رووداوەکانی کەرکووک بەشێکن لە پیلانی دژ بە کورد بۆ هەڵبژاردن

کەرکووک
کەرکووک

K24 – هەولێر:

پیلانەکانی دژ بە کورد لە کەرکووک بەردەوامە و بۆ دژایەتیکردنی و دوورخستنەوەی نوێنەرایەتی کورد لە پۆستە باڵاکانی پارێزگاکە، تا کار گەیشتە ئەوەی خوێنی هاووڵاتییانی کورد برژێندرێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کەوا بڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، کە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆییە لە ساڵی 2005ـەوە لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت، بەشێک لە لایەنە شۆڤێنییەکان پیلانەکانیان دژ بە کورد چڕکردووەتەوە.

ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دەسەڵاتی شارەکەی گرتووەتە دەست، بە پشتیوانی بەشێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی حەویجە و ناوچەکانی دیکەی باشووری کەرکووک، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی کورد لە بەڕێوەبردنی شارەکە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو دژایەتییەکی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.

دوای فەرمانێکی محەممەد شیاع سوودانی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.

رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە بووەتە هۆی وەستاندنی کارو کاسبییان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر کوردستان24 هەوڵێکی لایەنە عەرەبییەکانی پارێزگای کەرکووکی ئاشکراکرد بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکە کە بە لێشاو خێزانە عەرەبەکان کارتی دەنگدانیان لە ناوچە جیاوازەکانەوە بۆ بنکەکانی دەنگدان لە سەنتەری شاری کەرکووک گواستەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا کە کۆمیسیۆن دەرگای بنکەکانی بۆ تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەردان کردبووەوە، تەنیا لە یەک بنکەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سەنتەری شاری کەرکووک، لەکۆی هەزار و 300 کەس کە سەردانی بنکەکەیان کردووە، 600 کەسیان خەڵکی سنووری حەویجە و شاروشارۆچکەکانی دیکە بوونە و ناوەکانی خۆیان بۆ سەنتەری شاری کەرکووک گواستووەتەوە.

ئەم ترسەی عەرەبەکانی کەرکووک لە هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە کورد پێداگیری دەکات کە سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.

سەرژمێری ساڵی 1957 دەگەڕێتەوە بۆ پێش سیاستەکانی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی شارەکە، ئەمەش وادەکات ئەو کەسانەی دوای لەماوەی سەردەمی رژێمی پێشوو، هەروەها دوای 2003 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2016 هاتوونەتە کەرکووک، کە بەڵگەنامەکانی سەرژمێری ساڵی 1957ـدا نەبن، ناتوانن وەک هاووڵاتی کەرکووک هەژمار بکرێن و لە هەڵبژاردندا دەنگ بدەن.

ئەمەش لە ماددەی 13ـی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەو خاڵە جێگیرکراوە کە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 یەکێک بێت لە بنەماکانی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.

بەشێکی دیکە لە پیلانەکانی دژ بە کورد لە کەرکووک، دروستکردنی ئاستەنگ و هەوڵدانە بۆ داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد، جگەلە عەرەبە هاوردەکان بەبیانووی گرێبەستی کشتوکاڵی رژێمی پێشوو کە خۆیان بە خاوەنی ئەو زەوییانە دەزانن، تاپۆی رەشیان لە گیرفانی جووتیارانی کوردی کەرکووکە، لە ماوەی رابردووش، هەردوو وەزارەتی شارەوانی و بەرگریی عێراق، لە هەوڵی ئەوەدابوون سەربازگەی کۆنی سەربازی بنیاتبنێنەوە و لەسەر رووبەری چوار هەزار و 500 دۆنم زەوی جووتیارانی گوندی تۆپزاوە لە سنووری کەرکووک، یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دروست بکەن.

هەروەها لە سەرەتای وەرزی دروێنەشدا، ماوەی چەند ساڵێکە عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتی هێزەکانی فیرقەی 11ـی سوپای عێراق شەڕ بە جووتیارانی کورد دەفرۆشن و رێگەنادەن سوود لە بەرهەم و رەنجی ماندووبوونیان وەربگرن.

لە نوێترین هەوڵیشدا، لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە لەسەر سکاڵای وەسفی عاسی، سەرۆکی هۆزی عوبێد، کە لە دایکبووی شاری بەغدایە و ئێستا نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری عەرەبەکانی باشووری کەرکووک دەکات، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی راگیرا و لەبری بڕیارێکی یاسایی، لە پەیامێکی سیاسییدا، رەوایەتی بە مێوانی داگیرکەر لەسەر مافی خاوەنماڵ دەدات.

هاوکات لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، لە کارنامەی کابینەکەیدا کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا، چەندین بڕگەی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگای کەرکووک و جێبەجێکردنی ماددەی 140 جێگیرکرا، بەڵام تائێستا هیچیان جێبەجێ نەکراون.

لەوانەش، سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركووك، کارنامەکەی کابینەکەی سوودانی جه‌خت له‌سه‌ر چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی بۆ شاری كه‌ركووك كراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێكهێنانی چه‌ند فه‌وجێكی فریاكه‌وتن له‌ پۆلیسی ناوخۆیی له‌ دانیشتووی ره‌سه‌نی شاره‌كه‌ بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنی دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگای كه‌ركووك و دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستییه‌ ئه‌منییه‌كان بۆیان، بەڵام دوای نزیکەی ساڵێک لە پێکهێنانی ئەو حکومەتە، بە دەستی ئەو هێزانەی کە دەبێت بچنە دەرەوە، گەنجانی کورد خەڵتانی خوێن دەکرێن.

بەگوێرەی دەرئەنجامی بەدواداچوونی رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەموو ئەوانەی ئێستا لە کەرکووک روودەدەن، دەرئەنجامی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەیە، کە کورد زیاتر لە 110 پۆستی لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی شارەکە لەدەستداوە و لە کۆی گشتی سەرجەم فەرمانبەرانی شاری کەرکووک، کورد تەنیا رێژەی 22% پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا خۆی گەورەترین نەتەوەی پارێزگاکەیە.

لە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.

بۆ هەڵبژاردنی کۆتایی ئەمساڵیش، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی پێکهاتووە و بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، 16 هاوپەیمانی کێبڕكێ دەکەن، کورد بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بە چەند لیست و هاوپەیمانییەکی جیاواز بەشداری دەکات، جگەلە لیستی پارتیش، یەکێتی و حزبی شیوعی هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (کەرکووک، هێز و ئیرادەمانە) دروستکردووە، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (مەشخەڵی کەرکووک) دروستکردووە، نەوەی نوێش بەجیا بەشداری دەکات.