لە کەرکووک خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد دەستیپێکردەوە

K24 – کەرکووک:
بۆ ئیدانەکردنی هەڵمەتی رەشبگیری گەنجانی کورد و شەهید کردنی چوار هاووڵاتی کورد لە خۆپیشاندانەکانی 2ـی ئەیلوول لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، خۆپیشاندان لە کەرکووک دەستیپێکردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (4ـی ئەیلوولی 2023)، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد لە لە گەڕەکی شۆرجەی شاری کەرکووک خۆپیشاندانێکیان رێکخستووە بۆ ئیدانەکردنی شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی کوردی شارەکە و دەستگیرکردنی زیاتر لە 40 کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان.
خۆپیشاندەران داوای ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و کۆتاییهاتن بە سەربازگەکردنی شارەکەیان دەکەن کە چەند رۆژێکە هێزە عێراقییەکان بە چەکی قورس و ئامێری سەربازییەوە، لە گەڕەکە کوردنشینەکان بڵاوەیان پێکراوە.
بەشێک لە خۆپیشاندەران کە بۆ دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 قسەیان دەکرد، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، نابێت خوێنی شەهید و بریندارانی خۆپیشاندانەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری بەفیڕۆ بچێت و مافەکانیان بۆ نەگەڕێندرێتەوە، هەروەها داواشیان کرد چیتر رێگری نەکرێت لە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک.
رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک خۆپیشاندانێکی ئاشتییانەیان ئەنجامدا بۆ داواکردنت رێگەی کەرکووک-هەولێر، بەڵام لەلایەن هێزە عێراقییەکان بە تەقە وەڵامدرانەوە و چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر) شەهید کران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگەلە دەستگیرکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان.
رۆژی 25ـی مانگی رابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردبوو لە (1ـی ئەیلوولی 2023) بارەگای سەرەکی پارتی لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە، ئەمەش نیگەرانی لای هێزەکانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبییە شۆڤێنییەکانی شارەکە لێکەوتەوە.
دوای فەرمانەکەی سوودانیش، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.
هەروەها رۆژی یەکشەممە (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاریدا بە راگرتنی بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، جیاواز لە هەموو رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوون و بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک دەیگرێتەبەر، بۆ ئەو سکاڵایەی دژی گەڕانەوەی پارتییە بۆ کەرکووک، لە رۆژێکدا سکاڵاکەی وەرگرتووە و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و بڕیاریشی بۆ دەرکردووە. سکاڵاکەش لەلایەن وەسفی عاسی، سەرۆکی هۆزی عوبێد، کە لە دایکبووی شاری بەغدایە و ئێستا نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری عەرەبەکانی باشووری کەرکووک دەکات لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە.
لە هەمان رۆژدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، " بڕیارەکەی ئەمڕۆی 'دادگای فیدراڵی' گاڵتەجاڕییە".
هاوکات رۆژی دووشەممە (4ـی ئەیلوولی 2023)، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەنجامدانی خۆپشاندان لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بۆ کردنەوەی رێگەی نێوان هەولێر-کەرکوک؛ "دەستکراوە بە رەشبگیرییەکی هەڕەمەکی و ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراون تا ئێستا سۆراغیان دیارنییە".