بریندارێکی خۆپیشاندانەکەی کەرکووک باری تەندروستی ناجێگیرە و لە هەولێر چارەسەر وەردەگرێت

K24 - هەولێر:

محەممەد عەدنان تەمەن 31 ساڵ، یەکێکە لە بریندارەکانی خۆپیشاندانی شاری کەرکووک و بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە، شەوی رابردوو لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، لە کەرکووکەوە گواسترایەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر.

لەوبارەیەوە باوكی محەممەد، بە كوردستان24ی راگەیاند، محەممەد لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدایە و دەشڵێت، لە ئەگەری ناجێگیربوونی زیاتری باری تەندروستی بڕیاردراوە لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەری رەوانەی دەرەوە بكرێت.

هەر ئەمڕۆش د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئاگاداربوون و بەدواداچوونی باری تەندروستی، سەردانی محەممەد عەدنانی کرد.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.