تاران: قه‌ته‌ر ئاماده‌یه به‌نده‌رێكی بازرگانی نوێ له‌گه‌ڵ ئێران دابمه‌زرێنێت
K24 – هه‌ولێر:
جێگری سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری ئابووری، رایگه‌یاند، وه‌به‌رهێنه‌رانی قه‌ته‌ر، ئاماده‌ن به‌نده‌رێكی زیره‌كی هاوبه‌ش له بووشه‌هر درووست بكه‌ن.
موحسن ره‌زائی، له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی كاری ئابووری و به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنان له پارێزگای بووشه‌هر، گوتی: قه‌ته‌رییه‌كان ئاماده‌ن له به‌نده‌ری رویسی قه‌ته‌ر كۆگای گه‌وره درووست بكه‌ن و كاڵای هه‌نارده‌كراو له بووشه‌هره‌وه كۆگا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ به سه‌ر وڵاتانی كه‌نداودا دابه‌شی بكه‌ن.
گوتیشی: قه‌ته‌رییه‌كان ئاماده‌ن له بواری به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و دامه‌زراندنی پیشه‌سازی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی شیره‌مه‌نی له بووشه‌هر هاوكار بن و ئه‌و به‌رهه‌مه ئاژه‌ڵیانه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكرێن.
روونیكرده‌وه، زه‌وی ئێران و ده‌ستی كار و وه‌به‌رهێنه‌رانی قه‌ته‌ری له توانایاندا هه‌یه بازاڕێكی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی كه‌لوپه‌لی ئێرانی بۆ ناوچه‌كه و جیهان درووست بكه‌ن.