ناسا بە‌هێزترین مووشەکی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد

بەهێزترین مووشەکی ناسا رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا - وێنە: AFP
بەهێزترین مووشەکی ناسا رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا - وێنە: AFP

K24 - سلێمانی:

رۆژی چوارشەممە، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکی (ناسا)، لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئارتێمیس یەک، لە ویلایەتی فلۆریدا بەهێزترین مووشەکی بەرەو بۆشایی ئاسمان رەوانەکرد.

ناسا ئەو پرۆگرامە نوێیەی ناوناوە ئارتێمیس (خووشەکە دووانەکەی ئەپۆلۆ لە ئەفسانەی یۆنانیدا)، ئارتێمیس یەک کە درێژییەکەی 100 مەترە ئامانج لێی فڕێدانی کەپسولێکە بە ئاراستەی مانگ.

ئەم کەشتییە ئاسمانییە کە بە ئۆریۆن ناسراوە، بۆ ئەم فڕینەی کەشتیووانی هەڵنەگرتووە، بەڵام ئەگەر هەموو شتێک وەک ئەوە بێت کە پێویستە و پلانی بۆ دانراوە، ئەوا لە داهاتوودا کەشتیووان لەگەڵ خۆی ‌دەباتە سەر مانگ.

ساڵی 1972 جین سێرنان، گەردووناسی ئەپۆلۆ، کاتێک وەک دوایین کەس سەر رووی مانگی جێهێشت، گوتی: " بڕوام وایە کاتێکی زۆر ناخایەنێت کە دەگەڕێینەوە"، بەڵام ئەوە 50 ساڵە مرۆڤ نەچووەتەوە سەر مانگ و ئێستا دەیەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە.

کەشتیووانانی ناسا دەڵێن، ئەگەر ئارتێمس لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت، ئەوا جارێکی دیکە دەچنەوە ناوی و سەرەتا بەدەوری مانگدا دەسوڕێنەوە و پاشان لەسەری دەنیشنەوە.

بەڵام کەشتی ئاسمانی ئۆریۆن ئێستا لە رێگادایە بۆ سەر مانگ و زیاتر لە یەک ملیۆن میلی لە پێشە بیبڕێت و دواتر دەبێت بە دەوری مانگدا بسورێتەوە و پاشان بە سەلامەتی بگەڕێتەوە سەر زەوی.

ناسا دەبێت پیشانی بدات ئەم سیستەمە سەلامەتە پێش ئەوەی هەر کەشتیوانێک بچێتە ناویەوە.

ئەندازیاران نیگەرانی ئەوەن کە ئایا ئۆرۆن بەرگەی ئەو پلە گەرمییە دەگرێت کە لەکاتی گەڕانەوەی بۆ هەسارەکامان رووبەڕووی دەبێتەوە.

چونکە کەپسولەکە بە خێراییەکی زۆر کە 38 هەزار کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا دەگەڕێتەوە، ئەوەش 32 جار لە خێرایی دەنگ زیاترە.

قەڵغانی ژێرەوەی کەپسولەکە رووبەرووی پلەی گەرمییەک دەبێتە کە نزیکەی سێ هەزار پلەی سیلیزییە.