لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی کورد رێگەی کەرکووک-هەولێر کرایەوە

K24 – کەرکووک:
دوای خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بۆ کردنەوەی رێگەی سەرەکی نێوان کەرکووک-هەولێر، کەمێک پێش ئێستا ئەو مانگرتووانەی خێوەتیان هەڵدابوو بۆ داخستنی رێگەکە، شوێنەکانیان چۆڵکرد و رێگەکەش لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی کورد لە کەرکووک کرایەوە.
رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، لە خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بۆ کردنەوەی رێگەی سەرەکی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر کە ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان داخراوە، ئاڵۆزی لێکەوتەوە و لە کۆتاییدا مانگرتووەکان لەژێر فشاردا شوێنەکانیان چۆڵکرد.
پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ئەو مانگرتووانەی رێگەی کەرکووک-هەولێریان داخست بوو، خێوەتەکانیان هەڵگرتەوە و شوێنەکانیان چۆڵکردووە بەمەش رێگەی نێوان کەرکووک-هەولێر کرایەوە.
لە خۆپیشاندانەکەی کەرکووک بەپێی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بۆ کوردستان24، سێ شەهید و 12 بریندار هەن و بە دەیان گەنجی کوردیش لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک لە رەشبگیری هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، هەریەکە لە هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار و سەمەد محەممەد لە خۆپیشاندانەکەی کەرکووک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق شەهید بوون و ژمارەیەک لە بریندارەکانی دیکەش برینەکانیان سەختە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.
دوای پەیامەکانی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی لە رووداوەکانی ئەمڕۆی پارێزگای کەرکووک.
لە راگەیەندراوەکەدا سوودانی ئاماژە بەوەشکردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمی هەموو ئەوانە کردووەتەوە کە لە رووداوەکانی ئەمڕۆی کەرکووک رۆڵیان هەبووە و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە بۆ وەگرتنی سزای خۆیان.