هیچ ئاسۆیەکی رێککەوتن لە ناو شیعەکاندا بەدی ناکرێت

شاخەوان عەبدوڵا

K24 - هەولێر

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاگاداری بەشیک لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە و وەک ئەو زانیویەتی، "هیچ ئاسۆیەکی رێککەوتن لە ناو شیعەکاندا بەدی ناکرێت. جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان٢٤، باسی چەند میکانیزمیکی کرد کە بە هۆیەوە دەکرێت کورد بە یەک بەربژێری پۆستی سەرۆک کۆمار، بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان بکات.

 

کوردستان24: کەی پەرلەمانی عێراق بۆ پرسی سەرۆک کۆمار کۆدەبێتەرە؟

شاخەوان عەبدوڵا: هەوڵێک لە لایەن شیعەکانەوە هەبوو بۆ ئەوەی لە دەستپێکی وەرزی نوێی پەرلەمان، رۆژێک بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار دیاری بکرێت. هەموو لایەنێکمان دەزانین کە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران، پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی لە دەرەوەی پەرلەمان هەیە، بەڵام ئەو هێزە پێشتر لە دەرەوەی پەرلەمان شکستیان هێنابوو و نەیانتوانیبوو کەسێک وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران دیاری بکەن. لە دوای ئەوەش چوارچێوەی هەماهنگی کەوتە دۆخێکی ناخۆش و خەڵک ئێستا دەڵێن رەوتی سەدر لە گۆڕەپانەکە نەماوە و چوارچێوە بەتەنیایە، ئەدەی بۆ رێکناکەون. ئەوان لە بەردەم دوو بژاردەی قورس دان، هەندێکیان پێیوان وایە دەبی کەسانی نزیک لە رەوتی سەدر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکرێن، لایەنێکی دیکەش دەیانەوی کەسێک بێ کە هەموو شیعەکان لەسەری کۆک بن. تا ئێستا لەسەر ئەو بابەتە رێکنەکەوتوونە و هەر بۆیە گوشاری جەماوەریان لەسەرە. بۆیە ویستیان تۆپەکە فڕی بدەنە گۆڕەپانی پەرلەمان. من لە کۆبوونەوەی دوێنێ ئەوەم رەتکردەوە، بڕیاربوو رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی سەرۆک کۆمار بکرێ و ئێمەش ئەوەمان رەتکردەوە. پێمان گوتن کە سەرۆک کۆمار مافی کوردە و ناکرێ بە بێ رێککەوتنی سیاسی، دانیشتنی پەرلەمان لەبارەیەوە بەڕێوە بچێت. کەی ئەوان توانیان لەسەر پرسی سەرۆک وەزیران رێکبکەون، ئەوە خۆی دەبێتە گوشار بۆ سەر کورد و دیاریکردنی سەرۆک کۆمار.  

کوردستان24: تا کەی دەتوانن ئەمانە رەتبکەنەوە؟

شاخەوان عەبدوڵا: تا ئەو کاتەی رێککەوتنی سیاسی لەسەر دەکرێ، رەتیدەکەینەوە.  لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە، ٢٠ پڕۆژەمان دیاریکرد و ئەمانە دەخرێنە چوارچێوەی کاری پەرلەمانەوە. هەر کاتێکیش لایەنە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان رێککەوتن، رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری دەکەین.

کوردستان24: ناوی سێ کەس وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران هەیە، وەکوو کورد هیچ لارییەکتان لەسەر ئەو ناوانە هەیە؟

شاخەوان عەبدوڵا: تا ئێستا خۆیان یەکلانەبوونەتەوە، بۆیە تا ئەو کاتەی ناوەکان بە فەرمی رانەگەیەندرێن، ئیمە قسە لەسەر هیچ ناو و کەسێک و بەرنامەکەی ناکەین. ئەوان دەبی خۆیان رێکبکەون، هەرچەند رێککەونتیشیان ئەوەندە ئاسان نییە.

کوردستان24: هێڵی سوورتان بۆ هیچ کاندیدێک هەیە؟

شاخەوان عەبدوڵا: باس لە هێڵی سوور ناکەین، بەڵام هیوادارین دەست بۆ ئەو ناوانە نەبن کە کورد پێیوایە ئەوان هۆکاری ئەو قەیرانانەن. ئەوانیش بیر لەوە دەکەنەوە، کەسێک دیاری بکەن کە لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵ کورد و سوننەدا، تووشی کێشە و ئاستەنگ نەبنەوە. هیوادارین کەسێک دیاری بکەن کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هێڵی سووری لەسەر نەبێت.

کوردستان24: چوارچێوەی هەماهەنگی دەتوانێ بەو حاڵەوە کاندیدێک بۆ خۆی دیاری بکات؟

شاخەوان عەبدوڵا: دۆخی ئەوان باش نییە، ئەمڕۆ لەگەڵ بەشێک لەوان لە کۆبوونەوەدا بووین. راستە دانیشتنەکانیان بەردەوامە، بەڵام دەرکەوت هیچ ئاسۆیەکی رێککەوتن بەدی ناکەن.

کوردستان24: ئەوان لەبەرچی ناتوانن کاندیدێک دیاری بکەن؟ ئەوە پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەیە یان لە سەدر دەترسێن؟

شاخەوان عەبدوڵا: دوو بابەت هەیە، یەکەم پاراستنی بەرژەوەندی ئەو هێزانەی لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دان. لەلایەکی دیکەوە راستە کە رەوتی سەدر لە ناو پەرلەمان نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزێک نییە کە لەبەرچاوی نەگیرێت. رەوتی سەدر، رەوتێکی سیاسی و ئایینییە و ناکرێ پشتگوێ بخرێن. بچووکترین تویتی سەدر، کاریگەری لەسەر رێڕەوەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت.

کوردستان24: پارتی هەوڵ بۆ سەرخستنی کاندیدەکەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دەدات یان پشت بە سێیەکی پەکخەر دەبەستێت؟

شاخەوان عەبدوڵا: بابەتی سێ سەرۆکایەتییەکە، بوونەتە ماف و نەریتێکی سیاسی. لە ناو شیعە، گەورەترین هێز پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرتووە. لە ناو سوننەش بە هەمان شێوە، گەورەترین هێز، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرتووە. لە ناو کوردیشدا دەبی هەر بەو شێوەیە بێت. پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا، هێزی یەکەم بووە. شیعەکان چۆن دووپات لەوە دەکەنەوە کە گەورەترین هێز، پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێ، دەبی هەر بەو شێوەیە رێگە بدەن کە گەورەترین هێز لە ناو کورددا، پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت.

کوردستان24: ئێوە کامەیان هەڵدەبژێرن، سێیەکی پەکخەر یان هەوڵدان بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆک کۆمار؟

شاخەوان عەبدوڵا: وەک ئەندامیکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دانووستان لەگەڵ لایەنەکان، بەرنامەی خۆمان هەیە. جێگیرکردنی پشک و مافی کوردستان لە بەرنامەی حکومەتی داهاتوودا، کاری سەرەکیمانە و بێگومان هەوڵی سەرخستنی کاندیدی خۆسمان دەدەین.

کوردستان24: لەگەڵ یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار بەچی گەیشتوون؟

شاخەوان عەبدوڵا: تا ئێستا هەر کامەیان بەربژێری خۆیان هەیە. لە پاڵ ئەوانیش هەندێ بەربژێری دیکەش هەیە، ئەو پۆستە مافێکی نەتەوەییە نەک حزبی، بۆیە باشتر وایە بە یەک بەربژێر بچینە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە. ئێمەش هەوڵ دەدین هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان نەکرێ تا ئەو کاتەی کورد لەسەر کاندیدێک رێکبکەوێت.

کوردستان24: ئێوە بێگومان دەبی زانیاریتان هەبێ کە کورد بە یەک کاندید دەچێ یان بە کاندیدی جیاواز؟

شاخەوان عەبدوڵا: گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو فرەکاندیدییە یەکبخرێت. ئەگەر ئەو کارەش نەکرا، میکانیزمی دیکە هەیە بۆ ئەوەی ببێتە خاڵێکی ناوەند لە ناو هەر دوو لایەن و ئەویش ئەوەیە کە پێشتر کاندیدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن پەرلەمانتارە کوردەکانەوە هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی زیاتر گوزارشت لە نوێنەری کورد بکات.

کوردستان24: ئەمڕۆ هەوڵێک هەبوو گوایە سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەتەوە، ئەمە راستە؟

شاخەوان عەبدوڵا: هەر کۆبوونەوەیەک بکرێ، بە فەرمی رادەگەیەندرێ. من ناتوانم بڵێم ئەوە هەبووە، بەڵام دانیشتن هەیە و دوێنێش هەبووە.  

کوردستان24: کۆبوونەوەکەی فواد حوسێن و بافل تاڵەبانی چ ئەنجامیکی هەبووە؟

شاخەوان عەبدوڵا: پۆستی سەرۆک کۆمار یەک لەو پرسانە بووە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە. ئەگەر ئەو کۆبوونەوانە ئەنجامیان هەبێ، بە فەرمی رادەگەیەندرێت.

کوردستان24: ئەنجامەکان ئەرێنین؟

شاخەوان عەبدوڵا: یەک دیوی بابەتەکە ناخوێندرێتەوە. بۆ نموونە ئەو کاندیدانە چۆن بچنە ناو هۆلی پەرلەمان و یەکبخرێن. ئەوانە کۆمەڵیک میکانیزمیان دەوێت و ئەگەریش لەسەر کاندیدێک رێککەوتن، ڕێککەوتنەکە لەسەر چ بنەمایەک دەبێت. بۆیە ئەگەر بەشێکی ئەنجامەکە ئەرێنی بێت، رەنگە بەشێکی ئەرێنی نەبێت. هەر لەبەر ئەوەشە تا گفتوگۆکان تەواو نەبن، لەسەر ئەو بابەتانە هیچ قسەیەک ناکرێت.

کوردستان24: پارتی نایەوێت بەرهەم ساڵح ببێتەوە سەرۆک کۆمار و ئەگەر هەر کەسێکی دیکە دیاری بکرێت، دەبی بە رەزامەندی هەر دوو لایەن بێت، ئێستاش هەمان قسەتان هەیە؟

شاخەوان عەبدوڵا: بێگومان بەڕێز دکتۆر بەرهەم رێچکەیەکی خراپی گرتەبەر کە ئەویش خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە دەرەوەی خواستی هێزە سیاسییە کوردییەکان بوو. پێموایە ئەگەر ئەو کات داوای لە جەنابی سەرۆک بکردبایە، دەبوو بە تاکە بەربژێری کورد. پێمانوایە کردنەوەی ئەم دەرگایە، کارێکی زۆر خراپە و کورد نایەوێت لە دەرەوەی خواستی خۆی خەڵکی بۆ دابندرێت. ئێمە دەمانەوێت ئەوەی دەبێت بە سەرۆک کۆمار، بتوانێت بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بکات. دکتۆر بەرهەم تەنانەت لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش گرفتی زۆر گەورەی هەیە و پێیانوایە ئەو پۆستە نەتواندراوە کارا بکرێت. لە ماوەکانی رابردوودا، دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق زۆر بووە و سەروەری وڵات پێشێلکراوە، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش ئامادە نەبووە. بۆیە دەبێ کەسێک دابندرێت کە ئەو پۆستە کاربکاتەوە و رۆڵی لە یەکخستنی لایەنە سیاسییەکان هەبێت، نەک ئەوەی نێوانیان زیاتر تێکبدات.