تاوانەکانی شارۆچکەی بوچا لە ئۆکرانیا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هێنایە دەنگ

"ئه‌وه‌ی رووسیا به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئۆكرانیا كردوویه‌تی ته‌نها له‌ فیلمه‌ ترسناكه‌كاندا ده‌بینرێت"

K24- هه‌ولێر:

تاوانەکانی شارۆچکەی بوچا لە ئۆکرانیا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هێنایە دەنگ. وڵاتان بەتوندی ئیدانەی کۆمەڵکوژی خەڵکی ئۆکرانیا دەکەن لەلایەن سوپای رووسیاوە. داوای سه‌پاندنی سزای توند بۆ سه‌ر رووسیا دەکەن. سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند: رووسیا جینۆسایدی ئەنجامداوە. وەزیری دەرەوەش گوتی: رووسیا لە داعش خراپترە. سەرۆکی فەرەنساش ئاماژەبەوە دەکات، ئەوەی رووسیا کردوویەتی بەرگەگرتنی ئه‌سته‌مه‌. راوێژکاری ئەڵمانیاش داوا دەکات، تیمێکی تایبەتی نێودەوڵەتی هەموو تاوانەکانی رووسیا دۆکیۆمێنت بکات.

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی بوچا لە نزیك شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، دەركه‌وت كه‌ لەو شارۆچکەیە سوپای رووسیا چیکردووە، تەرمی 20 کەس لەسەر شەقامێك دەبینرێن کە دەستیان لەپشتەوە بەستراونەتەوە و کوژراون. ئەمە جیا لەوەی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا تەرمی نزیکەی 300 کەسی سڤیل دۆزرایەوە، کە لەلایەن سوپای رووسیاوە کوژرابوون.

تاوانەکە ئەوەندە مەترسیدارە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەدەنگ هێناوە، ئەمه‌ریکا، فەرەنسا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا بەتوندی ئیدانەی دەکەن و داوای سزای زیاتر بۆ رووسیا دەکەن.

ئۆلاف شوڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە راگەێندراوێکدا داوایكرد، هەموو تاوانەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا دۆکیۆمێنت بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش رێگە بدرێت تیمێکی نێودەوڵەتی رەوانەی شوێنی تاوانەکان بکرێت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئەوەی روویداوە ناتوانرێ به‌رگه‌ی بگیرێت، پیویستە رووسەکان وەڵامیان هەبێت.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا جه‌ختیكرده‌وه‌، رووسیا جینۆسایدی ئەنجامداوە.

راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: چەندین بەڵگەیان لە شارە رزگارکراوەکانی ئۆکرانیاوە دەستکەوتووە، کە تاوانی مەترسیداری لەو شێوەیە ئەنجامدراوە، کە تەنیا لە فیلمە ترسناکەکاندا بینراون.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دەڵێت: رووسیا لە داعش خراپترە.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دیمیترۆ کۆلێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا گوتی: "کۆمەڵکوژییەکەی بوچا قێزەونترین تاوانی سەدەی 21ـە بەبێ هیچ زێدەڕۆییەك ئەوەی بەچاوی خۆمان لە بوچا و شار و گوندەکانی دیکەی ئۆکرانیا بینیومانە، دەتوانین بڵێین: رووسیا لە داعش خراپترە. لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا و رووسیا سەرەڕای هەموو تاوانەکان بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە، چونکە دەزانین دەبێ ئەم تاوانانە بوەستێندرێن. ئێستا لەسەر زەوی تاوانەکانمان راگرتوون و وا ناوچەکانمان دەگرینەوە، بەڵام دەبێت لەڕووی دیپلۆماسیشەوە ئەو تاوانانە رابگرین."

دوای کشانەوەی سوپای رووسیا لە نزیك کیێڤی پایتەخت و کۆنترڵکردنەوەی چەند شار و شارۆچکەیەك لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە، ئێستا وێرانکارییەکان و قەبارەی زیانەکانی شەڕه‌کە بەتەواوی دەردەکەون.

H.B