محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود بۆ خه‌ڵكی كه‌ركووك: ئاماده‌ین بگەینە لاتان

محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود
محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، گەلی کورد لەسەر خاک و شار و ماڵی خۆی لە شایی و شیوەندا سەردەبڕدرێت. گوتیشی: "هەرکات و ساتێک ئاماده‌ین بگەینە لاتان".

نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی دۆخی ئه‌مشه‌وی شاری كه‌ركووك راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: " تاوانکارییەکەی ئەمڕۆی كه‌ركووك شەرمەزار دەکەین، لەهەمانکاتدا پشتیوان و هاوکار و هاوخەمی گەلەکەمانین لەشاری کەرکوک و ناوچەدابڕێنراوەکان و دووپاتیدەکەینەوە".

ئه‌مڕۆ شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێریان کرد کە ماوەی پێنج رۆژە لەلایەن گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان داخراوە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن هەندێک لە عەرەبە هاوردەکانەوە رێگای سەرەکی کەرکووک هەولێر گیراوە و بونەتە رێگر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان، لەبەرامبەردا کاربەدەستانی ئەمنی و حکومی ئەو شارە نەک هیچ لێپرسینەوەیەکیان نەکردووە، بگرە هاوکاری ئەو تاقمەش دەکەن، سەرئەنجام ئەمڕۆ هاووڵاتیانی کورد ناچارکران خۆپیشاندان سازبکەن بۆ کردنەوەی رێگاکان، کەچی حکومەت و دەسەڵاتدارانی کەرکووک تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و چەندین قوربانی و شەهیدی لێکەوته‌وه‌.

بەداخەوە کێشە و ململانێکان لە شاری کەرکووک و ناوچەدابڕێندراوەکان گەیشتوەتە ئاستێک کە هیچ جێگای قبوڵ نییە، گەلی کورد لەسەر خاک و شار و ماڵی خۆی لە شایی و شیوەندا سەردەبڕدرێت.

لەکاتێکدا تاوانکارییەکەی ئەمڕۆ شەرمەزار دەکەین، لەهەمانکاتدا پشتیوان و هاوکار و هاوخەمی گەلەکەمانین لەشاری کەرکووک و ناوچەدابڕێنراوەکان و دووپاتیدەکەینەوە، کە ئامادەین بۆ هەرکات و ساتێک بگەینە لاتان. ئەو سوکایەتییەش بە پەیکەری پێشمەرگە کرا هەرکەس و لایەنێک بێت ئەبێت باجەکەی بدات.

نووسینگەی رۆژنامەوانی

محەممەد حاجی مەحموود

2023/9/2