یوون فووسەی نەرویجی بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب

یوون فووسە
یوون فووسە

K24 - هەولێر:

بەهۆی بوێری لە باسکردنی بابەتە هەستیارەکان لە پەخشان و شانۆنامەکانیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی ئۆکتۆبەر، نووسەری نەرویجی یوون فووسە بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەب – 2023.

یوون فووسە لە پەخشان و شانۆنامەکانیدا بە بوێرییەوە باسی ئەو بابەتانە دەکات کە "بۆ گووتن ناشێن"، لەبەرانبەر ئەمەشدا خەڵاتی نۆبڵ – 2023ـی پێ‌بەخشرا.

یوون فووسە، لە 29ـی ئەیلوولی 1959 لە شاری هاوگسوند لە نەرویج لەدایکبووە و تا ئێستا زیاتر لە 30 کتێبی نووسیووە و براوەی چەندین خەڵاتی ئەدەبییە و، خەڵاتی ئەمجارەشی لەبەرانبەر پەخشان و شانۆنامەکانی پێی بەخشراوە کە بە گوتەی لیژنەی دەستنیشانکردنی براوەی خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵ - 2023، بەشێوەیەکی "داهێنەرانە دەنگی بەخشیوە بەو بابەتانەی بۆ گووتن ناشێن".

براوەی خەڵاتی نۆبڵ بە بڕی 11 ملیۆن کڕۆنی سویدی کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار بە نرخی ئاڵوگۆری ئەمساڵ. بڕی پارەکەش لە میراتی زانای سویدی 'ئالفرێد نۆبڵ'ـەوە دابین دەکرێت کە دروستکەری خەڵاتەکەیه.

براوەی خەڵاتەکان لە 10ی کانوونی یەکەم بانگهێشت دەکرێن بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانیان کە هاوکاتە لەگەڵ کۆچیی دوایی ئالفرێد نۆبڵ.

تەنیا خەڵاتی ئاشتی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دابەشدەکرێت ئەوەش لەسەر راسپاردەی دامەزرێنەری خەڵاتەکەیە و، ئەوانی دیکە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید دابەشدەکرێن.