دژوار فایەق: پشێوییەکانی کەرکووک ترسە لە سەرکەوتنی کورد لە هەڵبژاردندا

K24 – هەولێر:
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140، دەڵێت، هەر کاتێک باسی هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت ئاژاوە دروستدەکرێت، چونکە لە سەرکەوتنی کورد دەترسن لە هەڵبژاردندا، هاوکات دەشڵێت: هۆکاری کێشەکانی کەرکووک و شنگال جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ـە.
دژوار فایەق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140، بە کوردستان24ـی راگەیاند، خەڵکانێکی نامۆ و یاساشکێن کە خەڵکی کەرکووک نیین هاتوون رێگەی کەرکووک – هەولێریان گرتووە و سووکایەتی بە کوردستان، پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان دەکەن، هەروەها ئەوەی لە کەرکووک ئەمڕۆ روویدا کاردانەوەی ئەم ناهەقیەیە کە ئەو پێنج رۆژە بەرامبەر بە هاووڵاتییانی کورد ئەنجامدراوە.
راشیگەیاند، ئەوانەی دەستیان هەبوو لە تێکدانی دۆخی کەرکووک ئەوا ئەوان گێرەشێوێنن نەک هاووڵاتییانی کورد کە بۆ داواکردنی مافە رەواکانی خۆیان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، ئەمڕۆ بینیمان چۆن ئۆتۆمبێلەکانی بەرگری شارستانیان بەردباران کرد کە بۆ هاوکاری کردنی زیارەتکاران چووبوون، ئەوەی لە کەرکووک روودەدات فیتنە و ئاژاوەییە تەنانەت دژی حکومەتەکەی سوودانییە.
ئاماژەی بەوەشدا، پاراستنی خۆپیشاندەرانی کورد لە کەرکووک لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ، بەرگری و هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، هەروەها دەبێت رێگریبکرێت لە پشکنینی ماڵە کوردەکانی کەرکووک.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140، دەڵێت: پارتی و بارزانی هەمیشە لایەنی خێر و رێککەوتن بوونە، هەمیشە بەشێک بوونە لە چارەسەر بۆ خەڵکی کەرکووک، هەروەها خەڵکی کەرکووک قەزاری پارتی، بارزانی و پێشمەرگەیە.
باسی لەوەشکرد، هەموو کاتێک کوردستان بووەتە قەڵا بۆ هەموو ئازدیخوازانی تورکمان، عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە کە لە عێراق رایانکردووە و لە هەرێمی کوردستان خۆیان حەشارداوە.
دژوار فایەق، روونیکردەوە، تورکمان و عەرەبی رەسەنی کەرکووک دەبێت بە دوای ئەو فیتنەیەوە نەڕۆن، کەرکووک شاری برایەتی و پێکەوژیان و یەکتر قبوڵکردنە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140، گوتی: هەموو کاتێک کە باسی هەڵبژاردن دەکرێت لە کەرکووک، ئاژاوە و پشێوی دروست دەکەن، چونکە لە سەرکەوتنی کورد دەترسن، دەزانن کورد زۆرینەی دەنگەکەان دەهێنێت بۆیە هەمیشە لە رێگەی ئەم پشێوییە هەوڵدەدەن رێگری بکەن.
گوتیشی: ئێمە گووتومانە وەرن راپرسی ئەنجامبدەین ئەگەر کەرکووک زۆربەی عەرەبە با پیرۆزی عەرەب بێت و پارێزگاریش بۆخۆیان بێت، بەڵام ئەوان دەزانن کە کەرکووک زۆرینەی کوردە و هەر کورد سەرەکەوتوو دەبێت بۆیە رێگری دەکەن لەو راپرسییە.
دژوار فایەق، ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری کێشەکانی کەرکووک و شنگال جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ـە.
رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کوردی شاری کەرکووک خۆپیشاندانێکی خۆرسکانەیان ئەنجامدا دژ بە رەفتار و دژایەتییەکانی ئەو گرووپانەی چەند رۆژێکە رێگەی کەرکووک-هەولێریان داخستووە و خۆپیشاندەران رایانگەیاند، ماوەی پێنج رۆژە سوکایەتی بە پیرۆزییەکانیان دەکرێت و بەهۆی داخستنی ئەو رێگەیەوەشەوە کار و کەسابەتیان وەستاوە.
هاووڵاتییەک لە خۆپیشاندانەکە بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە بۆ کۆتاییهێنان بەو رێگری و دژایەتییانەی بەشێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و هەندێک لەلایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکانی شارەکە لە دژی کوردی دانیشتووی کورد ئەنجامی دەدەن.
خۆپیشاندەرانی کەرکووک دووپاتیانکردەوە، مەبەستی ئەوانەی ئێستا لەبەردەم باڵەخانەی داگیرکراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک کۆبوونەتەوە و دروشم دژی کورد دەڵێنەوە و ئاڵای کوردستان لەسەر ئۆتۆمبێلەکان دادەگرن، ئامانجیان داگیرکردن و دەرکردنی هەموو کوردە هاوشێوەی ئەوەی رژێمی پێشوو لە شارەکە ئەنجامیدا، بەڵام لەژێر بیانووی ئەوەی دژایەتی گەڕانەوەی پارتی دەکەن لە کاتێکدا تەنیا پارتییە بەرگری لە کوردەکانی شارەکە دەکات.