكه‌مان ئه‌و قه‌رزه‌یه كه له‌سه‌ر شانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ئێمه شه‌ڕی دژ به داعشمان كرد وپاره‌یه‌كی زۆرمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خه‌رج كرد و به‌غداش یه‌ك دیناری بۆ هه‌رێم نه‌نارد، بۆیه حکومەتی هه‌رێمی كوردستان ناچاربوو قه‌رز بكات و تاوەکو بتوانێت کارەکانی خۆی بەڕێوەبەرێت. ئەمانە ئەو قەرزانەن، کە ئێمە دروستمان نەکردن، کەچی دەبێ ئێمە ئەو قەرزانە بدەینەوە. بۆیە کاتێک تەماشای کۆی گشتی داهاتەکان دەکەیت، هەموو ئەو داهاتانە بەشی ئەوە ناکات قەرزەکان بدەیتەوە و لەهەمان کاتیش‌دا مووچە و خزمەتگوزاریی بۆ پێشخستنی هەرێمەکە دابین بکەیت. بۆ ئەو مەبەستەش دەستمانکرد بە پرۆسەی چاکسازی، بەمەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و زیاترکردنی داهاتەکان تاوەکو بەشێوەیەکی باشتر به‌کاری بهێنین و ژێرخانێک بنیاتبنێین، کە بتوانێت ئابوورییەکی سەقامگیر بۆ هه‌رێمی کوردستان بێنینەئاراوە.
بۆیە ئێمە دەستمانکردووە بە هەمەچەشنکردنی ئابووری هه‌رێمی کوردستان تاوەکو سەرچاوەی داهاتەکان فراوانتر بکەین. ده‌مانه‌وێت له رووی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتوگوزار كار بكه‌ین ئەو بوارانە پێشبخەین، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی داهات زیاد بكه‌ین و بتوانین بارودۆخی خۆمان باشتر بكه‌ین.
مارتن چولۆڤ: با هەندێک لەپرسی ناوخۆ دووربکەینەوە و هەندێک باسی ناوچەکە بکەین. با لە سووریاوە دەستپێبکەین. ئێوە بینەری سەرەکی بوون لە‌و رووداو و پێشهاتانەی لەوێ روویان داوە، چونکە ئێوە لە شوێنێکی ستراتیژیدان لەم پرسەدا، ئێستا ئێمە لە قۆناغێکداین لە سووریا کە دەکرێ پێی بڵێن قۆناغی دوای جەنگ، باشە ئێستا چی چاوەڕێی سووریا دەکات؟ ئایا کاتی ئەوە هاتووە بڵێین بەشار ئەسەد سەرکەوت و کۆتایی بەو پرسە بێنین؟
مه‌سرور بارزانی: لە راستیدا به‌شار ئه‌سه‌د مایه‌وه. من ناتوانم ئه‌و بڕیاره بده‌م، كه ئه‌و له شه‌ڕدا براوه‌بوو یانیش دۆڕاو، ئه‌و مایه‌وه.. ئەو توانی دوور لە چاوەڕوانییەکان، بمێنێتەوە و دۆخی ئێستای سووریاش ئه‌وه‌یه، كه ئێستا ئه‌و سه‌رۆكه، پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه، كه داهاتووی سووریا چۆن ده‌بێت؟!
ئێمه وه‌ك دراوسێیه‌كی سووریا، ده‌مانه‌وێت دۆخێکی ئارام و سه‌قامگیر له‌و وڵاته هه‌بێت، چونكه دۆخی ئاسایش و سه‌قامگیری ئه‌و وڵاته كاریگه‌ری له‌سه‌ر عێراقیش ده‌بێت. ئه‌وه‌ی ئێمه به‌لامانه‌وه گرنگه، دانیشتوانی كوردن له‌و وڵاته و ئێمه ئه‌وه‌ی له‌تواناماندا بێت، هه‌وڵمان داوه گرژییەکان نەهێڵین و چارەسەرێکی گشتگیر هەبێت بۆ تەواوی سووریا و نەک تەنیا ئەو بەشە، چونکە هەروەکو دەزانیت لە سووریا چەندین ئاکتەر و هێز هەن نەک تەنیا سوورییەکان، به‌ڵكو چەندین زلهێزی ناوچەکە و جیهان لەوێ هەن؛ هەروەکو ئه‌مه‌ریكا، ئێران، توركیا و رووسیاش هه‌ژموونیان له‌و وڵاته هه‌یه و به‌شێكن له هاوكێشه‌كه.
بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت چاره‌سه‌رێكی به‌رده‌وام له‌و وڵاته هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و وڵاتانه‌ش له‌سه‌ر دۆخی سووریا رێكبكه‌ون، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت هه‌ر رێككه‌وتنێك، كه له سه‌ر ئاینده‌ی سووریا بكرێت، له‌سه‌ر حیسابی هیچ پێكهاته‌یه‌كی ئه‌و وڵاته نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێت ئاشتی بگه‌ڕێته‌وه بۆ سووریا و ناوچه‌كه سه‌قامگیر بێت.
مارتن چولۆڤ: نزیکەی ئەو 200 هەزار کوردەی سووریا کە لە کاتی دوا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سووریا روویان لە هەرێمی کوردستان کرد لە ئۆکتۆبەری 2019دا، ئایا ئەوانە هێشتا لە هه‌رێمی کوردستان ماونەتەوە یانیش گەڕاونەتەوە؟
مه‌سرور بارزانی: زۆربەی خەڵکەکە ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە، ژمارەیەکی کەمیان گەڕاونەتەوە. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، کە نەگەڕاونەتەوە داعش نییە، رەنگە ئه‌وان به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه رایانكردبێت، به‌ڵام مانه‌وه‌یان به‌هۆی شه‌ڕی داعش نییه، به‌ڵكو ئه‌وان پێیان وایه ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئێستا له رۆژئاوای كوردستان هه‌یه درێژكراوه‌ی په‌كه‌كه‌ن و ئه‌وان هه‌ست به ئارامی ناكه‌ن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رۆژئاوا و هەست بە ناڕوونی دەکەن لەبارەی چارەنووسی ئەو وڵاتە، بۆیه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
ئه‌وان دڵنیا نین لە داهاتووی خۆیان و پرسیاری ئه‌وه ده‌كه‌ن، چی له داهاتوودا چاوه‌ڕێیان ده‌كات، ئایا پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه یان نا، ئایا ئه‌مه‌ریكا له‌وێ ده‌مێنێته‌وه یان نا، ئایا چاره‌نووسی ئه‌و به‌شه‌ی سووریا له‌نێوان وڵاتانی زلهێز چی ده‌بێت؟، واتا ئه‌و خه‌ڵكه‌ی لێره‌یه، دڵنیا نین كه بگه‌ڕێنه‌وه چی‌یان به‌سه‌ر دێت، بۆیه ناگه‌ڕێنه‌وه، ئەمە هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئەو خەڵکەیە.
مارتن چولۆڤ: ئەگەر ئەو دەرفەتە هاتەپێش و ئایا بەشدار دەبیت لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا و بچیتە دیمەشق و لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆببیتەوە یان بانگهێشتی بکەیت بۆ هەولێر؟
مه‌سرور بارزانی: لەراستیدا ئێمه هه‌میشه پێمان باشه دیالۆگێكی ئاشتیانه له نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناوچەکە هه‌بێت، ئێمه هیچ كات ناكۆكیمان له‌گه‌ڵ هیچ سه‌رۆكێكی ناوچەکەدا نه‌بووه، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بووبێت بۆ به‌هێزكردنی ئاشتی و سه‌قامگیری له نێوانماندا هه‌میشه به‌وه خۆشحاڵین، كه ببینه فاكته‌ری ئاشتی.
مارتن چولۆڤ: با بچینە سەر ئێران. لە کۆتایی ئەم مانگە گەڕێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێککەتنی ناو‌کی ئێران بەڕێوەدەچێت. لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا روونە، کە ئەمریکا هەست بە گومان دەکات و نازانن چارەنووسی ئەو رێککەوتنە چی دەبێت. ئەگەر بێتوو ئەو رێککەوتنە شکشتی هێنا، کاریگەری لەسەر ناوچەکە بەگشتی چی دەبێت؟
مه‌سرور بارزانی: ئه‌مه بابه‌تێكی گرنگه و ئێمە لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانەین، چونکە ئەو رێککەوتنە لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی رۆژئاوادایە، بەڵام کاتێک دێیتە سەر پرسەكانی ناوچەکە، بابەتەکە دەچێتە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو رێککەوتنامەیەوە. ئێمە باس لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەین و تەنیا فۆکس لەسەر رێککەوتنی چەکی ئەتۆمی ئێران ناکه‌ین.
ئێران یاریزانێکی گرنگە لە ناوچەکە، بێگومانیش گەیشتن بە هەر چارەسەرێکی ئاشتیانە، کە ببێتە هۆی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە و ببێتە هۆی رێگەگرتن لە دەست تێوه‌ردانی دەرەکی لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ، پێمان وایە ئەوە گونجاوترین چارەسەرە بۆ کێشەکان. لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە کێشەی نییە لە رکابەرایەتیکردن لەسەر بەرهەمهێنانی چەکی ناووکی، بەڵکو بەدەست دەستێوەردانەکانەوە دەناڵێنێت و رکابەرایەتیکردنی یەکتری لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری ئەمە کێشەکەیە.
بۆیە تاوەکو سەقامگیریی بگەڕێتەوە ناوچەکە و لەمیانەی ئەو گفتوگۆیانەی هەمانبووە لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە، دەبێ ئێمە سیستەمێک و پەیوەندییەکی باشترمان لەگەڵ یەکتر هەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن لەیەکتری و دوور لە دەستوەردان لە کاروباری یەکتری.
مارتن چولۆڤ: ئەی چی روودەدات ئەگەر رێککەوتنەکە شکست بهێنێت؟
مه‌سرور بارزانی: لەراستیدا من نامەوێت هیچ لێدوانێک لەسەر بنەمای گریمانە بدەم. با هیوا بخوازین، رێککەوتنەکە شکست نەهێنێت و هیوادار بین بەوەی جۆرە تێگەیشتنێک هەبێت کە یارمەتیدەری دۆخ و سەقامگیریی ناوچەکە بێت.
مارتن چولۆڤ: با بچینە سەر پەیوەندییەکانتان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و وڵاتانی کەنداو چۆنه؟ ئەمە لەکاتێکدا ئێوە هەندێک دەستبەستراون بەوەی لە‌و پەیوەندیانەدا ئێوە هێشتا وڵاتێکی سەربەخۆ نین، بەڵام ئایا ئێوە تا چەند سەرکەوتوو بوون لەوەی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دروست بکەن؟
مه‌سرور بارزانی: ئێمه زۆرمان پێ خۆشه، كه په‌یوه‌ندیمان له هه‌موو بوارێكه‌وه به‌هێز بكه‌ین، ئێمه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دۆستمان ده‌ستمان پێكرد، دواتر بۆ وڵاتانی كه‌نداو، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئاسیا و ئه‌مه‌ریكاش ده‌ستپێشخه‌ریمان هه‌بووه، یه‌كێك له‌و رێگه‌یانه‌ش ئه‌وه‌یه، ئێمه هه‌وڵمان داوه په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتان فراوان بكه‌ین، بەڵام ئێمە له‌و باوه‌ڕه‌داین، ته‌نیا بازرگانی نابێته فاكته‌ری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتان، به‌ڵكو ئەوەی من و کابینەکەم دەمانەوێت ئەوەیە ده‌بێت به‌رهه‌می ناوخۆیی له هه‌رێمی كوردستان زیاد بكه‌ین و به هه‌مان ئه‌و پێوه‌ره‌ی ئێمه هاورده‌ی ده‌كه‌ین، بتوانین به‌رهه‌مهێنانیشمان هه‌بێت و بتوانین شت دروست بكه‌ین، نه‌ك ته‌نیا خه‌ریكی بازرگانیكردن بین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هاوسه‌نگی له نێوان هه‌نارده و هاورده دروست بكه‌ین.
بۆیە هەمیشە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانم لە سەردانەکانمدا ئەوە بووە، كه بازاڕێك بۆ كاڵاكانی هه‌رێمی كوردستان بدۆزمه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستان زیاد بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هه‌نارده‌مان هه‌بێت و بتوانین پشت به خۆمان ببه‌ستین، كاتێك كه به‌رهه‌می خۆمان هه‌بوو، ده‌توانین له‌گه‌ڵ وڵاتان په‌ره به بازرگانی بده‌ین و به‌رهه‌مه‌كانمان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكه‌ین.
هەروەها دەمانەوێت بەرهەمەکانمان بگەیەنینە بەشەکانی دیکەی عێراقیش و بۆ ئەو مەبەستەش له كۆبوونه‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و شاره‌كانی دیكه به‌و ئاراسته‌یه كارمان كردووه، كه سوود له به‌رهه‌می یه‌كتر وه‌ربگرین و ده‌توانین بڵێین له دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ به‌رهه‌مه‌كانمان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتانی دیكه و شاره‌كانی عێراق هه‌ندێك سه‌ركه‌وتن هه‌بووه.
ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌وه ده‌كرێت، كه كشتوكاڵی خۆمان به‌هێز بكه‌ین و بتوانین به‌رهه‌مه‌كانمان فره‌جۆر و فراوان بكه‌ین و هاوکاری ئەو کەرتە بکەین پێشبکەوێت و داهاتیش بۆ وڵاتەکە زیاتر بکەین.
مارتن چولۆڤ: بازاڕێکی زیندووی هەناردەکردن پێویستی بە کڕیار و رێگای ئاسانی بازرگانیکردن و پەیوەندی و هەماهەنگییەکی بەهێز هەیە، ئایا ئێوە تا چەند سەرکەوتووبوون لە فراوانکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و وڵاتانی دراوسێ لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە دەرەوەی عێراق؟
مه‌سرور بارزانی: بەڵێ ئێمە سەرکەوتووبووین لە گەیشتن بە رێککەتن لەگەڵ هەندێ وڵات‌دا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان. لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە هانی كۆمپانیاكانی بیانی بده‌ین، بێن وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، چونكه به‌و وه‌به‌رهێنانه ده‌توانین سوود وه‌ربگرین، به‌رهه‌مه‌كانمان زیاد بكه‌ین، ده‌توانین پرسی بازرگانی و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌كاربهێنین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. ئێمه یاسای وه‌به‌رهێنانمان ئاماده‌كردووه و هه‌ندێك گۆڕانكاریمان تێیدا كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك، كه ببێته جێگه‌ی سه‌رنجی كۆمپانیا بیانییه‌كان، ئێمه له‌م بواره كار ده‌كه‌ین و باشترین هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین كۆمپانیا بیانییه‌كان بێن و لێره كاری وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
مارتن چولۆڤ: هەر لەبارەی ناوچەکە، لە سەردەمی حکومەتی پێشووتری عێراقدا، هەنگاوێکی جیدی هەبوو بۆ تێکەڵاوکردنەوەی عێراق لە چارەسەکردنی کێشەکانی ناوچەکە، لەدوای قۆناغی دەسەلاتی سەدام و شەڕی تیرۆر تا چەند ئەم هەنگاوانە گرنگ بوون و هەروەها لە ماوەی چەند مانگی رابردوو هەوڵدرا عێراق بکرێتە گۆڕەپانی بنیاتنانی ئاشتی لەنێوان ئێران و سعوودیە، کە هەندێک پێیانوایە دوژمنکارییەکی کۆنی ئایینییە و هەندێکیش لەوبڕوایەدان زیاتر ناکۆکییەکی سیاسییە. لە‌و ماوەیەشدا چەندین کۆبوونەوە باڵا بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەچوون؟
مه‌سرور بارزانی: وەڵامە کورتەکە ئەوەیە ئەو هەنگاوانە گرنگن و ئه‌و كۆنفرانس و دیدارانه‌ی به‌غدا زۆر گرنگ بوو، ئێمه له‌وباوه‌ڕه‌داین، ده‌بێت عێراق بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر دۆخی خۆی، رۆڵێكی ئه‌رێنی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمیی بگێڕێت. زۆرترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتێك هه‌بێت، نه‌ك ته‌نیا وڵاتێكی دیاریكراو، به‌ڵكو هه‌موو وڵاته جیاوازه‌كان، چونكه ئه‌و وڵاتانه ده‌توانن فاكته‌رێكی سه‌قامگیری بن، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به‌شێكین له‌و ئاسایشه گشتگیره، چه‌نده عێراق به‌ره‌و سه‌قامگیری هه‌نگاو بنێت، ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده وه‌ك هه‌رێمی كوردستان سوود وه‌رده‌گرین.
بۆیه ئێمه پشتیوانی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی عێراق ده‌كه‌ین له دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ئاشتیان و پێشمان وایە، هەنگاوی گرنگن.
مارتن چولۆڤ: دەزانم بەغدا هیچ کات ئەوەندە سەقامگیر نییە، بەڵام هەفتەی رابردوو بینیمان، هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنێکی سیاسی بۆ سەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران هەبوو. پێتوایە ئەو هێرشە ئاماژەیە بۆ چی و کێ لە پشت ئەو هێرشەوە بوو؟
مه‌سرور بارزانی: به‌ڕای من ده‌بێت جارێ چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان بكه‌ین، كه ئێستا له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ن، تا بزانین كێ به‌رپرس بووه له به‌رامبه‌ر هێرشكردنه سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌وڵی تیرۆركردنی، به‌ڵام هه‌وڵێكی ترسنۆكانه بوو، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئێمه ئیدانه‌ی ئه‌و جۆره هه‌وڵانه‌مان بۆ تیرۆركردنی سه‌رۆك وه‌زیران كرد.
هه‌ر كه‌سێك دۆستی عێراق بێت، هه‌رگیز بوێری ئه‌وه ناكات كرده‌وه‌ی له‌م شێوه‌یه ئه‌نجام بدات، چونكه ئه‌مه هەوڵیک بوو بۆ قووڵکردنەوەی ناكۆكییه‌كان و دروستکردنی ئاڵۆزی و کێشەی زیاتر. هەروەها پێموایە هەر کەسێک خۆی بە دۆستی عێراق بزانێت یانیش خەمی عێراقی بێت، ئەو جۆرە کارانە ناکات.
مارتن چولۆڤ: با بچینە سەر دراوسێیەکی دیکە، ئەویش تورکیایە. هەندێ کات هاوپەیمانێتێکی بە‌هێزە هەتبێت و هەندێجاریش هاوپەیمانێکی زەحمەتە. دەمەوێت فۆکەس بخەمە سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ماوەی چەند هەفتەیەکە لێدوانی توند لە لایەن بەرپرسانی ئەنقەرە دەدرێت لەسەر ئەو ناوچانە وەکو ئاماژەیەک کە ئۆپراسیۆنێکی دیکەی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە بەڕێوەیە. ئایا چی روودەدات ئەگەر کارێکی لەوجۆرە رووبدات؟ هەروەها ئایا پرۆسەی ئاشتی کۆتایی هاتووە؟
مه‌سرور بارزانی: ئێمه ئێستا باس لە تورکیا و سووریا دەکەین و ئێمە پشتیوانی له هیچ جۆره توندوتیژی و چاره‌سه‌رێكی سه‌ربازی و داگیركارییه‌ك له هیچ شوێنێكی ئەو ناوچەیە ناكه‌ین، به‌ڵام پێویسته ئه‌و په‌یوه‌ندیانه رێكبخرێنه‌وه و چاره‌سه‌رێكی ئاشتییانه بدۆزرێته‌وه بۆ له‌باربردنی ناكۆكییه‌كانی نێوان سووریا و توركیا، بۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌ش ئه‌مه هه‌ر دروسته.
ئێمه پشتیوانی دیالۆگێكی بونیاتنه‌ر له نێوان هه‌ردوو لا ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و بابه‌ته فه‌رامۆش بكه‌ین، كێشه‌كان قووڵتر ده‌بنه‌وه، چارەسەر نابن. ده‌بێت گفتوگۆ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه چاره‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه، ئه‌گه‌ر گفتوگۆ هه‌بوو، ئه‌وكات ده‌توانرێت چاره‌سه‌ری بدۆزرێته‌وه.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورکیا، ئێمه گفتوگۆی زۆرمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا هه‌بووه له‌و باره‌یه‌وه، توركیاش له وه‌ڵامدا هه‌میشه به ئێمه‌یان راگه‌یاندووه، ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كورد نییه، به‌ڵكو ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه هه‌یه. بۆیه ئەوان بەروونی جیاوازی لەنێوان کورد و پەکەکە دەکەن، ئه‌وان دەڵێن ئاماده‌ن پرسی کورد چارەسەر بکەن و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد بكه‌ن، به‌ڵام ئاماده نین گفتوگۆ و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه بكه‌ن.
با بگەڕێینەوە سووریا پێم وایە رێگەچارەیەک هه‌یه، ئه‌ویش ده‌بێت ده‌ستی ئیداره‌ی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه ببڕدرێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی بپچڕێنێت، تاوه‌كو په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بێت و كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ر بكات چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌ژێر هه‌ژموونی په‌كه‌كه هاتنه ده‌ره‌وه، هه‌ستیاری توركیاش به‌رامبه‌ر به رۆژئاوا كه‌متر ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو حاڵه‌ته‌كان راسته، چونكه هه‌ر هێزێك كه له سووریا هه‌یه هه‌موویان به‌شێك نین له په‌كه‌كه، به‌ڵكو كه‌مینه‌یه‌كن له‌گه‌ڵیدان، سه‌دان هه‌زار كه ئێستا ئاواره‌ن له هه‌رێمی كوردستانن، هیچیان په‌كه‌كه نین، بۆیه باشترین رێگه بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێكی كوردی كوردییه، بۆ ئه‌وه‌ی له په‌كه‌كه دوور بكه‌ونه‌وه و لێكتێگه‌یشتنێك له نێوانیان هه‌بێت، ئه‌وكات توركیاش كه‌متر هه‌ستیاریان دەبێت و گرژییەکانیش نەمێنن.
مارتن چولۆڤ: تۆ پێتوایە کە ئەوە رێگەیەکی گونجاو دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا کە خۆیان لە پەکەکە دووربخەنەوە کە رۆڵیان هەبووە لە شەڕی داعش بەتایبەتیش لە‌و ناوچەیە؟
مه‌سرور بارزانی: بۆچی ناکرێت؟
مارتن چولۆڤ: زۆرێک پێیانوایە، ئیدارەی رۆژئاوا جیاوازە لەگەڵ پەکەکە؟
مه‌سرور بارزانی: ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی رۆژئاوای كوردستان به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، خۆی لە پەکەکە دوونەخاتەوە ئەوە باوەڕناکەم بتوانێت گه‌شه بکات و کەسیش هاوکاریان بکات. هه‌ر كه‌سێك پێیوایه، كه هیچ رێگه‌یه‌ك نییه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی كورد له رۆژئاوا له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، ئه‌وا رووبه‌ڕووی هه‌ندێك كێشه ده‌بنه‌وه، چونكه لێره ناكۆكی زیاد ده‌كات و ئێمه‌ش ناتوانین هاوكار بین.
ئەگەریش ئەوان پێویستیان بە هاوکاری هەیە ئەوا دەبێ قبوڵی بکەن لە پەکەکە دووربکەونەوە، تاوەکو ئایندەیەکی گەشتر بۆیان بنیاتبنێن. ئه‌گه‌ر ئه‌وان هاوكارییان ده‌وێت، ده‌بێت قبووڵی بكه‌ن و ده‌ستیان له ده‌ستی په‌كه‌كه بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوویه‌كی باشیان هه‌بێت.
مارتن چولۆڤ: با بگەڕێینەوە بۆ ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان. ئەو چاکسازیانەی ئێوە دەستان پێکردووە، ئایا دەکرێ بڵێین ئێوە ناوبانگی خۆتان بەستووەتەوە بە سەرکەوتنی ئەو چاکسازییانەوە؟ چونکە ئێمە لە قۆناغێکی گرنگداین لە مێژووی مۆدێرنی هەرێمی کوردستان. هیچ رێگایەیکی دیکە نییە و دەبێ ئەو چاکسازییانە سەرکەوتوو بن. چی دەبێت ئەگەر سەرکەوتوو نەبوون؟
مەسرور بارزانی: لە راستیدا ئێمه هیچ رێگایەکی دیكەمان نییه و دەبێ چاكسازیی سەرکەوتوو بێت و سەرکەوتووش دەبێت.
مارتن چولۆڤ: چۆن ئەوەندە دڵنیایت؟
مەسرور بارزانی: من دڵنیام، چونكه باوه‌ڕم به خه‌ڵكی خۆمان هه‌یه و باوه‌ڕم به‌و کارانە هەیە کە ئەنجاممان داون. ئێمە روانگەکەمان هەیە و خه‌ڵكەکەمان هه‌یه و سەرچاوەکانیشمان هەیە، بۆیه شكست له چاكسازی لای ئێمه نه چاره‌سه‌رییه و نه بژارده.
مارتن چولۆڤ: ئایا کۆمەڵگاکە متمانەی بە چاکسازییەکان هەیە؟
مەسرور بارزانی: ئێمه و خه‌ڵكی كوردستان ته‌واوكاری یه‌كترین، من ناڵێم ده‌توانین هه‌موو كارێك بكه‌ین، پرسیاره‌كه ئه‌وه نییه ئێمه چی بكه‌ین و ئه‌وان چی بكه‌ن؟، به‌ڵكو پێویسته ئێمه به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین و به‌دڵنیاییه‌وه پێویستیمان به لێكتێگه‌یشتنی زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌یه و پێویسته متمانه له نێوان خۆمان وه‌ك حكومه‌ت و له‌گه‌ڵ خه‌ڵك دروست بكه‌ین، كاتێك گه‌یشتینه ئه‌و خاڵه‌ی، كه متمانه‌یه‌كی به‌هێز له نێوانمان هه‌یه، ئه‌وكات سه‌ركه‌وتن مسۆگەرە.
مارتن چولۆڤ: با بگەڕێینەوە سەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. کە پەیوەندییەکی ناسکە و چاوەڕێش دەکرێت هەر بەو ناسکییە بمێنێتەوە بەتایبەتی لە‌و پرسانەی باسمانکرد. دەتەوێت هەرێمی کوردستان چ مۆدێلێکی حکومڕانی هەبێت. لەرابردوودا بیستوومە کە باس لە کۆنفیدڕاڵی کراوە. ئایا ئەوە رێگایەکه کە ئێوە پشتیوانی دەکەن و ئەگەریش وایە، دەکرێ روونی بکەیتەوە ئەو مۆدێلە چۆن دەبێت؟
مەسرور بارزانی: ده‌مه‌وێت روونكردنه‌وه‌یه‌ك بده‌م، ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی عێراق بكه‌ین، كه ئه‌مڕۆ هه‌ندێك خه‌ڵك له‌و پانێلانه‌دا قسه‌یان له‌و باره‌یه‌وه كرد، عێراق هه‌رگیز له ئاشتیدا نه‌بووه، مه‌به‌ستم ئاشتییه‌كی ته‌واوه، چ به‌هۆی شه‌ڕ بووه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، یاخود شه‌ڕ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، ئه‌مه‌ش هۆكار بووه له‌وه‌ی عێراق كه زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده له‌سه‌رچاوه‌ی سروشتی و مرۆیی، بۆچی وڵاتێكی له‌مشێوه‌یه ئەمڕۆکە ئه‌مه چاره‌نووسییه‌تی؟ ئه‌مه‌ش یه‌ك وه‌ڵامی هه‌یه، چونكه سیسته‌مه‌كان له عێراق پشتیوانی خه‌ڵكیان نه‌بووه و نه‌یانتوانیوه ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له‌به‌رده‌ستیانه بیقۆزنه‌وه بۆ پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه، كه سیسته‌مێكی خراپ هه‌بوو، ئیداره‌کردنێکی خراپ هەبووە و حكومه‌تی باشیش نەبووە ئه‌مه‌یه دۆخی عێراق. هه‌ندێك هۆكاری دیكه‌ش هه‌بوونه، ئه‌وانیش بوونی هه‌ندێك كێشه‌ی ریشه‌یین، كه زۆرجار سیاسه‌تمه‌داران هه‌وڵیان داوه فه‌رامۆشیان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان وه‌ك پاڵه‌وان نمایش بكه‌ن گوتارێکی بەهێز پێشکەش بکەن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك پاڵه‌وان ده‌ركه‌ویت، مانای وا نییه، كه كێشه‌ی گه‌وره‌كان به‌لاوه بنێیت، كاتێكیش دێیته سه‌ر كێشه گه‌وره‌كان، تۆمه‌تبارت ده‌كه‌ن و پێت ده‌ڵێن: کە تۆ جوداخوازی و دژی سیسته‌مەکەی، به‌بڕوای من ئه‌مه كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی عێراقه.
هه‌ندێك كێشه‌ی جیدی هه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر هه‌ن، یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان ئه‌وه‌یه، تۆ دانیپێدا بنێیت، كێشه‌ت هه‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌یری جیاوازییه‌كانی نێوان پێکهاتەکان بكه‌ین و سه‌یری شوناسی خه‌ڵكی عێراق بكه‌یت، چه‌ندیان به‌ر له‌وه‌ی شتێكی دیكه بن عێراقین؟ چه‌ندیان سوننه‌ن و چه‌ندیان شیعه‌ن و چه‌ندیان کوردی عێراقین و پێكهاته‌ی دیكه‌ن؟ به‌ڵام ئایا عێراقییه‌ك هه‌یه، كه نه شیعه و نه سوننه و نه كورد بێت؟
مارتن چولۆڤ: خۆشحاڵم ئەو پرسەت وروژاند، ئه‌مڕۆش عه‌مار حه‌كیم ئاماژه‌ی به‌و بابه‌ته كرد، ئه‌وه‌ش پرسی بوونی شوناسێكی نیشتمانی، چونکە ئەویش باسی لە‌و بابەتە کرد و رایگەیاند دەبێ شوناسێکی نیشتمانی روون لە عێراقدا هەبێت. با ئەم پرسیارەت لێبکەم وەکو سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەتا تۆ کوردی یانی عێراقی؟
مه‌سرور بارزانی: من كوردم.. من كوردم.. كاتێك ئێمه قسه له‌سه‌ر سیسته‌م ده‌كه‌ین، مانای وا نییه ناتوانین له‌گه‌ڵ یه‌ك بژین، بێگومان من كوردم.. عێراق وه‌ك شوناس، وه‌ك سنوور، له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ك، كه وه‌كو ده‌وڵه‌ت دروستكراوه، ئێمە بەدڵمان بێت یان نا، دەوڵەتێکی دروستکراوە و له‌سه‌ر بنه‌ما و ره‌چاوكردنی جیاوازییه‌كان دروست نه‌كراوه، به‌ڵكو زیاتر له 100 ساڵ ده‌بێت دروست كراوه، ئێستا ئێمه له‌م وڵاته ده‌ژین، من به فه‌رمیی عێراقیم، به‌ڵام له ناو عێراقدا من كوردم، من به ناچاری له ناو عێراقدا بژیم، به‌ڵام ئه‌مه مانای چییه؟ ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه، هێشتا ده‌توانین له‌گه‌ڵ یه‌ك بژین، ده‌توانین نموونه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بێنین، ئه‌وروپییه‌كان بۆ ماوه‌ی سه‌دان ساڵ به‌یه‌كه‌وه شه‌ڕیان كرد، به‌ڵام دواجار تێگه‌یشتن له‌وه‌ی ده‌توانن به‌یه‌كه‌وه بژین، هه‌ستان یه‌كێتی ئه‌وروپایان دروست كرد و سنووره‌كانی نێوانیان كاڵتر كرده‌وه و به‌یه‌كه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانە ده‌ژین و به‌دڵنیاییه‌وه دەکرێ بتوانرێت، کە ئەندازیارێک له ئه‌ڵمانیا و ئەندازیارێک لە فەرەنسا خاڵی هاوبەشی زیاتریان هەبێت بە بەراوورد لەگەڵ دوو ئەندازیاری یەک وڵات.
ئەم جۆرە بیرکردنەوەیه پێویستە بگوازرێتەوە بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش، بەتایبەتی لە‌و ناوچانەی کوردی تێدا دەژی. ئێمە وڵاتمان هەیە، خاکمان هەیە و ناوی کوردستانە، بەڵام دابەشکراوە. لەمێژوودا به‌لایه‌نی كه‌مەوە دووجار كوردستانی گه‌وره دابه‌شكراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كراوه كراوه، چۆن ئێمه بتوانین له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و فارس و تورك به‌یه‌كه‌وه بژین، ئێمه له‌و هه‌رێمه به‌یه‌كه‌وه ده‌ژین، هیچ كه‌سێكمان ناچێت بۆ شوێنێكی دیكه، کەواتە چی سیستەمێک هەیە، بتوانێت وەکو هاوکار تەماشای یەکتر بکەین و نەک به چاوی دوژمن و هه‌ڕه‌شه سه‌یری یه‌ك بکەین و به‌ها هاوبه‌شه‌كان بدۆزینه‌وه، بۆیه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر قسه‌كه‌م، كه هۆكاره‌كه‌ی سیسته‌مه، ده‌كرێت سیستەمەکە بگۆڕین تاوەکو سیسته‌مێكی یه‌كانگیر و یه‌كگرتوومان هه‌بێت، كه بتوانێت هه‌موو جیاوازییه‌كان به‌یه‌كه‌وه كۆ بكاته‌وه.
ناچار نین هەمان هەنگاوەکانی ئەوروپا بنێینه‌وه و سەرەتا شەڕ بكه‌ین و سنوور دروست بكه‌ین و دواتر له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاشت ببینه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت ئێمه راسته‌وخۆ بچینه قۆناغی كۆتایی، به‌وه‌ی سنووره‌كان له‌نێوان خۆمان نه‌هێڵین و یه‌كتر به هه‌ڕه‌شه نه‌زانین و به‌یه‌كه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه بژین، بەڵام ئەوجۆرە بیرکردنەوانە ناکرێت بسەپێنرێت و ئه‌گه‌ر ته‌نیا كورد ئه‌و هه‌سته‌ی هه‌بێت، كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت تورك، عه‌ره‌ب و فارسه‌كان هه‌موویان ئه‌و هه‌سته‌یان هه‌بێت، كه ده‌توانین له‌گه‌ڵ یه‌ك بژین، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هه‌ر كه‌سێك له ئێمه كه جیاوازیمان هه‌یه، مافی خۆمانه شوناسی خۆمان هه‌بێت و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی خۆمان هه‌بێت، ناكرێت من هه‌مبێت و بۆ تۆش به ره‌وای نه‌بینم، ئه‌مه هه‌رگیز دادپه‌روه‌ری نییه و ئه‌م تێڕوانینه‌ش چاره‌سه‌ر و ئاشتی بۆ ناوچه‌كه ناهێنێت، كه من شتێك بۆ خۆم پێ ره‌وا بێت، ده‌بێت بۆتۆش وه‌ك مافێكی سیاسی به ڕه‌وا بزانم.
ئێمه ده‌بێت ئازا بین بۆ ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر ئه‌م كێشانه بكه‌ین، ئه‌مه كێشه‌كه‌یه، ئێمه ناكرێت ته‌نیا له‌ڕووی سیاسییه‌وه دروست بین، ده‌بێت ئێمه به دروستی كاره‌كان بكه‌ین و بیریان لێ بكه‌ینه‌وه، ئه‌مه‌ش مانای وایه كه سیسته‌مێك قبووڵ بكه‌ین و سیسته‌مێكی یه‌كگرتوو بێت.
بۆ نموونە ئەگەر باسی عێراق بکەین دەبێ سیستەمێک بێت لە لایەن شیعە و سوننە و کوردەوە قبوڵکراو بێت. ئایا ئێمە خاڵی هاوبەشمان هەیە؟ بەدڵنیایەوە خاڵی هاوبەشی زۆر هەن، به‌ڵام لەجیاتی تەماشاکردنی خاڵە ناکۆکەکان با بێین تەماشای خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوانمان بكه‌ین، له‌راستیدا ئه‌گه‌ر هاتوو جیاوازییه‌كانمان به‌لاوه‌نان و رێزمان له‌یه‌كتر گرت و خاڵه هاوبه‌شه‌كانمان كرده بنه‌مای به‌یه‌كه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ یه‌ك، ناكۆكییه‌كانی رابردوو دووباره نابنه‌وه.
ئێمه قوربانی ده‌ستی رابردووین، هیچ دڵنیاییه‌ك نییه له‌وه‌ی كه هیچ كۆمه‌ڵگه و رژێم و خه‌ڵكێك كه ده‌سه‌ڵات له عێراق ده‌گرێته ده‌ست، نابێت تاوان به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دیكه بكات یان ده‌سه‌ڵات خراپ به‌كاربهێنێت، ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكی یه‌كگرتوو هه‌بوو، كه له‌لایه‌ن هه‌موویانه‌وه رێزی لێ‌گیرا و سیسته‌مێكی گشتگیر بوو، به‌یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو لایه‌ك بكات، ئه‌وكات ئاشتی به‌رقه‌رار ده‌بێت.
ئێمه ده‌ستوورێكمان هه‌یه، نابێت رێگه بدات هێز به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان به‌كار بهێنێت، كێیه له عێراق بتوانێت لێپرسینه‌وه له سه‌رۆك وه‌زیران بكات؟ کە هێزی دژی کوردستان بەکارهێنا. ئێمه پاشایه‌تیمان تاقیكرده‌وه و دیكتاتۆریه‌تمان تێپه‌ڕاند، له فیدراڵیزم و ئۆتۆنۆمیش ژیاین، هیچ كامێك له‌مانه كاری نه‌كرد، كه‌واته بۆچی ئێمه شتێكی تازه تاقی نه‌كه‌ینه‌وه؟
نامانه‌وێت بڵێین سیسته‌مێكی نوێ له شوێنێكی تازه بهێنین، به‌ڵام ده‌توانین شتێكی تایبه‌ت بۆ خۆمان له عێراق دروست بكه‌ین، دەکرێ سیستەمێک بێت تایبەت بێت بە عێراق.
مارتن چولۆڤ: دەکرێ کۆنفیدڕاڵی بێت؟
مه‌سرور بارزانی: دەکرێ كۆنفیدراڵیەت بێت. ده‌توانین فۆڕمێكمان هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتنی هه‌رسێ پێكهاته‌كان و له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كتر قبووڵكردن بێت.
مارتن چولۆڤ: بەدرێژایی شەڕی دژ بە داعش ئەمه‌ریکا هەمیشە بە هاوپەیمانێکی پتەو مایەوە، بەڵام لەماوەی رابردوودا و لەچوارچێوەی لێدوانەکانت بەرامبەر بە ئەمه‌ریکا هەست دەکرێت، کەمێک ناڕەزایەتی پێوە دیارە؟ ئایا هێشتا واشنتن لەژێر ئەم ئیدارەیەدا بە هاوپەیمانێکی بەهێز دەبینیت؟ ئایا بەدوای وڵاتی دیکەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی هاوپەیمانی پێک‌بێنن و لێرەشدا من تەنیا باس لە وڵاتانی ناوچەکە ناکەم، بەڵکو بۆ نموونە بەهێزبوونی چین، ئایا ئەمە چی دەگەیەنێت بۆ هەرێمی کوردستان؟
مه‌سرور بارزانی: ناتوانم به‌ناوی ئه‌مه‌ریكا قسه بكه‌م، ئه‌وان خۆیان خه‌ڵكێكی زیره‌كن و ده‌زانن چی باشه بۆ ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام وه‌ك دۆستێك وه‌ك هاپه‌یمانێكی ئه‌مه‌ریكا ئێمه زۆر پێزانینمان بۆ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و هاوكاریانه هه‌یه، كه ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌رده‌می رژێمی سه‌دام و شه‌ڕی دژی داعش و قۆناغی دوای رووخانی رژێم هاوكاری ئێمه‌یان كردووه، ئێمه زۆر پێزانینمان بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش هه‌یه.. با ئه‌وه به‌لایه‌كه‌وه دابنێین، كه ئێمه پێزانینمان هه‌یه، سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له ناوچەکە، به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه تێگه‌یشتنمان هه‌یه و تێڕوانینی خۆمان بۆ سیاسەتەکانیان هەیە.
پێویسته بڵێین، دۆخی عێراق ئه‌نجامی دروستكردنی عێراق خۆی نییه، واتا ئه‌وه عێراقییه‌كان نین، كه ئه‌م بارودۆخه‌یان دروست كردبێت، به‌ڵكو به‌شێكی زۆر له هه‌ژموونی ده‌ره‌كی هه‌یه كه كاریگه‌ری له‌ناوخۆی عێراق هه‌یه. بۆیه ئه‌مڕۆ ده‌كرێت پێت بڵێت ئێمه واز ده‌هێنین و هه‌مووی بۆ خۆت جێ ده‌هێڵین، به‌ڵام دوای چی؟! عێراق هێشتا پێویستی به هاوكارییه، ئه‌م هاوكارییه پێویسته له دۆسته‌كانی عێراقه‌وه بێت، وه‌ك ئه‌مه‌ریكا، ئێمە پێمان وایە، ئەمه‌ریکا دۆستە و ئه‌م به‌شدارییه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و ناوچه‌كه ده‌توانێت گۆڕانكاری له هاوكێشه‌كاندا بكات. پێمان وایه پێویسته ئه‌مه‌ریكا هێشتا بێته ناو هاوكێشه‌كان، تا ئه‌و كاته‌ی عێراق ده‌توانێت له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت.
هه‌ر بۆشاییه‌ك له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق دروست بێت، ئه‌وا عێراقییه‌كان ناتوانن ئه‌و بۆشاییه پڕ بكه‌نه‌وه، به‌ڵكو له لایه‌ن گروپەکانی غەیرە عێراقی پڕ ده‌كرێته‌وه.
مارتن چولۆڤ: ئایا ئەمه‌ریکا هێشتا ئەو دۆستەیە، بتوانیت پشتی پێببەستیت؟
مه‌سرور بارزانی: ئەو پرسیارە لەوان بکە، ئەوەی دەتوانم بڵێم ئێمە ئەو دۆستەین کە هەموو دۆستەکانمان دەتوانن پشتی پێ ببەستن و هیواداریشم ئەوە بۆ ئەوانیش راست بێت.
بێگومان ئەمه‌ریکا بە دۆستی خۆمان دەزانین، دەمەوێت باسی خاڵێکیش بکەم کە ئەویش چینە. ئه‌گه‌ر باسی چین بكه‌ین، كه باسی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كرا، ئێستا ئه‌مه‌ریكا زیاتر فۆكه‌سی خستووه‌ته سه‌ر ركابه‌رییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ چین، نه‌ك شوێنه‌كانی دیكه، به‌ڵێ ئه‌مه بڕیاری ئه‌مه‌ریكایه، ئه‌وه ئه‌مه‌ریكایه خۆی ده‌زانێت چی بۆ وڵاته‌كه‌ی باشه ئه‌و بڕیار ده‌دات، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و بڕیارانه‌ی ئه‌مریكا ده‌یدات، به‌داخه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێمەش دەبێت، واتا ته‌نیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر خۆیان نابێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئێمه‌ش ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌یوه‌ندییان به ئێمه‌وه هه‌یه، بۆیه هه‌ر بڕیارێك كه ده‌درێت، پێویسته دڵنیایی و سه‌قامگیری دروست بكات.
ئه‌مه ئه‌ركی من نییه به ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڵێم چی بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك راستی هه‌ن، ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یان پێ بده‌م، به‌شێكی زۆر له‌وه‌ی ده‌ڵێت ئه‌مه‌ریكا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێ ده‌هێڵێت و ده‌چێته ركابه‌رییه‌وه له‌گه‌ڵ چین، ئه‌مه مانای وایه ده‌كرێت ئه‌م هه‌رێمه ببێته شوێنێك بۆ جموجۆڵکردن و چالاکبوونی ركابه‌ره‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی بێن لێره مانۆڕ بكه‌ن، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌وه ئه‌و شته‌یه كه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت؟
ئه‌گه‌ر ئه‌مه سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكایه، ئه‌وا من هیچ شتێكم نییه بیڵێم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كاریگه‌ر بن، ناكرێت راسته‌وخۆ ده‌ست له‌و بابه‌ته هه‌ڵگرن و بچنه سه‌ر بابه‌تێكی دیكه، چونكه كێشه‌كه دێته‌وه به‌رده‌می خۆیان، ئه‌گه‌ر بێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر كار بكات، ئه‌وا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنن، بۆیه پێموایه هه‌ندێك سیاسه‌تی پێویست و ته‌ندروست هه‌یه پێویسته جێبه‌جێ بكرێت و وه‌ك هاوڕێیه‌ك من ده‌مه‌وێت بڵێم، هه‌موو هاوڕێكان ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئێمه بمێننه‌وه، زۆر گرنگه بمێننه‌وه، به‌ڵام ده‌كرێت گۆڕانكاری له سیاسه‌ت و یاساكان بكرێت و رۆڵیان ببێته رۆڵی بنیاتنان، پشتیوانی، راوێژ، راهێنان و رۆڵی بنیاتنانی توانا مرۆییەکان، دەکرێ ئەمریکا لە زۆر رووەوە هاوکاری و یارمەتی عێراق بكات.
مارتن چولۆڤ: زۆر بابەت هەن دەکرێ باسیان لێوە بکەین، بەڵام ئێستا دەمەوێت باسی پرسێکی جیهانی بکەم کە ئەویش پرسێکی سروشتییە؛ پرسی گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا، هەروەکو بینیمان هەفتەی رابردوو لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەچوو. وڵاتی بچووک و گەورە کۆبوونەوە بۆ دروستکردنی خاڵی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە، بەڵام ناوچەکەی ئێوە کە بەدەست ژینگەپیسی و قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنێت و هەروەکو ئەم بەیانییە سەرۆک کۆماری ئاماژەی پێدا ناوچەکە رووبەڕووی وشکەساڵییەکی ترسناک بووەتەوە. کە پێموایە لێرەش بە هەمان شێوەیە. ئێوە چیدەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو بەتایبەتیش سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق بە تورکیا و سووریادا دێن؟
مه‌سرور بارزانی: هه‌ندێك شت هه‌یه ده‌توانین بیكه‌ین، هه‌ندێكیش هه‌یه ته‌نها خودا ده‌توانێت بیكات، ئێمه ناتوانین شتێك بكه‌ین كه خودا ویستی له‌سه‌ر نه‌بێت، ئێمە ناتوانین باران ببارێنین. له‌سه‌ر پرسی قەیرانی ئاو، به‌هۆی كه‌می ئاو و پرسی وشكه‌ساڵی، كه پار و ئه‌مساڵ روویداوه، ئه‌مه به شێوه‌یه‌كی قووڵ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه داده‌نێت، نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر عێراق به‌ڵكو هه‌موو ناوچه‌كه، ئه‌وه‌ی راستی بێت كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی ژینگه ته‌نها له‌سه‌ر عێراق نییه، به‌ڵكو قه‌یرانێكه به‌رۆكی هه‌موو جیهانی گرتووه، بۆیه ئێستا ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌كی گشتگیر بكه‌م: ئه‌گه‌ر ئێمه رێز له زەوی نه‌گرین، رێز لە ژینگە نەگرین، ئه‌وكات ژینگه و زەوی تۆڵه‌مان لێ ده‌كه‌نه‌وه، پێویسته ئێمه رێزیان لێ بگرین، بیان پارێزین، پارێزگاری له‌و ژینگه‌یه بكه‌ین كه تێیدا ده‌ژین.
ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك هه‌ست به به‌رپرسیارێتی سه‌ر شانی خۆی كرد و له مه‌ترسی نه‌بوونی ئاو تێگه‌یشت، ئه‌وا هه‌ندێك یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسانه ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌یری ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی ئاو بكه‌ین كه دێنه ناو عێراق، دوو رووباری سه‌ره‌كی هه‌یه، یه‌كێكیان له توركیاوه دێت، كه دیجله‌یه، ئه‌وی دیكه‌ش له رێگه‌ی سووریاوه دێت كه رووباری فوراته، ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌یه هه‌ن، هه‌ر رێگه گرتنێك له هاتنی ئاو بۆ عێراق، ئه‌وا كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی به‌دواوه دێت و ئه‌مه دژی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌یه كه له‌سه‌ر شانی هه‌موومانه.
نابێت هیچ كه‌سێك وا هه‌ست بكات و بڵێت من ئاوی خۆم دابین كرد و له دۆخی خۆم دڵنیا بوومه‌وه، ئه‌وكاته هه‌قم به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا نییه، كه دراوسێیه‌كه‌م چی به‌سه‌ر دێت، ئه‌وكات ده‌كرێت دراوسێكه‌ت ببێته هۆی ناسه‌قامگیری بۆ تۆ، خه‌ڵك كۆچ ده‌كات بۆ وڵاته‌كه‌ت، كێشه‌ی ئابووریت بۆ دروست ده‌بێت، توندڕه‌وی و تیرۆر سه‌رهه‌ڵده‌دات، واتا ئێمه لێره هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه له‌ناو قه‌یرانێكداین، ناكرێت ئێمه وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی دابڕاو له‌وانی دیكه سه‌یری خۆمان بكه‌ین و پێویسته بیر له ئاسایشی گشتگیر بكه‌ینه‌وه له ناوچه‌كه و ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنمان بۆ ئه‌و بابه‌ته هه‌بێت زۆر گرنگه.
بۆ نموونه ئاوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان كه ئاوه‌كه‌یان كه‌می كردووه، ئه‌گه‌ر كێشه دروست ببێت، چی رووده‌دات؟ ئه‌و خه‌ڵكانه چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه سروشتی مرۆڤه كه به‌دوای رێگه‌یه‌ك ده‌كه‌وێت له‌پێناو مانه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر قه‌یران دروست بێت، ئه‌و خه‌ڵكه كۆچ ده‌كات، بۆیه هه‌ر هۆكارێك له هۆكاره‌كان كه ده‌گیرێته به‌ر پێویسته ته‌ندروست بێت.
باشترین رێگه بۆ هاوكاریكردنی عێراق ئه‌وه‌یه، هاوكار بن له‌وه‌ی كه له‌ڕووی سرووشتییه‌وه بارودۆخی ژیانكردن چاك بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موان بتوانن باشتر بژین، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی ئه‌نجاممانداوه له‌م كابینه‌یه، هه‌ندێك کارمان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە: ئێمە بڕیارمانداوە 23 به‌نداوی قه‌باره جیاواز دروست بكه‌ین، به‌نداوی قه‌باره بچووك و مامناوه‌نده‌كان له‌ژێر دروستكردندان، به‌ڵام گه‌وره‌كان پێویستییان به بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحه، یه‌ك رێگه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه، كه ده‌بێت هێزێك هاوكار بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌نداوه‌كان دروست بكه‌ین و خه‌ڵك سوودی لێ وه‌ربگرێت.
ئه‌مه ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان نییه، به‌ڵكو هه‌موو وڵاتانی دیكه ئه‌و كێشانه‌یان هه‌یه، ئێمه پێمان وایه، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك ئاو گلبده‌ینه‌وه و هه‌ندێك به‌نداو دروست بكه‌ین، ده‌توانین به‌رگری له مانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌مان بكه‌ین و له پرسی ژینگه و كه‌شوهه‌وا و كشتوكاڵیشدا سوودی لێ وه‌ربگرین و بۆ پیشه‌سازی و گه‌شتیاریش هاوكار بێت، ئه‌مه سیاسه‌تێكه كه ئێمه پەیڕەوی ده‌یكه‌ین و هیوادارین هه‌ندێك ده‌ست پشتیوانمان هه‌بێت، كه نه‌ك ته‌نیا خزمه‌ت به ئێمه بكات، به‌ڵكو خزمه‌ت به هه‌موو خه‌ڵكی عێراق بكات.
گفتوگۆی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆڕبه‌ندی مێپس به زمانی ئینگلیزی: