بە هاوكاری دامەزراوەی کوردستان کرونیکڵ چوارەمین فێستیڤاڵی (مەم و زین) بەڕێوەدەچێت

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 14/10/2023، کاتژمێر 4ی ئێوارە چوارەمین فێستیڤاڵی مەم و زین، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری هەولێر و بە هاوکاری دامەزراوەی میدیایی کوردستان کرونیکڵ لە هۆڵی میدیای هەولێر بەڕێوەدەچێت.

فێستیڤاڵەکە چەند بڕگەیەکی جیاواز لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە: دیداری (مەمەد ئۆزوون) بۆ رۆمانی کوردی بە بەشداری نووسەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان،و پێشکەشکردنی چەند پارچە میوزیک و گۆرانی لەلایەن خانمە هونەرمەندانی رۆژئاوای کوردستان (نوورشین) و (پەروین) هەروەها خەڵاتی فێستیڤاڵ بە یەکێک لە نووسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشرێت.

یاران هیوا، بەڕێوەبەری ناوەندی مەم و زین، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی24 رایگەیاند، ژمارەیەک لە رۆشنبیر و هونەرمەندی هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین فێستیڤاڵی مەم و زین بانگهێشت کراون، هەوڵیداوە زۆربەی رۆشنبیران و هونەرمەندان کۆبکەنەوە، دەشڵێت: ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە جیاوازتر دەبێت لە ساڵانی رابردوو.

باسی لەوەشکرد، بۆ هەر ساڵێک لە فێستیڤاڵ نووسەر یان رووناکبیرێک خەڵات دەکەن، بۆ ئەمساڵیش خەڵاتی فێستیڤاڵ دەبەخشن بە نووسەر و وەرگێڕێکی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان.