دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لێکۆڵینەوە لە شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک دەکرێت

وێنەی دوو شەهیدەکەی ئەمڕۆی کەرکووک
وێنەی دوو شەهیدەکەی ئەمڕۆی کەرکووک

K24 – کەرکووک:

لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان، دوو گەنجی شارەکە شەهید بوون و ژمارەیەک هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، لە خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بۆ کردنەوەی رێگەی سەرەکی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر کە ماوەی پێنج رۆژە لەلایەن گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان داخراوە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان، گەنجێک بەناوی هاوکات عەبدوڵڵا، شەهید بوو، هەروەها 11 کەسی دیکەش برینداربوون.

دواتر لە نەخۆشخانە ئارام مستەفا کە یەکێک بوو لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو، بەمەش ژمارەی شەهیدەکانی خۆپیشاندانەی ئەمڕۆی کەرکووک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بۆ دوو کەس بەرزبووەوە.

شەهید هاوکار عەبدوڵڵا پێش شەهید بوونی بۆ کوردستان24 قسەی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەو وەک کوردێک هاتووەتە خۆپیشاندانەکە نەک وەک پشتوانیکردن لە هیچ لایەنێک و داواشی کرد "ئەوەی خۆی بە کورد دەزانێت با بێت بەرگری لە کەرکووک بکات".

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە رایگەیاند، "رشتنی خوێنی رۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت" و داواشی لە سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵیش کرد، سنوورێك بۆ ئەو رێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و رێگرییە بهێندرێت كە راستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج".

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، سەرکۆنەی شەهیدکردن و بریندارکردنی هاونیشتمانیانی کورد دەکەین و داوای لە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کرد "بە پەلە کۆنترۆڵی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە بکات و سەر و ماڵی هاونیشتمانیان و خۆپێشاندەران بپارێزن و چیتر رێگە بە کەسانی نابەرپرس نەدات بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن".

لە پەیامێکی دیکەشدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ته‌قه‌كردن و ده‌ستڕێژيى چه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌رانى سڤيل ده‌كه‌ين و نانه‌وه‌ى ئاڵۆزى و پشێويى ئه‌منى له‌ كه‌ركووك، هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له‌ پێكه‌وه‌ژيان و ئاسايش و سه‌قامگيرى ده‌كات".

هاوکات کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

دوای ئەوەش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی لە رووداوەکانی ئەمڕۆی پارێزگای کەرکووک.

لە راگەیەندراوەکەدا سوودانی ئاماژە بەوەشکردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمی هەموو ئەوانە کردووەتەوە کە لە رووداوەکانی ئەمڕۆی کەرکووک رۆڵیان هەبووە و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە بۆ وەگرتنی سزای خۆیان.