راستی وێنەی یەکەم ناوبژیوان لە مێژووی جامی جیهانییدا

.
.

K24 - هەولێر:

پاش دەستپێکردنی جامی جیهانیی 2022 – قەتەر  وێنەیەکی کۆنی رەش و سپی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، هەروەها دەنگۆی ئەوە پەیدا بووە، کە ئەمە وێنەی یەکەم ناوبژیوانی جامی جیهانییە لە مێژوودا.

لە وێنە رەش و سپییەکەدا ناوبژیوانێك و دوو یاریزان دەرکەوتوون، کە بەپێی دەنگۆکان مێژووی وێنەکە بۆ یەکەم یاری جامی جیهانی بۆ ساڵی 1930 دەگەڕێتەوە.

پلاتفۆڕمی مسبار، کە پلاتفۆڕمێکی سەربەخۆی عەرەبییە و تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەی راستیی بابەتەکان، بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە و لە هەواڵێکدا رایگەیاند، ئەمە وێنەی یەکەم یاری جامی جیهانی نییە و وێنەکە لە ساڵی 1930ـدا نەگیراوە، بەڵکو لە ساڵی 1933ـدا وێنەکە گیراوە.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی گێتی ئیمەیجس کە تایبەتە بە ئەرشیفی وێنەکان، ئاماژەی بەوەدا، لەلای راستی وێنەکەوە بەرەو لای چەپ، یارزانی نەمساوی واڵتەر ناوش، ناوبژیوانی بەلجیکی جۆن لانگێنۆس و یاریزانی سکۆتلەندی دەیڤد مێیکلێجۆن دەرکەوتوون.

.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەشکردووە، مێژووی وێنەکە بۆ 29ـی تشرینی دووەمی 1933 دەگەڕێتەوە و یارییەکەی نێوان بەلجیکا و نەمسا بە ئەنجامی 2 – 2 کۆتایی هاتووە.

هەرچەندە ناوبژیوانی بەلجیکی جۆن لانگێنۆس لە مۆندیالی 1930 ناوبژیوانی چەند یارییەک بووە، بەڵام جۆن ناوبژیوانی یەکەم یاری مۆندیال نەبووە لە مێژوودا، بەڵکو دۆمینگۆ لۆمباردی ئۆرۆگوایی یەکەم ناوبژیوانە کە لە مێژووی جامی جیهانی فیفا دامەزراوە و سەرپەرشتی یاری یەکەمی مۆندیالی 1930ی نێوان فەرەنسا و مەکسیکی کردوە.

.

جامی جیھانیی فیفا یاخود مۆندیال ئیڤێنت یان بۆنەیەکی وەرزشیی نێودەوڵەتییە کە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی جیھانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵیش لە قەتەر بەڕێوەدەچێت و تا 18ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.