لە دژی قەدەغەکردنی هەندێک کتێب کەمپینی "با ئەمەریکا بخوێنێتەوە" بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر

مانگی نیسان، مانگی کتێبخانەی نیشتمانی قوتابخانەکانە لە ئەمەریکا، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا مەترسی لەسەر هەندێک کتێب نەبووە لە وڵاتە.

بەگوێرەی گۆڤاری"فاست کۆمپانی"، یاسادانەرانی کۆمارییەکان لە ویلایەتەکانی فلۆریدا، ئەریزۆنا، ئایۆوا، تەکساس، میزۆری، پێنسیلڤانیا و بەنیازی دانانی یاسایەکن بۆ قەدەغەکردنی هەندێک کتێب لە قوتابخانەکاندا.

بۆیە ژمارەیەک کەسایەتی ناودار بەهاوکاری دامەزراوەی "CCA Foundation" کەمپەینێکیان دەستپێکردووە لە ژێر دروشمی "با ئەمەریکا بخوێنێتەوە".

ئەم کەمپەینە لەلایەن کەسانی وەک جولیا رۆبەرتس و جولیانا مارگولیس و سێلما بلێرەوە پشتیوانی دەکرێت، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی هەندێک بابەت لەم کتێبانەدا، لە وڵاتێکدا کە ئازادی رادەربڕین بە بەهایەکی باڵا دەزانێت، بۆ ئەوەی ئامۆژگاری خۆشەویستانی کتێب بکەن کە یارمەتیدەر بن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشەیە.

بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کتێبخانەی ئەمەریکی، قەدەغەکردنی کتێب لە قوتابخانەکان و کتێبخانە گشتییەکاندا لە ساڵی رابردوودا گەیشتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا، لەو کاتەوەی کۆمەڵەکە دوو دەیە لەمەوبەر دەستی بە کۆکردنەوەی داتاکان کردووە، کە 2571 کتێب کەوتوونەتە ژێر جۆرێک لە سانسۆر، لە کاتێکدا لە ساڵی 2021 دا، 1858 کتێب بوون.

لیستی ئەو ناونیشانانەی کە ئێستا لە ژێر هەڕەشەی قەدەغەکردنەکەدان، بریتین لە "چیرۆکی خزمەتکار" لە نووسینی رۆماننووس مارگرێت ئاتوود، "خۆشەویست" لە نووسینی تۆنی مۆریسۆن و "رۆژنامەی ئان فرانک".

لەم چوارچێوەیەدا مارگۆلیس کە خەڵاتی ئیمیی بەدەستهێنا بۆ کەمپەینی "با ئەمریکا بخوێنێتەوە" گوتی: مێژوو روونە، بیرۆکەی باش لە رێگەی کێبڕکێوە بەهێزتر دەبێت، هەروەک چۆن پێگەی حکومەتەکان لە رێگەی مشتومڕەوە بەهێز دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە مێژە قەدەغەکردنی کتێب میتۆدێک بوو کە سەرکردەکان بەکاریان دەهێنا و ترسیان لەوە هەبوو کە ناوەرۆک و فەرمانەکانیان بەرگەی لێکۆڵینەوە نەگرێت، پەنابردن بۆ قەدەغەکردن رێکارێکی توندوتیژییە بەهۆی لاوازییەوەیە، ئێمەش گەلێکی لاواز نین، بەرەنگاربوونەوەی قەدەغەکردنی کتێب ئەرکێکی نیشتمانییە کە هێزی خۆمان نیشان دەدات.

کەمپەینەکە ماڵپەڕێکی (LetAmericaRead.org) دروستکردووە بۆ ئەوەی داوا لە خەڵک بکات کتێبێک لە لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکانی ئەمەریکا هەڵبژێرن و ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بڵاوبکەنەوە کە گرنگی کتێبەکە بۆیان روون بکاتەوە.